بۆئەوەی نەبین بە بۆمبێکی مرۆیی

10:34 - 2024-07-15
رۆزا دڵشاد مەریوانی
191 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

 

دەبێت لە بەرامبەر ئەو کارانەی وا لە مرۆڤ دەکەن هەستکردنی بە بەهای خۆی کەم بێت، هیچ نەبێت مووچەیەک وەربگرێت بتوانێت لەڕێگەیەوە پێداویستیی ژیانی پێ دابین بکات


رۆژانە سەر شەقامەکان پاکدەکەنەوە و خۆڵ و خاشاکی ئێمە کۆدەکەنەوە، کاتێک زۆر بێ شەرمانە لە جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەبەی ئاو یان کاغەزی خۆراک و پاشماوەی جگەرە فڕێدەدەینە دەرەوە ئەوە ئەوانن لەبەر گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا کاردەکەن، بەڵام جگە لەوەی یەکێکن لەو توێژانەی کەمترین مووچە وەردەگرن، زۆرجار لەلایەن خاوەن کارەوە مووچەکانیان چەند مانگێک درەنگ دەدرێتێ و مافەکانیان دەخورێت، ئەی ئەو باخەوان و کارگوزارانەی خەریکی جوانکردن و خزمەتکردن و ئاودانی باخچە و بلوارەکانی شارن ئەمانە و زۆر نموونەی دیکە بە بەراورد بە زۆربەمان کەمترین مووچە وەردەگرن کە ناتوانن نەک ژیانێکی شایستە بژین، بەڵکو بە زەحمەت بژێوی رۆژانەیان دابین دەکەن، کە لە راستیدا زۆربەمان ئامادەنین ئەو کارانە بکەین نە لەڕووی قورسیی ئەو کارانەوە نە لەڕووی دۆخ و ژینگەی کارەوە رازی نابین لەو جۆرە وەزیفانەدا بین، هاوکات بۆ کارێکی وا زەحمەت بەو مووچە کەمە رازی نابین، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ باشکردنی دۆخی وەزیفییان بەوەی مووچەیەکیان پێبدرێت لە ئاستی ماندووبوونی ئەواندا بێت و نابێت بەپێی پێوەرەکانی بڕوانامە و پلەی خوێندن مامەڵە لەگەڵ مووچەکانیاندا بکرێت، تا بتوانن ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.
بەپێی گەشەپێدانی مرۆیی کاتێک مرۆڤێک لە کارێک یان وەزیفەیەکدا کاردەکات و رقی لە کارەکەیەتی ئەوە وادەکات پێزانینی بۆ خودی خۆی لەئاستێکی نزمدا بێت، کە ئەوە خراپترین دۆخە مرۆڤ تێیدا بێت، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر ئەو کارانەی وا لە مرۆڤ دەکەن هەستکردنی بە بەهای خۆی کەم بێت، هیچ نەبێت مووچەیەک وەربگرێت بتوانێت لەڕێگەیەوە پێداویستی ژیانی پێ دابین بکات، لەلایەکی دیکەشەوە بەها بۆ خۆی و ژیانی بگەڕێنێتەوە، چونکە کاتێک هەستدەکات وەک تاکێک سوودی هەیە بۆ خێزانەکەی و ژیانێکی شایستە دەژی، بەوە دەتوانێت باڵانس بۆ تەندروستی دەروونی و ژیانی بگەڕێنێتەوە، بەڵام کاتێک وەک ئەوەی لە زۆربەی وڵاتان هەیە ئەو پیشە و وەزیفانەی وا لە تاک دەکەن هەست بە کەمیی بکات و پێزانینی بۆ خۆی نەبێت لە هەمانکاتدا مووچەیەکی زۆر کەم وەردەگرێت ئەوە واتای وایە لە دوو لاوە هەستی خۆبەکەمزانینی تێدا دروست دەبێت و دواجار ئەو مرۆڤانە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراویان لێدێت و ئامادە دەبن هەر کاتێک زیان بە خۆیان یان بە چواردەورەکەیان بگەیەنن و هەندێکجار کارەسات دروست دەبێت.
 هەروەها ئەی چی لەبارەی ئەو کارمەند و فەرمانبەرانەی خاوەن بڕوانامەن و مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت یان کەمدەکرێتەوە و پاشەکەوت دەکرێت؟ ئەوەی وادەکات هەندێ لەم وڵاتانەی چواردەوری ئێمە سەرەڕای زۆریی دانیشتوان یان چەندین قەیران هێشتا وەک دەوڵەتی بەهێز بمێننەوە ئەوەیە فەرمانبەرەکانیان لەکاتی خۆیدا هەموو مانگێک مووچەکانیان وەردەگرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە زۆرترین و فراوانترین توێژی کۆمەڵگە مووچەخۆری حکومەتن چەندین ساڵە بەهۆی مەسەلەی مووچەوە لە ژیانێکی ناجێگیردا دەژین و وەک بۆمبی مرۆیی بارگاویی دەکرێن و نازانرێت کەی دەتەقێنەوە.

وتارەکانی نوسەر