لە نێوان بەڵێنەكانی سەرۆكی حكومەت و ناڕەزایی شەقامدا

01:14 - 2022-03-24
نسار مستەفا
665 خوێندراوەتەوە


لە ئۆكتۆبەری 1991 حكومەتی عیراق لە هەرێمی كوردستان كشایەوە، لە ساڵی1992 یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات، سەربەخۆی خۆی هەبوو لە دروستكردنی یاسا و یاسادانان لە پەرلەمانی كوردستان بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بەغدا، دواتر لەساڵی 2005 دا وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە دەستوری عیراقدا دانی پێدانراوە.
سەرباری ئەوەی هەرێمی كوردستان لە كۆنەوە لەلایەن میرنشینەكانی سۆران و بابان و ئەردەڵان و بادینان دەسەڵاتێكی سەربەخۆیان هەبوو، بەڵام بەهۆكاری سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی و ناكۆكی ناوخۆیی و خۆپەرستی كە لەمێژووی كورددا رەنگی داوەتەوە، هۆكار بووە بۆ لێكترازان و دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردی و پەرتبوونی ئەو دەسەڵاتەی بۆ ماوەیەكی كاتی هەیانبووە لە بەڕێوەبردنی مێرنشینەكاندا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە خەریكە كورد نزیك بێتەوە لە هەمان پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتەی میرنشینەكان، نابەرپرسانە پرسی كورد دەخرێتە بەردەم چارەنووسێكی نادیار لە پێناو پێگەیەك هەرچەند پشكی كوردە، بەڵام دۆست و نەیاری لەبەرەیەكدا كۆكردۆتەوە؟
ئەم شێوە دەركەوتنەی سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەبێ‌ ئاوڕدانەوە لە پرسە چارەنووسسازەكان یەكگرتووی و یەكڕیزیی كورد لەبار دەبات، كە ئەمە لە خۆیدا لە دەستدانی ئەو دەستكەوتانەیە كە پاش رووخانی رژێمی بەعس بەدەست هاتوون، پێ بەپێی زەمەن لەمەودایەكی كورتخایەندا دێتەدی.
ئەوەی ئاماژەم پێكردووە ئەو گرێیەیە كە بەستراوە بە هەڵوێستە دیارەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە دوو كاتی جیادا، ئەگەر سەرەنج بدەین سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكاتی راگەیاندنی كارنامەی کابینەکەیدا لەپاش بوونی بە سەرۆك وەزیران، چەندین بەڵینی جیاجیای دا بە خەڵکی هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییەكان وەك : روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، جێبەجێکردنی بەرنایەکی چاكسازی بە خواستی هاووڵاتیان، بەهێزتركردنی كوردستان و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بۆ پتەوکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و شەهیدانی ئەنفالکراو، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و… چەندین بەڵێنی دیکە. لەهەمووی گرنگتر مامەڵەی حكومەت بە یەكسانی لەسەر ئاستی هاووڵاتیان لە سەرجەم ناوچەکان و جەماوەری لایەنە سیاسیەكان
سێ ساڵ بەسەر ئەم بەڵێنانەدا بەسەرچوو، هاووڵاتیان نەک هیچیان لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە نەبینیووە، بەڵکو تا دێت پەیوەندییە سیاسییەكان كاڵتر دەبنەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایی شەقام رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت، ژیان و گوزەرانی خەڵك لە ئاستێكی زۆر خراپتردایە لەوەی هەبوو، دەرفەتی كار نییە، بێکاریی و بێزاری خەڵك لە ئەداو رۆڵی حكومەت رۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی خاوەندارێتی لە بازرگان و سەرمایەدارەكان دەكات، هێندە خاوەندارێتی لە خەڵكی ئاسایی و توێژی هەژاران و خەڵکی مام ناوەندیی نەكردووە، ئەو دۆخەی ئێستاش لەدوای سێ ساڵ لە تەمەنی ئەم کابینەیە دەیبینین، شایەتی بۆ راستیی قسەکانمان دەدات.

وتارەکانی نوسەر