بۆ پێویستە گرنگی بە شانۆی دیاسپۆرا بدرێت؟

10:27 - 2024-07-04
بەكر فەرەج
455 خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ رۆژ ئامادەی دووەمین دیمانەی شانۆی دیاسپۆرا لە شاری هالەی ئەڵمانیا بووین، لەم دیمانەیەدا هونەرمەندانی شانۆكاری كورد و وڵاتانی تری وەك نەمسا و هۆڵەندا و بەلجیكا ئامادەبوون و چەندین كۆڕ و وۆرك شۆپ و شانۆ نمایش كرا و سروشتێكی هونەری بە دیمانەكە درا. 
ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدرێت خزمەتكردنی میوانانی ئامادەبوو لەلایەن كاروانی عەلی مەجۆل  سەرۆكی دیمانەكە و خێزانە میهرەبانەكەیەوە بوو، كە بە راستی ماڵەكەی ببووە لانەی هونەرمەندان و گروپی ئامادەبووان بوو كە لەسەر ئەركی خۆیان خزمەتی بێوێنەیان دەكرد، دەبێت لێرەدا دەستخۆشی لە هاوڕێ هونەرمەندەكانمان بكەین  كە بۆردی دیمانەی شانۆی دیاسپۆرا بوون، د. نیگاری حەسیب قەرەداغی و مامۆستا فرمێسك مستەفا و هاوڕێیانمان لە گروپی كابارێتی، كاروان و رزگار مونزیر و هیوا عەونی كە سەركەوتووانە ئیدارەی دیمانەكەیان بەڕێوەدەبرد، زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بكرێت لەگەڵ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان هیچ هاوكارێكی ماددی و مەعنەوی ئەم دیمانەیە نەبوون، بەڵام هاوڕێیانمان لە بۆردی دیمانە هیواخواز بوون لە سێهەمین دیمانە و ساڵی ئایندەدا وەزارەتی رۆشنبیری هاوكار و هەماهەنگییان بێت، لەبەر ئەوەی ئەم دیمانەیە و گروپی كابارێتی لە لایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە مۆڵەتی پێدراوە، بۆیە بۆ ساڵی ئایندە زۆر باش دەبێت گەر وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتەكەی خۆشمان هاوكاریی مادیی و مەعنەوی بێت.  هاوڕێیانمان لە بۆردی بەڕێوەبردنی دیمانە سوپاسی ئەو كەسایەتی و لایەنانەیان كرد كە یارمەتیاندان بۆ ئەنجامدانی دیمانەكە، پێویستە سوپاسی تایبەتی د. هەڤاڵ ئەبوبكر بكرێت كە پاڵپشتی خۆیی و  پارێزگای سلێمانی دەربڕی و وتاری نارد و لە دیمانەكەدا پێشكەش بە ئامادەبووان كرا، بەهیوام پارێزگای هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە-ش هاوكار و هەماهەنگی بن و ئامادەییان هەبێت بۆ ساڵی ئایندە، ئەوەی پێویستە بوترێت بۆ ئەم دیمانەیە حكومەتی ئەڵمانی و وەزارەتی كەلتور و رۆشنبیری ئەڵمانیا هیچ فەندێكی مادی پێشكەش بەم دیمانەیە نەكردووە و هەموو تێچووەكەی لەسەر ئەركی هاوڕێیانمان لە گروپی كابارێتی بووە جگە لە چەند كەسانێكی كەمی ناو كوردستان و  لە هەندێك سپۆنسەری كەمی تاكەكەسی و دڵسۆزانی كوردانی تاراوگەی شاری هالەی ئەڵمانیا نەبێت، كە بە راستی حكومەتی هەرێم دەبوایە لە هەمووان زیاتر خزمەتی بەم دیمانەیەی بكردایە.
 دیارە ئەو هاوڕێیانەمان لە گروپی كابارێتی خۆیان وماڵ و منداڵیان و لەسەر ئەركی خۆیان ئەم دیمانەیەیان ئەنجام داوە، من وێڕای داوای ماندونەبوونیم بۆ هاوڕێیانم، دەستخۆشییان لێدەكەم بە هیوای ئەوەی ساڵی ئایندە حكومەتی هەرێم بەجدی هەماهەنگی ماددی و مەعنەوی بێت.

وتارەکانی نوسەر