رۆڵی نەوت و غاز لە گۆڕانكارییەكاندا

09:16 - 2022-05-25
نسار مستەفا
376 خوێندراوەتەوە

پرسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان وەك پرسێكی سیاسی و سەربازی و  ئابووری گۆڕانكارییەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی عیراقی ئاڵۆزتر كردووە.
جیۆپۆلەتیكی نەوتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەمێژینەی هەیە لەسەر تەواوی پرسە سیاسی و چارەنووسسازەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراق بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە. 
ئەمەش بە ڕوونی لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عیراق دا دیاردەكەوێت كە نەوت و غازی هەرێم وەك كارتی گوشار بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد بەكاردەهێنێت، بە پشت بەستن بە بڕیاری ژمارە ( 55ی فیدراڵی 2012 یەكخراو لەگەڵ ( 110 ی فیدراڵی 2019 لە رێكەوتی 15-02-2022  نادەستوور بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم . 
هەروەها پشت بەستن بە مادە یاساییەكانی 110 و 111 و 115 و 121 و 130 دەستووری عیراق ساڵی 2005 دەركردووە .
دوا بەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ململانێ‌ و ئاڵۆزییەكان چۆتە قۆناغێكی هەستیار و پڕ مەترسییەوە بۆ هەرێمی كوردستان، هاوكات بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نزیكبوونەوەی لایەنەكانی هەرێمی بردۆتە بەردەم مێزی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی داهاتووی هەرێم و پێكهێنانی حكومەت .
بەداخەوە بەرپرسان  و كاربەدەستانی  هەرێم بەدرێژایی ماوەكانی رابردوو چەندین دەرفەت و هەلی زۆریان لەدەست داوە تا وەك هێزێك لەمەسەلە چارەنووسسازەكان پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت و پێگەیەكی بەهێزیان هەبێت لەسەر ئاستی عیراق و ئیقلیمی و  نێودەوڵەتی، ئەوەی تا ئێستا رووی نەداوە بە هۆكاری جیاجیا و بوونی بەرژەوەندی حزبی و بێ‌ ووتاری بووە لە عیراق دا كە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو بەرپرسیارێتیەیان لە ئەستۆدایە .
كە ئەمەش لێكەوتە و كاردانەوەی تەواوی لەسەر جومگەكانی هەرێمی كوردستان داناوە بە ئێستاشەوە كە پرسی نەوت لە مووچە و بودجەدا بچووك كراوەتەوە، ناڕازی بوونی هاووڵاتیان لەو دۆخەی پێیدا دەیگوزەرێنن ئەنجامی خراپ ئیدارەدانی هەرێمە، لەهەمان پرس دا ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و ناوخۆ هێندەی تر نیگەرانیەكانی زیاتر كرد، تەنانەت لەسەر ئاستی عیراقیش، كەوابوو خراپیی گوزەرانی خەڵك و هاوخەم نەبوونی كاربەدەستان بەو جۆرەی كە پێویستە لە چارەسەركردنی كێشەكان، دۆخی ئێستا بەرەو باشتر نابات ئەگەر خراپتری نەكات، كاتی ئەوە هاتووە لەسەر ئاستی ناوخۆیی رێگری بكرێت لە روودانی دوو ئیدارەیی، یەكخستنەوە و یەكڕیزی نێوماڵی كورد و پێداگری لە مافە هەمیشەییەكان لە عیراقی ئایندە و دەست بەرداربوونی لایەنەكان لە بەرژەوەندییەكانیان لە پۆست و پارە لەپێناوی پاراستنی پێگە و  قەوارەی هەرێم لەسەر ئاستی عیراق، بەرپرسیارێتیەكە تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە نازانرێت بە كوێ‌ دەگات، چونكە بەهێز مانەوەی هەرێم و قەوارەکەی بەندە بە نەوت و غازەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش مامەڵەیەكی تری لەگەڵدا دەكرێت، چارەنووسی هەرێم دەباتە بەردەم قۆناغێكی چارەنووسسازترەوە، هەرچەندە ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیە لە ناردنی نەوت لە رێی كۆمپانیاكانەوە، بەڵام لەبەر ناڕوونی داهاتی نەوت نەیتوانیوە سەرەنج و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەربكات و سەركەوتنەكانی رووماڵی راگەیاندنەكان بكات. 

نەوت و غازی هەرێم وەك كارتی گوشار بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد

وتارەکانی نوسەر