وەرزش و چینایەتی

بۆچی وەرزشی هەژارەكان جیایە لە وەرزشی دەوڵەمەندەكان؟

11:08 - 2024-07-15
د.هێمن باقر
138 خوێندراوەتەوە

د.هێمن باقر

هەژارەكان زیاتر مەیلیان لای ئەو جۆرانەی وەرزشە كە هێز و بازوو ماسولكەی تێدا بەكاردێت و بەریەك كەوتنی جەستەیی تێدا روودەدات، لەكاتێكدا دەوڵەمەندەكان زیاتر ئەو وەرزشانە هەڵدەبژێرن كە كەمترین هێز و بازووی تێدا بەكاردێت



لەوانەیە كۆمەڵناسی فەرەنسی پییەر بۆردیۆ، یەكەم كەس بێت كە پرسی پەیوەندیی نێوان چینی كۆمەڵایەتی و وەرزشی جوڵاندبێت. بۆردیۆ بە پرسیارێكی سادە دەستپێدەكات ئەویش ئەوەیە: بۆچی تەنانەت لە كایەی وەرزشیشدا چینایەتی رەنگدەداتەوە؟
بۆردیۆ تێبینی ئەوەی كردووە تەنانەت هەژار و دەوڵەمەندەكان لە هەڵبژاردنی جۆرەكانی وەرزش جیاوازن لە یەكتریی. هەژارەكان زیاتر مەیلیان لای ئەو جۆرانەی وەرزشە كە هێز و بازوو ماسولكەی تێدا بەكاردێت و بەریەك كەوتنی جەستەیی تێدا روودەدات، لەكاتێكدا دەوڵەمەندەكان زیاتر ئەو وەرزشانە هەڵدەبژێرن كە كەمترین هێز و بازووی تێدا بەكاردێت.
لەو وەرزشانەی كە چینی هەژار و مام ناوەندی كۆمەڵگا ئەنجامی دەدەن، وەك یاری تۆپی پێ‌، بۆكسێن و زۆرانبازی و كۆنفۆ و جۆرە جیاوازەكانی هونەری بەرگریی. بەڵام كەسانی دەوڵەمەند زیاتر یاریەكانی گۆڵف و تێنسی سەرزەوی و چەند جۆرێكی دیكەی وەرزش هەڵدەبژێرن كە كەمترین هێزی بازووی تێدا بەكارێت. ئەو وەرزشانەی كە هەژارەكان ئەنجامی دەدەن هەمیشە جۆرێك لە بەریەك كەوتن و توندوتیژییان تێدایە و ریسكی گەورەشی تێدایە بۆ ژیان و تەندروستی وەرزشەوانەكە، بەڵام لە وەرزشی دەوڵەمەنداندا نە ماندووبوونی جەستەیی هەیە و نەریسكی تێدایە.
زۆربەی جار هەژارەكان وەكو پیشە و كار سەرقاڵی وەرزش دەبن و ئامانجیانە لەوێوە دەرفەتێكی باشتری ژیان و گوزەران بەدەستبهێنن و رزگاریان بكات لەو هەژارییەی تیایدان، بەڵام دەوڵەمەندەكان تەنها وەكو جۆرێك لە خولیا و ئارەزوو بۆ كات بەسەربردن وەرزش دەكەن.
كێشە گەورەكە لەوێدایە وەرزشەوانە هەژارەكان تەنها دەرفەتێكی زۆر كەمی تەمەنیان لەبەردەمدایە تا وەبەرهێنان لە جەستەیاندا بكەن و لەبوارێكی وەرزشیدا بەكاری بهێنن، بەڵام لە هەموو تەمەنی دواتریان باجی بەكارهێنانی زیادلەپێویستی جەستەییان دەدەن، ئایا بەڕێكەوتە زۆرێك لە وەرزشەوانەكان تەمەنێكی درێژیان نییە؟
لەناو جۆرە جیاوازەكانی وەرزشدا ئێستا تۆپی پێ‌ لە پێشەنگی هەرە بەچێژترین و جەماوەریترین جۆرەكانی وەرزشدایە. ئەگەر سەیربكەین بەشی زۆری ئەستێرەكانی تۆپی پێ‌ لەناو خێزان و كۆڵانە هەژارەكانەوە هاتوون، بەدەگمەن وەرزشكارێكی تۆپی پێ‌ هەڵكەوێت كوڕی خێزانێكی دەوڵەمەند بێت.
لەهەمان كاتدا وەرزش سەرهەڵداوی گەڕەكە میللی و هەژارەكانی شارە، جاران تۆپی پێ‌ بەرلەوەی ببێتە بازرگانی و بزنس، یەكێك لە هۆكارەكانی دڵخۆشكردنی خەڵكی هەژار و پەراوێزێك بوو بۆ دەربڕینی هەستی خۆش و تاقیكردنەوەی گرەوی سەركەوتن، بەڵام لەئێستادا بۆتە بزنس و سەرمایەداری ئەویشی كڕی. ئیتر كوڕە هەژارەكانی شار یاری ناكەن بۆخۆشی و شادی خۆیان، بەڵكو لە بنەڕەتدا یاری بۆ بزنسمانێك و كۆمپانیایەك دەكەن كە لە جەستە و هەستوسۆزی یاریزان و تەنانەت جەماوەرەكەش وەكو بزنس دەڕوانێت و وەبەرهێنانی لەسەر دەكات.
تۆپی پێ‌ كە جاران نیشتمانی كوڕە هەژارەكان بوو، ئێستا لە مەیدانێكی پاڵەوانبازی رۆمانی دەچێت، هەریەكە و گرە و لەسەر گلادیتۆرێك دەكات و پارە لەسەر بردنەوەی گلادیتۆرێك دادەنێت. ئێستاش وەكو جاران هەر هەژارەكان تۆپی پێ‌ دەكەن، بەڵام لەبری ئەوەی یاری بۆخۆیان بكەن، یاری بۆ بزنسمان و سەرمایەدارەكان دەكەن و بوونەتە بەشێك لە دونیای چێژ و بزنس و سەرمایەی ئەوان.

*مامۆستای زانكۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر