چی بۆ ئالوودەبوو بکرێت؟

10:32 - 2024-07-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
376 خوێندراوەتەوە

یەکێک لەو بابەتانەی باسی رۆژە و میدیاکانی تەنیوە مەسەلەی ماددەی هۆشبەرە و زیادبوونێتی لە عیراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، رەنگە زۆرمان وەک بابەتێکی رۆژنامەوانیی تەماشای بکەین و وا هەستبکەین پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و ئەوانەی ئالوودە دەبن، کوڕ و کچی ئێمە نین و خێزانی ئێمە دووچاری بەڵای لەوجۆرە نابێتەوە، لەڕاستیدا منیش زۆر کات وا بیرم کردۆتەوە، بەڵام لە نوێترین زانیاریدا کە لە دیدارێکی کوردستانی نوێدا بڵاوکراوەتەوە و هاوکارمان عومەر حەسەن لەگەڵ مافپەروەر هۆگر چەتۆدا سازیکردووە، هەندێک زانیاری ترسناکی خستۆتەڕوو، من وەک دایکێک کە خاوەنی کچ و کوڕم زۆر ترسام، یەکێک لەوانە دەڵێت 15 ٪ ئەو کەسانەی لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون تەمەنیان لەخوار 25 ساڵەوەیە و بەشێکی زۆریان خوێندکارن، کە ئەمە بۆ خێزانی کوردی زەنگێکی مەترسیدارە و چیتر نابێت وا تەماشای ئەو مەسەلەیە بکەین وەک ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە نەبێت و ماددەی هۆشبەر دوورە لێمانەوە، چونکە ئەو گەنجانەی دووچاری ئەو بەڵایە بوون کوڕ و کچی خێزانێکی ئەم وڵاتەن و رەنگە خزم و ناسیاو یان دراوسێ هەر یەکێکمان بن، یاخود لە زانکۆ و پەیمانگەکان هاوڕێ و هاوپۆلی کچ و کوڕەکانمان بن، بۆیە مەسەلەی خۆپارێزیی لە ماددەی هۆشبەر وا پێویست دەکات پێش هەموو شتێک لەڕێگەی میدیا و خوێندنگە و ناوەندە بەرپرسەکانەوە زیاتر خەڵکی لێ هۆشیار بکرێتەوە و بەڕوونی نیشانەکانی کەسی ئالوودە بخرێتەڕوو، هاوکات بەرپرسیارێتی خێزانە بزانێت هاوڕێ و ئەو کەسانەی لە نزیکەوە کچ و کوڕەکانیان هاتوچۆیان دەکەن و کاتێکی زۆریان لەگەڵدا بەسەر دەبەن کێن و رەفتار و هەڵسوکەوتیان چۆنە.

بنەبڕکردنی ئەو بەڵایە
جگەلەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە وەک ئەوەی دەڵێت: لە ساڵی 2023 دا سێ هەزار و 290 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و دەستیش گیراوە بەسەر بڕی دوو هەزار و 908 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا، هەروەها ژمارەی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە و لە ساڵی 2022 دا گەیشتۆتە 21 جۆر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین لەڕووی بنەبڕکردنی سەرچاوەی ئەو بازرگانییەوە کەموکوڕیی هەیە و گۆڕانی وڵاتی ئێمە لە ترانزێتی ماددەی هۆشبەرەوە بۆ وڵاتێکی بەکاربەر کە مەسەلەیەکی زۆر ترسناکە کارێکی ئەوتۆ نەکراوە، بۆیە پێویستە جدیتر مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکرێت و ناکرێت رۆڵەکانمان لەبەر مەترسیی و قەدەری تووشبوونی ئەو بەڵایەدابن کە لە بناغەوە خێزان ئینجا کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان هەڵدەتەکێنێت و پەرتەوازەی دەکات، زۆربەشمان لەسەر ئەوە کۆکین ئەمە بەشێکە لە پلانێکی گەورەتر بۆ تێکشکاندنی ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، جگە لە دەوڵەمەندبوونی زیاتری کۆمەڵە کەسانێک کە لەسەر حیسابی خوێنی گەنجی ئەم وڵاتە دەژین.
چارەسەرکردنی ئەو کەسانە
هاوکات نازانم ئەو کەسانەی ئالوودەن و دەستگیر دەکرێن چیان لێ بەسەر دێت، ئایا تێکەڵی زیندانیانی دیکە دەکرێن؟ چونکە ئەوەندەی من ئاگاداربم تائێستا ناوەندێکی تایبەت نییە بە راهێنانەوەی کەسانی ئالوودە و چارەسەرکردنیان و پاشان گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، ئەوەی لە زۆربەی وڵاتاندا دەکرێت ئەو کەسە ناکرێتە زیندانی ئاساییەوە، بەڵکو دەکرێتە ناوەندێکی پزیشکییەوە بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبوان، دواجار لابردنی هەستی ئابڕوچوون لەلای ئالوودەبوو، هەروەها هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەو بارەیەوە زۆر گرنگە تا ئەو گەنجەی لەو بەڵایە رزگاری دەبێت هەموو تەمەنی وەک تاوانبارێک تەماشا نەکرێت، چونکە ئەو مەسەلەیە دەکرێت رووبەڕووی هەر کەس و خێزانێک بێتەوە، گرنگ ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا دەکەین، دەبێت وەک نەخۆشێک تەماشای کەسی ئالوودەبوو بکەین، تا چاک دەبێتەوە نەک وەک تاوانبارێک هەموو تەمەنی بەهۆی ئەو هەڵەیەوە وەک پەڵەیەکی رەش بەنێوچاوانییەوە بمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر