ئەرکی یەکێتی لە کابینەی داهاتوودا

10:01 - 2025-05-04
نسار مستەفا
74 خوێندراوەتەوە

دەکرێت بووترێت دیدار بەدەر لەوەی گفتوگۆی کراوە و چڕوپڕە لەسەر ئەدای یەکێتی و کێشە ناوخۆیی و پرسە جیاواز و چارەنوسسازەکان لە خۆیدا تەواوکەری کۆنگرەیە و پێویستییەکی سەردەمییانە و پەیامێکە بۆ نوێبوونەوە و چاکسازی، لەلایەکی تریشەوە نزیککردنەوەی راوبۆچوونە جیاوازەکان و خەڵک و دەنگدەرە کە ئەمە بۆ یەکێتی جەوهەری کارەکەیە، گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک لە پێشینەی کارەکانی بووە و بەردەوام لەو پێناوەدا هەوڵی داوە، ئێستاش کە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمداین، خەڵک چاوەڕێیە لەم کابینەیەدا یەکێتی وەک هەمووکات دەستپێشخەر بێت لە ئەنجامدانی چاکسازی و گەیاندنی خزمەتگوزاری و خەمخۆری راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک بێت، راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بێت کە یەکێتی هەر بەو تێگەیشتنە لە هەڵبژاردنی 20/10/2024 دەستیپێکرد هەر بەو روانگەشەوە کاردەکات. 
دیدگای فراوانی یەکێتی بۆ حوکمڕانی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و هێنانەدی ئەو بەڵێنانەیە کە داویەتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، لە یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردن 19/5/1992 نیاز و نییەتی  یەکێتی ئەوە بووە دڵسۆزانە کاربکات لەپێناوی رەوینەوەی خەمی خەڵک و گەنجان. 
گۆڕینی شێوازی خەباتی شاخ و بە مەدەنیکردنی کە توانرا بە هاوبەشیی پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەتێکی (50 بە 50) پێکبهێنن کە خەڵکی ئاواتەکانیان لەسەر هەڵچنیبوو تا بە ئێستا دەگات کە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم داین. 
خەڵکی چاوەڕوانییەکی جددی لە کابینەی ئێستا دەکات ئەوەی دەکرێت و هەیانە دابڕێژرێتەوە و گرەنتی داهاتوویەکی باشتر ئایندەیەکی دوور لە قەیرانی ئابووری و ململانێی سیاسی بە گشتی، حکومەتێکی پەسەندی زۆرینە و دۆستی گەنجان و خەڵک بێت، بەو مانایەی بارسووکی بۆ خەڵکی بکات، نەک بارگرانی وەک لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بینیمان، بەگشتی حکومەتی داهاتوو لە خزمەتی چین و توێژە جیاوازەکاندا بێت و هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووان بڕەخسێنێت لە چوارچێوەی کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەش دەکرێت، چ لەلایەن حکومەت بێت یان دامەزراوە ناحکومییەکان، چیتر چاوەڕوانیی مووچە نەبێت بە مانشێت و هەواڵی بە پەلەی میدیا و رۆژنامەکان، دەبێت کابینەی داهاتوو ئەو دۆخەی ئێستا هەیەتی لە کورتهێنان  و کەمی بودجە و هەر هۆکارێکی تر بەتەواوی تێی پەڕێنێت، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا باشتر بکرێن، گرێ کوێرەی کێشەکان بکرێنەوە و چارەی بکرێت لەسەر بنەمایەکی دروست، خزمەتکردنی پارێزگا و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی لە پێشینەی کارەکانی داهاتوو بێت، کۆمەڵانی خەڵکی بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ قوربانیی زۆری داوە، ئەمڕۆ دەبێت بکرێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتکردنەوەی خەڵکی لە حکومەت، بەتایبەتی مووچەخۆران و توێژی گەنجان. 

وتارەکانی نوسەر