یۆنگ و دەروونزانیی یۆگا

10:28 - 2024-07-22
مەحمود شێرزاد
192 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد



یۆنگ دەڵێ لە زەینییەتی هەموو تاکێکدا ئەفسانەکان و بیرکردنەوەکانی مرۆڤەکانی پێش مێژوو ئامادەییان هەیە، لەبەرئەوەی مرۆڤ نەستی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە و پاشان ئەو نەستە هەستی کەسەکە کۆنتڕۆڵ دەکا



کارل گۆستاڤ یۆنگ ئاشقی یۆگا بوو، سێ کتێبی لەبارەی یۆگا نووسیوە، دەڵێ: (بەرە بەرە زانستیش وەکوو یۆگا پەی بە دیوە شاراوەکانی مرۆڤ دەبا، مرۆڤ  بەرەو باشە هان دەدا و لەهەموو روویەکەوە لە خراپە دووری دەکاتەوە، زانست دەتوانێ هەموو ئەو بابەتانە کە یۆگا باسیان دەکا بە شێوەیەکی زانستی بسەلمێنێت. هاوکات دەڵێ: ئێمەی خۆرئاوایی هەرگیز ناتوانین یۆگا ئەزموون بکەین، چونکە نەخوێندەوارانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، عەقڵی ئێمە رووکەش و ناسروشتییە، ناتوانێ لە زانستێک تێبگا کە بە تەواوی هەڵقوڵاوی سروشتە.
زەینی مرۆڤ لە چوار رەهەندی سەرەکی پێکدێ، یەکەم: هەست (خودئاگا) کە ناوەندەکەی (ئیگۆ – من)ە، واتا (من)ی زەینی و ناڕاستەقینە و دروستکراو، کە یۆگا بە تەواوی دەیسڕێتەوە. کاری سەرەکیی یۆگا ناسین و زانینی زەین و رەهەندەکانی زەین و کۆنتڕۆڵکردنەوەی زەینە لەلایەن ئاگاییەوە.  رەهەندی هەرە ئاشکرای زەین هەست (خودئاگایە، کاتێ یۆگا تیشک دەخاتە سەر هەست بۆی دەردەکەوێ کە نەستی هەموو کەس لە دەستی (ئاگایی ئازاد – باڵا - خوایی) دەرهاتووە و کەوتۆتە دەستی ئاگایی وارسکەیی و بیرکردنەوەی مرۆڤی سەرەتایی و ئەفسانەکانەوە (ئاگایی غەریزی)یەوە، واتە منی وارسکەیی کەسەکان بۆتە چەقی  (ئیگۆ – من)، لەبەر ئەوەیە تا ئێستا مرۆڤ نەیتوانیوە زەفەر بە لایەنی ئاژەڵیی خۆی ببات و گەشە بکا بۆ ئاستی مرۆیی و گەردوونیی، بەڵگەش ئەمەیە مرۆڤ تا ئێستا کۆیلەی وارسکەی خواردن و سێکس و دەسەڵات و ناوبانگ و ...هتدە. جگە لەمە یۆنگ دەڵێ لە زەینییەتی هەموو تاکێکدا ئەفسانەکان و بیرکردنەوەکانی مرۆڤەکانی پێش مێژوو ئامادەییان هەیە، لەبەرئەوەی مرۆڤ نەستی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە و پاشان ئەو نەستە هەستی کەسەکە کۆنتڕۆڵ دەکا، لەبەر ئەوەیە بە ئاسانی دەتوانین لە بیرکردنەوە و قسە و کرداری مرۆڤەکانی ئێستادا شوێن پێی ئەفسانەکان و بیر و کرداریی مرۆڤی هەرە سەرەتایی دەست نیشان بکەین. مرۆڤی ئێستا جل و بەرگەکانی گۆڕاوە، بەڵام بەشێکی سەرەکیی زەینییەتی دەماری لە ئەفسانەکان و بیرکردنەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکاندایە. ئا لێرەوە یۆگا دەوری سەرەکیی دەبینێ کە تا ئێستا هیچ بوارێک ناتوانێ ئەم دەورە ببینێ، ئەویش ئەوەیە یۆگا بەئاسانی دەتوانێ یارمەتی مرۆڤەکان بدا (نەست)یان خاوێن بکەنەوە و (هەست)یان لە (من) و لە بیر و کرداری ئەفسانەکان و مرۆڤی سەرەتایی و ئاستی وارسکەیی رزگار بکەن.  دووەم رەهەند: نەستی تاکەکەسی (ناخودئاگای تاکەکەسی)یە کە لە نەستی گشتی (ناخودئاگای گشتی)یەوە سەرچاوە دەگرێ، کە ئاڵۆز و تاریکە و یۆگا رووناک و خاوێنی دەکاتەوە، سێیەم: نەستی باڵا کە یۆگا و یۆنگ دەڵێن مرۆڤ تا نەستی تاکەکەسییەکەی خاوێن نەکاتەوە پەی پێ نابا و دەستی پێیڕاناگا.
رەهەندی چوارەم: نەستی باڵا یان ئەزەلی و ئەبەدیی و خواییە، هەستی مرۆڤ دەبێ ریشەی لە نەستی گەردوونیدا بێ دەنا دەبێتە کۆیلەی وارسکەکان و بیرکردنەوە سەرەتاییەکانی مرۆڤی سەرەتایی و ئەفسانەکان، مرۆڤ یان دەبێ کەرەستەیەک بێ بە دەست ئاگاییەوە یان کەرەستەیەک بێ بەدەست وارسکە ئاژەڵییەکان و بیرکردنەوە کۆن و ناڕاست و ئەفسانەکان، هەرهیز ناتوانێ هیچ یەک لەمانە نەبێ، ئێستا من بەدەست کامیانم؟!!.

وتارەکانی نوسەر