قۆناغێكی‌ نوێی‌ پێكه‌وه‌ژیان له‌ كه‌ركوك

10:26 - 2024-08-13
بورهان شێخ رەئوف
194 خوێندراوەتەوە

دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ و محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ، كۆتایی‌ به‌ بنبه‌ستی‌ سیاسی‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك هات، پارێزگار و جێگره‌كه‌ی‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا هه‌ڵبژێران .

هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ كه‌ركوك و بنیاتنانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا، به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش ده‌بێت بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان و سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێیه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی

هه‌میشه‌ ئاڵۆز ده‌كرێت
ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌ بۆ دۆخی‌ كه‌ركوك، هه‌میشه‌ ئاڵۆز ده‌كرێت؟ كه‌ركوك دوا پارێزگا بوو له‌سه‌ر ئاستی‌ عیراق حكومه‌تی‌ خۆجێی تێدا پێكهێنرا، وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ ئاسانه‌، ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كییه‌ كه‌ ناخوازێت پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی و ئاشتیی‌ كۆمه‌ڵایی‌ له‌و شاره‌دا به‌رقه‌راربێت، ته‌نانه‌ت ناخوازن هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگایشی‌ تێدا به‌ڕێوه‌بچێت به‌ بیانووی‌ بێ‌ بنه‌ما و جیاجیا، وه‌كو چۆن له‌ 2005 ه‌وه‌ نه‌یانده‌هێشت هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ تێدا بكرێت،  راسته‌  كه‌ركوك فره‌ چه‌شنه‌ واته‌ عیراقی‌ بچكۆله‌یه‌، به‌ڵام هه‌زاران ساڵه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین، به‌بێ‌ روودانی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌، به‌ شه‌قام و كووچه‌ و كۆڵانه‌كانیدا بگه‌ڕێیت هه‌ست به‌ بوونی‌ ناكۆكی‌ و ململانێی‌ توند ناكه‌یت، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ میدیاكاندا  به‌شێك له‌ سیاسییه‌كان به‌ مه‌به‌ست  بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كه‌سی‌ و حزبی‌ خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن .

له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك ‌ئیتر قۆناغێكی‌ نوێ‌ ده‌ستیپێكرد له‌و پارێزگایه‌، هه‌روه‌ك سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ وتی‌: وه‌كو مام جه‌لال بۆ كه‌ركوك سیاسه‌ت  ده‌كه‌ین، ئه‌ویش سیاسه‌تی‌ چه‌پكەگوڵه‌كه‌یه

قۆناغێكی‌ نوێ‌
له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك له‌ 11/8/2024 ئیتر قۆناغێكی‌ نوێ‌ ده‌ستیپێكرد له‌و پارێزگایه‌، هه‌روه‌ك سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ وتی‌: وه‌كو مام جه‌لال بۆ كه‌ركوك سیاسه‌ت  ده‌كه‌ین، ئه‌ویش سیاسه‌تی‌ چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ بۆ كورد ئیش بكه‌ین بۆ خوشك و براكانمان له‌ پێكهاته‌كانی‌ تر ئیش ده‌كه‌ین، ده‌بێت كه‌ركوك ئاشت بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت كه‌ركوك بكه‌ینه‌ نموونه‌یه‌كی‌ جوانی‌ پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری‌، ئیتر كه‌ركوك نابێت له‌ بازنه‌ی‌ ململانێ و كێشه‌دا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵێ‌ پراكتیزه‌كردنی‌ ئه‌م وشانه‌ به‌ دڵنییایه‌وه‌ دۆخێكی‌ نوێ‌ له‌و شاره‌ گرنگه‌دا دێنێته‌ ئاراوه‌، بنیاتنانه‌وه‌ی‌ متمانه‌یه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا و ئیتر كه‌س ناتوانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و شاره‌وه‌ پیلان بگێڕێت بۆ تێكدانی‌ بارودۆخ و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی‌.

كورد كه‌ركوكی پاراست له‌ داعش
ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا بۆخۆم له‌ به‌شێك له‌ سیاسییه‌كانی‌ كه‌ركوكم  ده‌بیست،  له‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمان له‌ به‌رنامه‌ حیوارییه‌كاندا، ئه‌وه‌بوو باسیان له‌ جیاوازیی‌ دوای‌ 16 ی ئۆكتۆبه‌ری‌ 2017 و پێش ئه‌و رۆژه‌ ده‌كرد و ده‌یانوت ئیداره‌ی‌ كورد له‌ كه‌ركوك شكستی‌ هێنا، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دان به‌و راستییه‌دا بنێن كه‌ له‌ 2005 به‌دواوه‌ كه‌ركوك گۆڕه‌پانی‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ و نه‌قشبه‌ندی‌ و زۆر تاقم و گروپی‌ تری تیرۆریستی و داعش بوو، ئه‌وه‌یان له‌ بیرچوو كه‌ ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك له‌ راستیدا ئیداره‌ی‌ كوردی‌ نه‌بووه‌ سه‌د له‌ سه‌د، به‌ڵكو عه‌ره‌ب و توركمانیش به‌شداربوون له‌ به‌ڕێوه‌بردنیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستان بوون به‌ خوێن و گیانی‌ خۆیان كه‌ركوكییه‌كانیان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ پاراست له‌ مه‌ترسیی‌ تیرۆر و داعش، نه‌یانهێشت كه‌ركوك بكه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ و به‌ ده‌ردی‌ موسڵ بچێت .

پێویستە بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکە مامەڵە لەگەڵ کەرکوکدا بکرێت


سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ سوپا و پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر  داعشدا
ئه‌وه‌ی‌ له‌ كه‌ركوك هاته‌ئاراوه‌ دوای ساڵی 2017 به‌هۆی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق و پێشمه‌رگه‌وه‌ بوو به‌سه‌ر تیرۆریستانی‌ داعشدا، پاككردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی داعش بوو له‌ موسڵ و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین و ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوك و دیاله‌، هۆكاره‌ سه‌ركییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌بوو، نه‌ك شكستی‌ كورد له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كه‌ركوكدا كه‌ ئه‌وه‌ راست نییه‌، چونكه‌ ئه‌وكات كاری‌ له‌ پێشینه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ كورد  له‌و شاره‌دا پاراستنی‌ كه‌ركوك بوو پێش هه‌ر شتێكی‌ تر .

لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ كه‌ركوك
له‌به‌ر ئه‌وانه‌ی‌ باسمان كرد، هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ كه‌ركوك و بنیاتنانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا، به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش ده‌بێت بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان، سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێیه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی‌.

وتارەکانی نوسەر