هـێزی نه‌رم

جیاوازیی نێوان گەلەکۆمەکێ و هاوپەیمانیی

09:52 - 2024-07-22
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
636 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 

دەوترێت هێز لە یەکگرتندایە، بەڵام جیهان هێزی تاک جەمسەر و تاکە زلهێزیشی بەخۆیەوە بینیووە، هەر لەبەرئەوە حوکمی موتڵەق لەسەر هیچ بابەتێک راست دەرناچێت، چونکە هەموو شتەکان رێژەیین. هەر لەسەر ئەو چەمکی یەکگرتنە با هەڵوەستەیەک بکەین کە خۆی بەمانا سادەکەی کۆبوونەوەیە لەدەوری یەکتر، یان وەک دەوترێت هەوڵی ئەوانەیە کە سەریانکردووە بەیەکدا لە پێناوی پلانێک و پیلانێکیشدا. مەبەست لە یەکگرتن لەگەڵ گەلەکۆمەکێ و هاوپەیمانێتیش هەمان تاس و حەمامە لەڕووی ماناوە، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆک و فۆرمی پیادەکردنەوە ئەم سێ کردەوەیە لەیەکتر جیاوازن. لە کردەی یەکگرتندا ئامانج پێکهێنانی هێزێکی تۆکمەترە لەوەی کەسەکان بەتەنیا هەیانە کە خۆی لە یەکگرتوویی سادەی ئەندامانی یەک خێزان یان یەک تاقم و گروپی ئایدۆلۆژیدا دەبینێتەوە. لە مەسەلەی گەلەکۆمەکێ دا زوڵم کردن لە لایەنێک روون و ئاشکرایە، چونکە مەبەست لێی قسە کردن بەیەک و کۆبوونەوەی چەند کەسێکە لە یەکێک، یان لە چەند کەسێک بۆ بەگژدا چوونەوەیان، شەڕە گەڕەک و لێدان لە کەسێک یان لایەنێکی دیاریی کراو کاری گەلەکۆمەکێ کارەکانە. سێیەم کە هاوپەیمانییە، هەوڵێکی رێکخراوترە لەوانی تر،  هەر لە ناوەکەیەوە دیارە پەیمانێک لە نێوان ئەو هێزانەدا هەیە کە لە بۆتەیەکدا یەکیانگرتووە لەپێناوی بەدەستهێنانی ئامانجێکی نێودەوڵەتیی گەورە، بۆ نموونە هێزی هاوپەیمانان لە عیراق کە بەهۆیەوە بووینە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بەناوی هەرێمی کوردستان، هەروەها هێزی هاوپەیمانیی دژی داعش کە تائەمڕۆش بەگژ تاریکترین هێزی ئەم سەردەمەدا دەچنەوە و بەرەنگاریی ئەوانە دەبنەوە کە دەیانەوێت مرۆڤ بگەڕێننەوە بۆ چاخی بەردین. هەرسێ شێوازەکە (یەکگرتن، گەلەکۆمەکێ، هاوپەیمانیی) دێرینن لەگەڵ ئەوەشدا ماناکانیان بەناو یەکدا چووە، بەتەنیا کەسانی هوشیار دەتوانن بە ئاسانیی لەیەکیان جیابکەنەوە. ئەگەر بمانەوێ هەندێ رووداوی سیاسیی وێنابکەین بۆئەوەی بەیەکێ لەم سێ چەمکە لێکی بدەینەوە، مەسەلەی کەرکوکی دوای هەڵبژاردن باشترین بابەت دەبێت بۆ شیکارییەکەمان. ئازیزان حەوت مانگ زیاترە هەڵبژاردن لە کەرکوک بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان کراوە و براوەی یەکەم و بێ رکابەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، لەوکاتەوە تائێستا شارەکە نەبووەتە خاوەنی پارێزگارێک و ئەنجامی پرۆسە دیموکراسییەکەی هەڵبژاردن هیچ رەنگدانەوەیەکی لەسەر یەکە ئیدارییەکانی کەرکوک و دۆخی گشتیی شارەکە نەبووە، دەتوانین بڵێین هەنگاوەکان لە شوێنی بەرتەسکی خۆیاندا موڕاوەحە دەکەن و خەڵکیان تووشی سەرگێژخواردن کردووە. هەوڵی زۆر و هەمەچەشن دراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لوتبەرزیی هەندێ لایەنی نەبراوە و هەندێجاریش پڕکێشیی دەستی دەرەکیی دروستیان کردووە. هەوڵەکانی پێکهاتنی لایەنەکان تا ئێستا شکستخواردوو بوون بە باش و خراپەکانیشیانەوە. دواین هەوڵی خراپ لەلایەن شەریکە ستراتیجییەکەی یەکێتی یەوە بوو کە پێی وابوو دەتوانێت بە گەلەکۆمەکێ نەک بە هاوپەیمانیی، شایەستەییە یاسایی و جەماوەرییەکەی هاوبەشە ستراتیجییەکەی زەوت بکات!   بێگومان هەر هێزێک یان پێکهاتەیەکی کەرکوک قسەی خۆی هەیە لەم قۆناغەدا وەلێ قسەی خەڵکە رەسەنەکەی کەرکوک سەنگی مەحەک دەبێت و هەر ئەو هێزە نەرمەی کەرکوکیش لە کۆتاییدا سەردەکەوێت، نەک ئەجندای دەستی دەرەکی.

وتارەکانی نوسەر