دەرفەتی كار بە چی بمێنێت؟

10:16 - 2024-07-16
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
170 خوێندراوەتەوە

 لە رێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار گەنج لە خولی یەكەمی راهێنانی گەنجانی هەرێمی كوردستاندا، بەڕێز وەزیری ناوخۆ، دوای ستایشكردنی گەنجان و رۆڵیان لە كۆمەڵگەدا، زیاتر لە جارێك باسیشی لە درێغی نەكردنی كابینەی 9 كرد دەرهەق بەم توێژەی كۆمەڵگە. تا ئێرە ئاساییە و با گریمانەكە وابێ كە كابینەكە قسوری نییە كە ئەمە بێشك جێی مشتومڕە.
 ئەوەی تێبینی كرا لە وتەكانیدا ئەوەیە كە دەڵێت: هەلی كار لە هەرێمی كوردستاندا یەكجار زۆرە، دۆزینەوەی ئەو هەموو(هەلی كار)ەش دەخاتە ئەستۆی گەنجان و داوایان لێدەكات كە خۆیان بیدۆزنەوە!. لەوەش زیاتر، ئەوەی لە قسەكانیدا تەواو سەرنجی راكێشاین باسكردنی بەڕێزێتی لە كارێكی حكومەت وەك ئەوەی دەسكەوتێك بێت لەكاتێكدا واتایەكی باشی نییە، بگرە بەڵگەی ئەوەیە كە پەرۆشی و پلان بۆ خستنەگەڕی دەستی كاری ناوخۆیی لە ئارادا نییە، مەبەستم لەو رستەیەیە كە دەفەرموێ: ئێمە لە حكومەت ساڵانە نزیكەی 100 هەزار فیزا بە دەستی كاری بیانی دەدەین، بۆیە هیچ بیانوویەك نییە بۆ نەبوونی هەلی كار!.
 راستی ئەوەیە، ئەو بڕە زۆرە لە پێدانی فیزا بە دەستی كاری بیانی، ئەگەر بە نیوەش ئەنجامی هەبێت، بە مانای ئەوەیە كە ساڵانە رێی دەستڕاگەیشتنی 50 هەزار گەنجی خۆمان بە هەلی كار دەگیرێت. وەزیر مەبەستێتی بڵێت: ئێوە خۆتان كار ناكەن، ئەگینا كار هەیە، واتە دەیەوێ بڵێ ئەگەر بە هەمان نرخی دەستی كاری بیانی كاربكەن، بێكار نابن!، ئەم تێگەیشتنە، لە راستیدا، زانستی و بابەتییش نییە. گەنجی وڵاتی ئێمە ئەگەر بە(200) دۆلاری مانگانە كاربكات كە نیشەو بە ئاسانی دەستناكەوێت، بەهیچ جۆرێك ناتوانێت ژیانی خۆی پێكەوە بنێ و دەبێ بژی و مەمرە، بژی. لە وڵاتاندا، ئەم دۆسێیە بە یاسا چارەسەردەكرێت، تایبەتمەندێتیی وڵات و دانیشتوانەكەی رەچاو دەكرێت. لە هەرێمدا لەبەر ئەوەی بزنس و سیاسەت و كاربەدەستان(بەشێكیان)، تێكەڵی یەكترن و لەپێناوی بەدەستهێنانی قازانجێكی زۆردا، بەدوای هەرزانترین دەستی كاردا دەگەڕێن، زیانی زۆریان لەكۆمەڵگە و چین و توێژەكانی داوە، لەم پرسەدا پەرلەمان و حكومەتیش بێدەنگ بووە ئەگەر نەڵێین تێوەگلاون!، دەنا ئەگەر بە تەماعی قازانجێكی كەمتر و بە دەستی كارێكی ناوخۆیی گرانتر دەرفەتی كار بە گەنجی خۆمان بدرێت، بۆ كار ناكەن؟.
 پێویست وابوو جەنابی وەزیر، كێشەكە لەوە قووڵتر ببینێت كە باسی دەكات، راستترین وتەشی ئەوەیە كە لە كۆتاییدا بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگەی بەستۆتەوە بە حوكمڕانییەكی باشەوە. ئێمەش دەڵێین، بە دیاریكراوی وایە. كەواتە بەڵێ درێغی هەیە. بەرژەوەندیی چینێكی بازرگانی چاوچنۆك كە پێیەكیان لەناو سیاسەتدایە، یان سیاسییە و پێیەكی لەناو كاری بازرگانیدایە، ئەوەیە كە رێ نادات حكومڕانییەكی باشیش هەبێت، ئەمەش ئەسڵی مەسەلەكەیە. 
[email protected]

وتارەکانی نوسەر