لە پەنجەرەی پەروەردەوە

پلەی سەرپەرشتیاری

11:07 - 2022-05-24
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
897 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ  فراوانبوونی یەکە کارگێڕییە پەروەردەییەکان و سنووری کار و زۆربوونی ژمارەی قوتابخانەکان، ساڵانە رادەی پێویستی بە کاری سەرپەرشتیارێتی پەروەردەیی زیاتردەبێت، چونکە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی رۆڵ و کاریگەری بەرچاوی هەیە لە جێبەجێکردنی ئەرکە جۆربەجۆرەکانی پەروەردە و لە زۆربەی کارو چالاکی و ئەرکی هەڵسەنگاندن و لیژنەو بڕیاردانەکانی نێو پەروەردە کارامەیی خۆی نواندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ کەموکوڕی نەبووە، لەبەرئەوەی کرداری سەرپەرشتیکردن ئەرکێکی بابەتی و زانستی و کارکردنە بەپێی پێوەر و شارەزایییە بڕیار لەسەر دراوەکان، بۆیە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی کەسی یان کاریگەربوون بە سۆز و هەڵچوونی لە رادەبەدەر و پێداگری لەسەر رای تایبەت و ئینکاریکردن لەسەر ئەو بابەتانەی کە خۆی پێی راهاتووە و نەگەڕانەوە بۆ رێنمایی و بڕیار و ستانداردە پەروەردەییەکان ئاکام و دەرئەنجامی پۆزەتیڤ نادەن بەدەستەوە و بەشێوەیەکی نەرێنی دەکەوێتەوە.
کەسێتی سەرپەرشتیار بەشێکی سەرەکی کاری سەرپەرشتیاریی پێکدەهێنێت، جۆری  ئەو  پێڕاهاتووییەی سەرپەرشتیار لەماوەی رابردووی کارکردنیدا پیاتێپەڕیوە زۆر کاریگەری لەسەر جۆر و ئەدای کاری سەرپەرشتیاری هەیە لە ئایندەی کارکردنیدا، کەواتە ئەو باگراوندە مەعریفی و فەرهەنگی زانیاری و چۆنیەتی و چەندایەتی بڕی رۆشنبیریی و رەفتارییەی کە سەرپەرشتیار هەڵیگرتووە دەگوازرێتەوە بۆ کاری سەرپەرشتیاریی و ئاوێتەی کارەکەی دەبێت،  لێرەدا گرنگە سەرنجێکی ورد لەو کارامەیی و بەهاڕەفتارییانە بدرێت کە کەسی پێشکەشکار بۆ پلەی سەرپەرشتیکردن هەڵیگرتووە، ئەمەش تەنها بەدەستنیشانکردنی بڕوانامە و جۆری بڕوانامەکەی یەکلایی نابێتەوە، چونکە مەرج نییە خاوەن بڕوانامەیەکی بەرزتر ئەو پێوەر و مەرجە رەفتارییانەی تێدا هەبێت کە داواکراوە لە پلەی سەرپەرشتیاریدا هەبێت، راستە گرنگە، بەڵام نابێت پێوەری یەکلاکەرەوە بێت، لە کاتێکدا هێشتا لەناو پرۆسەی پەروەردەدا خەڵکانێکی پڕ ئەزمون و شارەزاو دڵسۆز و خاوەن بەهای کرداریی و رەفتاریی و پەروەردەیی هەن، نەدەرفەتیان بۆ رەخسێنراوە بڕوانامەکانیان بەرزبکەنەوە، نە دەشتوانن لەم دەرفەتی بوون بە سەرپەرشتیارە سوودوەربگرن، لەکاتێکدا دەتوانرێت بڕوانامە بکرێت بە پێوەر کە هیچ خاوەن بڕوانامەیەکی نزمتر لە بواری کارکردنی پەروەردەییدا نەمابێت.
ئەو رێڕەوەش کە تاقیکردنەوەکانی پلەی سەرپەرشتیاریی پیاتێپەڕدەبێت، راستە تاڕادەیەکی باش گۆڕانکاری لەوەرگرتن و پاڵاوتندا بەدیهێناوە، توانیویەتی شێوازێکی بابەتی و دوور لە هەندێ دەستتێوەردان بهێنێتە کایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا تاکە پێوەر نییە بۆ زانینی ئاستی شارەزایی ئەو کەسەی دەبێت بە سەرپەرشتیار، چونکە بەپێی ستانداردەکانی هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیار لە سێ بواری سەرەکی پێک دێت، بواری زانیاری، بواری کارامەییەکان و تواناکانی تاک، لەگەڵ بواری بەهاڕەفتارییەکان، ئەم تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنانە دەتوانرێت بەهۆیانەوە ئاستی زانیاری و بڕێک لە فەرهەنگی تاک ئاشکرابکات کە تاچ رادەیەک رۆشنبیری گشتی و لێتێگەیشتنی هەیە بۆ کاروبارە پەروەردەییەکان، بەڵام تواناو کارامەیی و بەهاڕەفتارییەکانی پێ ساغ نابێتەوە، بەڵکو وەرگرتنی سیڤی ئەو کار و چالاکیانەی لەبواری پەروەردە و خزمەتی پەروەردەیی بەشێوە پۆزەتیڤەکەی هەیە زۆر گرنگە لە بەرچاو بگیرێت، مەبەست لێرە ژمارەی سوپاس و وەرنەگرتنی سزا نییە، چونکە دەکرێت کەسێک هیچ جۆرە سەرپێچییەکی نەکردبێ و سزایشی نەبێ، بەڵام هیچ جۆرە چاپوکی و چالاکیەکیشی نەبێت، ئەنجام کاری پەروەردە بەردەوامی و ئەرێنی و کەسی کارامەی دەوێت.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر