ستونی کراوە

وەرگێڕان بە رێسای ژنی عەرەب و مریشک فرۆشی کورد

10:37 - 2024-07-10
وتار
181 خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

 

ئەرکی بەڕێوەبردنی لاپەڕەی رۆژنامەی رۆژانە چەندە ئەرکێکی قورسە، هێندەش خۆش و پڕ چێژە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بەعەشقەوە تێکەڵاو بە پیشەکە دەبن.
چەندەش لەڕووی ئەخلاقییەوە بەرپرسیارێتییە و مرۆڤ ماندوو دەکات، هێندەش وێستگە و کاتی خۆشی تێدایە کە زۆر جار دەبێتە مایەی لەبیرنەچوونەوەی ئەو وێستگە و رووداوانە لای ئامادەکاری لاپەڕەکان. ئەگەر ئامادەکارەکە خۆی گەنجینەیەکی زمانزانی و مەعریفەی هەبێت.
هەندێکجار بابەتی وەرگێڕدراو لە زمانی بێگانەوە بەشێک لە لاپەڕەکانی رۆژنامە داگیر دەکات، جا کەم بێت یان زۆر ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام بۆ هەندێک بابەت ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نووسەر و ریپۆرتەر هەر ناچار دەبێت پەنا بۆ سەرچاوەی بێگانە ببات، بەڵام لێرەوە ئەو نوکتەیە دەستپێدەکات و دەبێتە ئەو رووداو و وێستگانەی لە بیرەوەریی ئامادەکاری لاپەڕە و موحەریردا وەک نوکتە دەمێننەوە، چونکە هەندێکجار بەشێک لەو کەسە وەرگێڕانەی بابەت دەنێرن، لەسەر یاساو رێسای هەندێک ژنی عەرەب و هەندێک مریشک فرۆشی کورد وەرگێڕان دەکەن، کە هەڵەکەشیان بۆ راست دەکرێتەوە، لەبری سوپاس نیگەرانی دەردەبڕن و گلەیی دەکەن کە گوایە دەستکاریی بابەتەکەیان کراوە، لەکاتێکدا (قسەی خۆمان بێت) هەندێکیان لەسایەی (گۆگڵ ترانسلێت)ەوە لە هەفتەیەکدا چوار بابەت پەخش و پەرێشان دەکەن و ئامادەکاری لاپەڕەی پێوە گیرۆدە دەکات، دەبێت سەرلەبەری بابەتەکە راست بکاتەوە، ئەگەرنا هەندێکیان وەک وەرگێڕانی ئەو ژنە عەرەبانەی لێ دێت کە بانگی ژنە کوردە جیرانەکەی دەکات بە کاکە، یان هەندێک لە دوکانی مریشک فرۆشەکان لەسەر تابلۆیەک بە سپرایەک نووسیویانە (کەڵەشێری ئومەهاتمان هەیە) یان هەندێک لەو شوێنانەی نانخواردنی بەیانیان هەیە دەنووسن (لدینا فطور صباحیة) جا رەنگە بۆ ئەوان  و بگرە زۆرجار بۆ وەرگێڕی راستەوخۆی تەلەفزیۆنەکانیش ئەو هەڵانە بە ئاسایی تێپەڕببێت، بەڵام نابێت ئامادەکاری لاپەڕەی رۆژنامە بهێڵێت ئەو جۆرە هەڵانەی بەسەردا تێپەڕێت، بۆیە ئەگەر تێنەپەڕێت سەرڕای ماندووبوونەکە، دەبێتە نوکتەیەک و کەشێکی خۆش دروست دەبێت، خۆ ئەگەر تێپەڕببێت ئەوە ماندووبوونی ئامادەکاری لاپەڕەکە دەبێتە دوو هێندە.

وتارەکانی نوسەر