سوود و زیانەكانی سۆشیال میدیا لە كۆمەڵگەدا

11:03 - 2024-07-15
پ.ی.د.كاروان عەبدوڵڵا هەورامی
226 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د.كاروان عەبدوڵڵا هەورامی*



لەگرنگترین دەركەوتەی ناهەمواری ئەم فەزایە بۆ تاكی نێو خێزان، بەهەدەردانی كات و  ناهەوسەنگیی رەفتارەكانە

دونیای گریمانەیی و لە نێویدا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سیستم و مەودایەكی فراوانی گەشەكردووە كە تەواوی لایەنەكانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتوەتەوە، بارودۆخێكی زۆر دژوار و ئاڵۆزی دروستكردووە و دەستی وەرداوەتە تەواوی سێكتەرە جیاوازەكانی ژیانی مرۆڤایەتی. 
 ئەوەی پێویستە بكرێت لە بەرانبەر پێشكەوتنەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكاندا مامەڵەكردنە لەگەڵیدا بە ستراتیژ و هەنگاوگەلێك كە ئاڕاستەی كار و بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بەرەو شەقامی سوودوەرگرتن ببات لە نێو خێزان بەتایبەتی و ژیانی مرۆڤایەتی بەگشتی.
ئەم دونیا گریمانەییە نوێیە مەودایەكی فراوانی بۆ پرۆسەی فێركاری هێناوەتە بوون، هەر شتێك لە زانیاریی و بابەتی فێربوون بخوازین لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە دەتوانین دەستی پێبگەیەنین، ئەم فەزایە پەیوەندیی تاك و گروپەكانی بە ئاستی باڵا گەیاندووە و شوێن و كووچەیەك نەماوە كە نەتوانین دەستمان پێبگات. لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە مەیدانی بنكۆڵكردن و بەدواداچوو، هاوكات لێكۆڵینەوە لەسەر هەر بابەتێكی زانستیی و رەفتاری كە بمانەوێت. زیاد لەمەش فەزای مەجازی بووەتە گەورەترین مەیدانی خەرج و بەكارهێنان لە بواری فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و بوارەكانی تری ژیان كە هەر لەوەوە فۆرمی خۆیان وەردەگرن.
لــــەگـــــــــــەڵ تایبەتمــــــــەندییە پڕ گەوهــــەرییەكەی ئەم فــــــــــەزایەدا، چەندین ناهەمواری جەســــتەیـــــــی و دەروونیی بۆ تــــاكی نێو خێزان هێناوەتە ئاراوە. لەگرنگترین دەركــــــــەوتــــەی ناهەمــــــوواری ئەم فەزایە بۆ تاكی نێو خێزان، بەهەدەردانی كات و  ناهەوسەنگی رەفتــــــــارەكانە. لەلایەكی ترەوە رەخساندنی زەمینەو بارودۆخی لەبارە بۆ زیادەڕۆیی و لادان (انحراف) لە زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤایەتی بەتایبەت توندئاژۆیی و لادانی سێكسی و خەرج و مانەوەی لە خەڵوەتی واقیعیدا.
لەلایەكی ترەوە تایبەتمەندی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هەلێكی تری خستوەتە بەردەم مرۆڤایەتی كە بتوانێت لە كەمترین كات و لەدورترین شوێنی دونیاوە پەیوەندیی لەگەڵ تاك و كۆمەڵدا دروست بكات، كە پەیوەندییەكی ماڵتی میدیاییە و لە ڕێگەی دەنگ و ڕەنگ و نووسینەوە بەرقەرار دەبێت.
جگە لەمە تایبەتمەندیی زیادكردنی هەلی كار بۆ تاكی كۆمەڵگەو كردنەوەی دەرگای بازاری فراوان بە رووی كەسوكاری خەڵكدا، كە بە هەزارن كەسی خستوەتە سەركار، ئەگەر چی بازاری كلاسیكی بەرەو ئاقاری داڕمان دەبات، بەڵام هەلی كاری زۆر بەرەو پێش و زیاد بردووە. بەجۆرێك كەسانێك كە ئەم راستییەیان درك پێكردووە و توانیویانە بچنە نێو ئەو بازاڕەوە سوودی زۆریان لێبینیوەو بوونەتە بازرگان و سەرمایەداری جیهانی و سەرمایەی زۆریان بەدەستهێناوە.

*مامۆستای زانكۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر