هێمن سەعید
هەرئەوەمان مابوو لەمەشدا دیموکراسیی لەکەدار بکرێت، ئەگەرچی لای ئێمە تەنها وشەیەکە و رووی سیاسیی پێ جوان دەکرێت، ئەویش لەبەر ئەوەی لە زۆربەی جیهان خواستی لەسەرە و وڵاتانی زلهێزیش بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا کردوویانەتە مەرجی رواڵەتیی بۆ مانەوەی هەر حزبێک لەدەسەڵاتدا.
دیموکراسی و هەڵبژاردن، دوو وشەن یەکتر تەواو دەکەن و پێناسەی یەک دەکەن، هەڵبژاردن واتا ملنان بۆ دەنگی زۆرینەی خەڵک بۆ دیاریکردنی کەسێک یان دەستەیەک بۆ بەڕیوەبردنی جێگەیەک، هەر بۆیەش بە نهێنی پرۆسەکە دەکرێت، تا ناکۆکیی کەسێتی و لابەلایی لێنەکەوێتەوە و کەس نەزانێت کێ دەنگی بەکێ داوە؟
پرۆسەی هەڵبژاردن لەم سەردەمەدا لە وڵاتێکدا ملیۆنان دۆلاری تێدەچێت، کاتی دەوێت، هەندێک جار تا بەڕێوەدەچێت قوربانیی لێدەکەوێتەوە بەهۆی کاروکاردانەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن. کەوابوو پێویستە دوو خاڵ بەگرنگ وەربگرین کە لەسەرەتاو لە کۆتایی پرۆسەکەدان، یەکەمیان بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیە بێ فرتوفێڵ و ساختەکاریی، دووەمیان ملکەچ بوونە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن، واتا هەموو لایەنەکان دەبێت چۆن دەچنە پرۆسەکەوە بێ گلەیی و گازندە، ئاواش دەبێت ئەنجامەکەیان لاپەسەند بێت.
سیاسییە عیراقییەکان دەزانن کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە دروستبوونی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەدەستی لیستە براوەکان و حکومەتی فیدراڵیدا نییە و دەرەکییە، بەڵام هیچیشیان لەدەست نایەت
کەرکوک بە هەڵواسراوی ماوەتەوە
لەهەموو پارێزگاکانی عیراق هەڵبژاردنی ئەنجومەی پارێزگاکان کرا و پارێزگار دیاریکرا، بەڵام لە کەرکوک تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و دوا وادەی دیاریکراویش چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە وەک مۆڵەت بۆ یەکلاییکردنەوە، لەدوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەش، تۆپەکە دەکەوێتە لای ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵی، ئەوکاتیش بەپێی خواستی دەرەکی سازشی لەسەر دەکرێت و رێز لە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ناگیرێت کە ئیرادەی خەڵکە.
هەریەک لە پێکهاتەی کورد، عەرەب، تورکمان، وەک نەتەوە لە رێگەی حزبەکانیانەوە بەشدارییان کرد، ئەنجام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی کوردی بەتەنها پێنج کورسیی بەدەستهێناوە لەکۆی 16 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک حزبێکی دیکەی کوردی دوو کورسیی بەدەستهێناوە، مەسیحییەکانیش بە یەک کورسییەوە ئامادەن لەگەڵ کورد هاوپەیمان بن.
ئەگەر کاریگەریی سیاسەتی دەرەکی بەتایبەتی تورکیا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەم شارە نەبوایە، ئەوا دەکرا ئەم سێ لایەنە، بە هەشت کورسییەوە لەگەڵ عەرەبەکان بە چوار کورسییەوە زۆرینەی ئەنجومەن بن و پارێزگارێک هەڵبژێرن لەو حزبەی کە زۆرینەی بەدەستهێناوە ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
جگە لەم حزبە، لایەنە براوەکانی دیکە چاوەڕوانی چرای سەوزی تورکمانەکانن کە لە ئەنقەرەوە بە تێپەڕبوون بە بەغدادا پێیان دەدرێت بۆ تێپەڕاندنی کێشەکە. لەهەر حاڵیکدا تورکمان نابێتە هاوپەیمان لەگەڵ ی.ن.ک، چونکە پەیوەندییەکانی ئەم حزبە دوورترە لەوەی پ.د.ک و تورکمان هەیانە لەگەڵیان.
کورد لەگەڵ عەرەب نزیکترن
پێدەچێت یەکێک یان هەردوو لیستە عەرەبییەکە لەبارتربن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی لەگەڵ کورد و مەسیحی و دۆخەکە تێپەڕێنن( ئەگەر حکومەتی فیراڵ و حزبە عەرەبییە براوەکان ئەو بوێرییەیان تێدا بێت) چونکە عەرەب پێکەوە چوار کورسییان هەیە و دەکرێت مافی ئەوەیان بدرێتێ بە شێوەی دەوری لەگەڵ کورد پارێزگار وەربگرن، دوو ساڵ بە دوو ساڵ یان ئەو چەند ساڵ و مانگەی ماوە دابەشی دووی بکەن، بەڵام هیچ رێی تێناچێت تورکمان بە دوو کورسییەوە ئەو هەموو کۆسپە دروستبکەن کە بە قورسایی خۆیان نییە، بەڵکو لە رێگەی ئەنقەرەوەیە و سەپێنراوە بەسەر حکومەتی فیراڵییەوە، سیاسییە عیراقییەکان دەزانن کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە دروستبوونی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەدەستی لیستە براوەکان و حکومەتی فیدراڵیدا نییە و دەرەکییە، بەڵام هیچیشیان لەدەست نایەت.
ئەگەرچی کوردبوونی کەرکوک حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لای ی.ن.ک شاری پێکەوە ژیانی هەمووانە