حەوت چارەسەری هەرە بەهێزی دنیا!

09:58 - 2024-07-29
مەحمود شێرزاد
168 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

لەشساغی یانی ئەوەی کەسەکە لەڕووی جەستەیی و زەینی و سۆزدارییەوە بێ کێشە بێ، واتە نە نەخۆشی و نە لەشساغی تەنیا جەستەیی نین، سەرەتا زەینی، دواتر سۆزداریی و ئینجا جەستەیین


لە زانستی پزیشکی ئایورڤیدا و یۆگادا دەڵێن: (نەخۆشی بەرهەمی ناهاوسەنگییە). کاتێ لەم دوو زانستەدا باسی نەخۆشی دەکرێ مەبەست ئەوەیە چوار رەهەندی جەستەیی، زەینی (بیرکردنەوە و خەیاڵ و وێنا)، سۆزداریی (هەستەکان) و رۆح پێکەوە هاوسەنگ نین، یانی پێکەوە هاوکار نین و لەسەر یەک بەرنامە ناڕۆن. بە هەمان شێوە لەشساغی یانی ئەوەی کەسەکە لەڕووی جەستەیی و زەینی و سۆزدارییەوە بێ کێشە بێ، واتە نە نەخۆشی و نە لەشساغی تەنیا جەستەیی نین، سەرەتا زەینی، دواتر سۆزداریی و ئینجا جەستەیین، واتا نەخۆشییەکە یان لەشساغییەکە لەشوێنێکیتر کە پێی دەگوترێ زەین روویداوە، دوای ئەوە لەش دەریدەخات.
هاوسەنگی ئەم چوار رەهەندە لە ژێر کاریگەریی ئەم چەند خاڵەدایە، یەکەم: بیرکردنەوە و خەیاڵ و وێنا زەینییەکان، دووەم: هەستەکان، سێیەم: خۆراک و خواردنەوە و بڕی خواردنی خۆراک و خواردنەوەی ئاو و...هتد. چوارەم: خەو، پێنجەم: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، شەشەم: کار و چالاکییە جەستەیی و زەنییەکانی رۆژانە، حەتەم: کەش و هەوا، هەشتەم: شاشەکان، نۆیەم: کاتە جیاوازەکانی وەک بەیانی ، دوانیوەڕۆ و ...هتد، دەیەم: فریکوێنسی ئەستێرە و هەسارەکان و...هتد.
مرۆڤ وەک بەلەمە لەناو زەریادا، نەک گابەردێک بێ بە قەدی کێوێکەوە، کەواتە ئەگەر خۆیشی وەک تاکەکەس بێ کێشە بێ، بەڵام زۆر بە خێرایی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگەیەوە کە تێدا دەژی. ئەی چی بکەین باشە؟ بۆ ئەوەی هەم بۆ هۆی خۆمانەوە و هەم بە هۆی ئەوانیتر و ژینگەوە و ئاسمانەوە بە قووڵی تووشی ناهاوسەنگیی نەبین پێویستە ئەم حەوت خاڵەی لەخوارەوە ئاماژەی پێدەدەین جێبەجێ بکرێن، ئەم حەوت خاڵە، شارەزاترین پزیشک و بەهێزترین چارەسەرەکانی هەموو سەردەمەکان بوون و دەبن.  
یەکەم: تیشکی خۆر
دووەم: دانیشتن یان پاڵکەوتن لەسەر زەوی و رۆێشتن بە بەسەر زەوی خاوێندا بە پێی پەتی.
سێیەم: مەلەکردن یان چوونەناو ئاوی پاک و خواردنەوەی ئاوی پاک.
چوارەم: هەڵمژینی هەوای پاک پڕ بە هەموو سییەکان.
پێنجەم: چوونە ناو سروشتەوە
شەشەم: خۆراکی سروشتی و گونجاو لەگەڵ سروشتی لەش و کەمخۆریی.
حەوتەم: خەوی رێک و کامڵ: زوو خەوتنی شەوان و زوو هەستانی بەیانیان.
جێبەجێکردنی هەموو ئەمانە بەیەکەوە دەبێتە یۆگا!
ئەم حەوت خاڵەی لەسەرە ئاماژەیان پێکرا، دەبنە هۆی هاوسەنگیی بنەڕەتی رەهەندە جیاوازەکانی ئێمە، حەت خاڵی ئاسان و بەردەست، راستیی و چارەسەرە راستەقینەکان هەمیشە سروشتی و بەردەست و بەخۆڕایین.

وتارەکانی نوسەر