سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌تاڵكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان

10:25 - 2024-07-03
له‌تیف نێروه‌یی
269 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

 

له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی گروپێك سه‌باره‌ت به‌ سووتاندنی بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و كه‌ركوك. به‌شێك له‌ میدیای هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێكی ناڕه‌وای تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستنیان له‌ دژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستیپێكرد و هه‌وڵی ناوزڕاندنی هێزه‌كانی یه‌كێتیاندا، سه‌ره‌ڕای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ وته‌بێژی یه‌كێتی و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ و خستنه‌ڕووی هۆكار و مه‌ترسییه‌كانی پشت ئه‌و تۆمه‌ت و سیناریۆیه‌، كه‌چی تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌ له‌ دژی یه‌كێتی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، سه‌ره‌نجام به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی پارتی، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا ویژدانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و یه‌كێتییه‌كان و خاوه‌ن كار و دوكانداره‌كان و به‌رامبه‌ر به‌ مێژووش ئاسووده‌ كرد و له‌ڕێی میدیای فه‌رمی پارتییه‌وه‌، وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دایه‌وه‌ و وتی: ״هیچ ده‌لیلێك نییه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌پشت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ بێت، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ئه‌و راستییه‌یان سه‌لماندووه‌״.
هه‌روه‌ك به‌م هه‌ڵوێسته‌ سه‌لماندی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌قامگیریی سیاسیی هه‌رێمدایه‌، نه‌ك لێكترازانی ناوماڵی كورد.
دیسانه‌وه‌ به‌و په‌یامه‌ نیگه‌رانییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ سنووری ده‌ڤه‌ری سه‌وز ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ دوێنێوه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج و هه‌وڵی ناوزڕاندنیان ده‌درێت.
ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ به‌ دوو لیوای سه‌ر به‌ یه‌كه‌ی 70 و به‌ 7 لیوای هاوبه‌ش له‌ سنووری پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر هاوسنوور له‌گه‌ڵ پارێزگای نه‌ینه‌وا خاكی كوردستان و سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ ده‌پارێزن. هێزێك كه‌ له‌ سنووری گه‌رمیان و سلێمانی  و پشده‌ر و بیتوێنه‌وه‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر ببڕێت و بچێته‌ سنووری نێوان دهۆك و نه‌ینه‌وا و ژیانی خۆیان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌پێناوی ئارامی و سه‌قامگیریی وڵاتدا، شایسته‌ی رێزلێنانه‌ نه‌ك ناوزڕاندن.
جگه‌ له‌وه‌، ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش بدركێنین كه‌ راسته‌ هێزه‌كانی ده‌ڤه‌ری سه‌وز ناوی یه‌كێتییان له‌سه‌ره‌، به‌ڵام هه‌موو هێزه‌كان سه‌ر به‌ یه‌كێتی نین، له‌دوای جیابوونه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و تا دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌نگیان به‌ حزبه‌كانی دیكه‌ داوه‌. بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی له‌م سنووره‌ پێشمه‌رگه‌ بێت، ئه‌ندامی یه‌كێتی بێت.

وتارەکانی نوسەر