تۆپی پێ، كۆیلایەتی سەردەم، یان چێژی راستەقینە

11:10 - 2024-07-15
د. عومەر عەلی ئەحمەد
216 خوێندراوەتەوە

د. عومەر عەلی ئەحمەد* 




تۆپی پێ وەكو یارییەكی میللی بۆ بەسەربردنی كات و چێژ وەرگرتن لە كێبڕكێكردن گۆڕدراوە بۆ بزنسێكی بێڕەحم و ناشیرین و قێزەون، كە سەرمایەد‌اریی رۆحی لێسەندووەتەوە، چونكە مرۆڤ دەكات بەكاڵا و كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت



هەرچەندە (كارل ماركس) لەو باوەڕەدابوو، ‌كۆمەڵگە مرۆییەكان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای كۆیلایەتی دامەزراون، چونكە كۆمەڵگە و كۆیلایەتی پێكەوە لەدایكبوون، بەڵام مرۆڤایەتی لە رووبەڕووبوونەوەی دیاردەكە هەنگاوی زۆر گەورە و كاریگەری ناوە.  
لێرەدا باس و خواسەكە سەبارەت بەو كۆیلایەتیە نییە كە ئێمە ئاشنایین بە مێژووەكەی و مرۆڤ ناچار دەكرا وەكو كۆیلە بژی و ئیرادەی لێ زەوت دەكرا، بەڵكو باسەكە دەربارەی ئەو فۆرمە نوێیەی كۆیلایەتییە كە وەكو بیریارانی تیۆری رەخنەیی دەیانگوت: (بۆیەكمجارە قوربانییەكە خۆی رەزامەند بێت بەو كۆیلایەتییە) واتە قوربانییەكە وەكو كۆیلەكانی پێشوو هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادیی نادات بەڵكو شانازیی بەوەدەكات كە كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت و گرانتریین یاریزانە.
تۆپی پێ وەكو یارییەكی میللی بۆ بەسەربردنی كات و چێژ وەرگرتن لە كێبڕكێكردن گۆڕدراوە بۆ بزنسێكی بێڕەحم و ناشرین و قێزەون، كە سەرمایەد‌اریی رۆحی لێسەندووەتەوە، چونكە مرۆڤ دەكات بەكاڵا و كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت و پرۆسەی موڵكداری مرۆڤە بۆ مرۆڤ. لەمبارەوە هەردوو رۆژنامەنووس( كریستۆف گلێز و بارتێلمی) كتێبێكییان بەچاپ گەیاند بە ناونیشانی (سیستمی دڵڕفێن، كۆیلایەتی مۆدێرن و یاریزانانی ئەفریقا) كە بەدواداچوونە بۆ بازاڕی یاریزانانی تۆپی پێی ئەفریقی، ئاشكرایانكردووە، یاریزانە لاوەكانی ئەفریقا لە ئەوروپا تووشی ئیستغلالێكی ترسناك دەبن و دەبنە قوربانی فێڵ و دەستكاریكردن لەلایەن بریكاری یاریزانان و سەرۆكی یانەكان و كەسانی ترەوە.
 كێشەكە لەوەدایە كاتێك مرۆڤ دەبێتە موڵكی مرۆڤێكی تر ئیدی ویست و ئیرادەی لێدەسەندرێتەوە بۆیە ئەم كۆیلایەتییە ئارەزوومەندانە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ كۆیلایەتی لە رابردوودا، چونكە مرۆڤەكە لە هەردوو سیستمەكەدا ویستی لەدەستداوە. هەروەك نوام چۆمسكی دەڵێت:(كۆیلایەتیی كرێ یان مووچە هیچ جیاوازییەكی نییە لە كۆیلایەتیی لە رابردوودا چونكە لە رابردوودا كۆیلە دەكڕدرا و دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا خەڵك بە كرێ دەگیرێن، جیاوازییەكی گەورە نییە لە نێوان خۆفرۆشتن و خۆ بەكرێدان).
بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە لە ساڵی 1995 یاسای بۆسمان دەرچوێندرا، یاساكە سیستەمێكە كە رێگە بە گواستنەوەی ئەو یاریزانانە دەدات كە گرێبەستەكانیان «بە ئازادی» كۆتایی هاتووە، بەبێ رەزامەندیی یانە كۆنەكەی دەگواسترێنەوە، بەڵام هیچ كات ئەمە رێگر نەبووە لە بەردەم دەڵاڵ و كڕیاران و فرۆشیارانی یاریزانەكان و بەتایبەت یاریزانە ئەفریقییەكان. لەم بارەوە میشێل پلاتنی دەڵێت: بەشداریی لایەنی سێیەم لە خاوەندارێتی یاریزانەكاندا جۆرێكە لە كۆیلایەتی سەردەمی مۆدێرن و دەبێت بە تەواویی كۆتایی بێت.

*مامۆستای زانكۆ

وتارەکانی نوسەر