کاتێک دیاردەی چاویلکەی منداڵان لە گەورەکان زیاتر دەبێت...!

09:39 - 2024-07-14
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
210 خوێندراوەتەوە

جاران پێمانوابوو، چاویلکە نیشانەی قۆناغێکی دیاریکراوە لە تەمەنی مرۆڤدا کە چاوەکانی کزدەبن و وەک جارانی گەنجێتی شتەکانی چواردەور نابینێت، دەتوانین بڵێین جاران ئەگەر گەنجێک یان منداڵێک! لەلای دکتۆر چاویلکەی بۆ بنووسرایە، وەک حاڵەتێکی سەیر لێی دەڕوانرا، ئێستا بەپێچەوانەوە، لە منداڵەوە بۆ گەورە، هەمووی هاوارێتی بە دەست دابەزینی ئاستی بینین و کزبوونی چاوەکانیانەوە و ئیتر تەمەن پێوەرنابێت بۆ چاویلکە لەچاوکردن.
جێگەی پرسیارە، بۆچی چاویلکەساز هێندە زۆر بووە؟ ئێستا وەک هەر مارکە و دوکانێکی دیکە، زوو زوو لە راگەیاندنەکانەوە گوێمان لەو ریکلامە دەبێت کە دەڵێت «چاویلکەسازی فڵان، بە باشترین جۆری چاویلکە لە خزمەتتاندایە»، ئەمە جگە لەوەی لە بەرامبەردا دوکانێکی دیکە و دکتۆرێکیش لە ریکلامەکەی خۆیدا دەڵێت «چاویلکەکەت فڕێبدە بە سەردانیکردنی ئێمە». کەواتە کاتێک چاویلکە لەچاوکردن بۆ مرۆڤ ببێتە کاڵا و ماددەی بازرگانی، جێگەی خۆیەتی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و بەدوای هۆکار و چارەسەرەکانیشیدا بگەڕێین.
لە چەند رۆژی رابردوودا، لە تاقیکردنەوەی خوێندکارانی پۆلی 12ی ئەمساڵ وەک چاودێری تاقیکردنەوەکان دانرابووم، دوای ئەوەی نزیکەی 30 دەقیقەیەک دەبوو خوێندکاران پرسیاری تاقیکردنەوەیان وەرگرتبوو، دایکێک بە هەڵەداوان خۆیکرد بە خوێندنگەکەدا و چاویلکەی کوڕەکەی هێنابوو، وتی: «بەبێ چاویلکە، هیچ شتێک نابینێت»، ئەمە هانیدام بۆ وردبوونەوە لەو خوێندکارانەی دیکەش کە چاویلکە لە چاویاندا بوو، ئەگەر لێرەدا بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، لەناو داپیرە و باپیرە و خزم و کەسوکارەکانماندا، چەند کەسیان پێش پیربوون، چاویلکەیان لەچاودا بوو؟ ئێستا دەتوانین بڵێین ئیدی چاویلکە سیفات و نیشانە نییە بۆ بەساڵاچووان، ئێستا گەنجان و منداڵان بەلێشاو سەردانی چاویلکەسازەکان دەکەن!
بەخوێندنەوەیەکی دیکەش، گریمان دیاردەکە راستە و ئەو رێژە زۆرەی خەڵکی کێشەی بینینیان بۆ دروستبووە، ئایا کەس هەڵوەستەی لەسەر ئەوەکردووە بۆچی منداڵ و گەنجی ئێستای کوردستان، بەڕێژەیەکی زۆر هێزی بینینی چاوەکانیان کەمبووەتەوە و چاویان کزبووە؟
بەبڕوای ئێمە، هۆکاری یەکەم، زۆر بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانە لە تەمەنێکی کەمی منداڵییەوە، هۆکاری دووەم، کەم خەوتنە کە چاوەکانیان ناسکە و زۆر ماندووی دەکەن و دەبێتە هۆی کزبوونیان. هۆکاری سێیەمیش، کەسیان هۆشیارییەکی باش و زانستییان لەسەر ماندووکردن و ئازاردانی چاوەکانیان نییە، هۆکاری چوارەمیش، ئەوەیە کە چاودێر و رەقابەیەکی توندیان لەسەرنییە نەهێڵێت بەو ئەندازەیە هۆگری ئەم ئامێرانەببن و رۆژ و شەویان پێچەوانە بکاتەوە.
پەروەردەی دایک و باوک بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵەکانیان لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان زۆر گرنگ و پێویستە، ئاخر! لەکوێی دنیا و بە کامە زانستی دەروونی و کارئەندامزانی و پرۆگرامەکانی پەروەردە رێگەدراوە: منداڵ بۆئەوەی ژیربکرێتەوە، نەگری، نان بخوات و خۆی پاک رابگرێت و... هتد، ئامێری مۆبایل بدرێتەدەستی و ئیدی هیچ بیرکردنەوەیەک نەبێت لە دەرئەنجامە خراپەکانی و سەرداخستنی منداڵێک بەسەر تیشک و شاشەی مۆبایلێکدا بۆ چەندین سەعات و رۆژانەش چەندبارە بکرێتەوە!
تکایە.. وریای منداڵەکانتان بن و شانازی بەوەوە مەکەن لە درەنگانێکی شەودا نەخەوتووە و یاریتان لەگەڵ دەکات و دەزانێت کۆد و پاسوۆردی شاشەکانتان بکاتەوە، مەهێڵن یەکەم وشە دوای فێربوونی دایە و بابە!، ئاشنای مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیوتەربن.

وتارەکانی نوسەر