بورهان شێخ رەئوف
سوننەكان مەترسییەكانی خۆیان ناشارنەوە، لە هەوڵدانی شیعەكان بۆ پێكهێنانی دەوڵەتێكی شیعە مەزهەب لە عیراقدا
بە گوێرەی مادەی 119ی دەستووری عیراق هەر پارێزگایەك یان زیاتر دەتوانێت هەرێمێك رابگەیەنێت، دوای ئەوەی سێ یەكی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكە داخوازییەك پێشكەش بكات بۆ راپرسی .
سێ هەرێمی فیدراڵی
ئەم بیرۆكەیە لە ساڵی 2007 دا لە لایەن جۆ بایدنەوە پێشنیار كرا، كە ئەوكات ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بو و ئێستا سەرۆكی ئەمریكایە، بەوەی عیراق بكرێتە سێ هەرێمی فیدراڵی، كورد و شیعە و سوننە، بەڵام بیرۆكەكەی سەری نەگرت، دوای ئەوە هەر جارێك كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننە قوڵ ببێتەوە، ئەم داخوازییەی سوننەكان سەرهەڵدەداتەوە، وەكو جۆرێك لە سازش و فشاری سیاسیی و بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتیش بەكار دەهێنرێت .
لە ئێستاشدا لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پۆستەكەی، كە پشكی سوننەیە بە گوێرەی عورفی سیاسیی لە عیراق دوای ساڵی 2003 و بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی لە 14 تشرینی دووەمی 2023، لەوساوە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە پێكهاتەی شیعەیە جێگرەوەیەتی، داخوازی سوننەكان بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سوننی سەری هەڵداوەتەوە .
سێ كوچكەی سوننە
پارێزگاكانی سێ كوچكەی سوننە كە پێكهاتوون لە نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و پشتێنەی بەغدا، پێشتریش داوای بە هەرێمكردنی ئەو ناوچانەیان كردبوو، لە كاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵانی 2013 و 2014، بەڵام داگیركردنی ئەو ناوچانە لە لایەن داعشەوە، رێگربوو لەو ئاواتە و بە پێچەوانەوەش ناوچەكانیان بوو بەوێرانەی جەنگ، لە كۆتاییشدا دووركەوتنەوە لە ناوەند و بڕیاری سیاسی عیراق، لە كاتێكدا سوننەكان لە ساڵی 1921 و دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە، خاوەن بڕیاربوون لە وڵات و شیعەكانیش لە پەراوێزدا بوون، هەندێك كەسیش لەو باوەڕەدان ئەمەی ئێستا جۆرێكە لە تۆڵەكردنەوە بەرامبەر بە سوننەكان، بەڵام سوننەكان ئەمە رەت دەكەنەوە و دەڵێن حوكمڕانی رژێمی بەعس و سەدام چۆن شیعەی چەوساندۆتەوە سوننەشی بەهەمان شێوە چەوساندوەتەوە، بەو بەڵگەیەی چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ حزبی دەعوەی ئیسلامی شیعە مەزهەبدا كردووە هەمان ڕەفتاریشی لە گەڵ حزبی ئیسلامی عیراقی ئیخوانی سوننەكانیشدا كردووە .
مەترسیی خۆیان ناشارنەوە
سوننەكان مەترسییەكانی خۆیان ناشارنەوە، لە هەوڵدانی شیعەكان بۆ پێكهێنانی دەوڵەتێكی شیعە مەزهەب لە عیراقدا، ئەویش لە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی كۆچكردوو عەبدولعەزیز حەكیمەوە دەست پێ دەكات بۆ هەڵوەشانەوەی یاسای باری كەسێتی عیراقی لە ساڵی 1957 كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی حوكم بوو لە ساڵی 2003دا، دواتر پۆڵا بریمەری حاكمی ئەمریكی لەعیراق بەوە رازی نەبو یاساكەی خستەوە كار، لە ئێستاشدا دیاریكردنی جەژنی غەدیر وەكو پشوی رەسمی لەلایەن شیعەكانەوە و هەمواری یاسای باری كەسێتی، هەموو ئەمانە بە مەترسی گەورە بۆ سەر خۆیان و پێكهێنانی دەوڵەتێكی مەزهەبی دەبینن .
بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی هەرێمی سوننە:-
1. بوونی ناكۆكی زۆر لە نێوان سەرانی سوننە مەزهەب، دیارترین كۆسپی بەردەم پێكهێنانی هەرێمی سوننەیە.
2. هەمەجۆری پێكهاتەی ئەو پارێزگایانە، لە بوونی كریستیان و ئێزدی و شەبەك و توركمان، ئەویش رێگرییەكی ترە.
3. نەبوونی توانا و شارەزایی پێویست، لە وەبەرهێناندا بە تایبەتی لە بواری نەوت و غاز و كبریت و فوسفات، كە لەو پارێزگایانەدا هەن، لە ماوەیەكی كورتدا بۆ پشت بەخۆبەستن لەبەڕێوەبردندا.
لە كۆتاییدا:-
1. شیعەكان زۆر بە توندی بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمی سوننە رەتدەكەنەوە و لە 17 شوباتی 2024 دا پارێزگاری ئەنبار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، سەردانی فایەق زەیدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری عیراقیان كرد، بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بە توندی بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمی نوێی لە عیراق رەت كردەوەو وتی: هەرێمی كوردستانیش پێش نووسینەوەی دەستووری 2005 پێكهێنراوە .
2. بە وتەی (رەعد سلێمان) یەكێك لە سەرۆك خێڵەكانی ئەنبار، وابڕیارە لە مانگی ئەیلولی 2024ی داهاتوودا، كۆنگرەی هەرێمی سوننە دەست پێبكات بە بەشداری نوێنەرانی ئەو پارێزگایانەی زۆرینە سوننەن (ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە).
3. پێشتریش پارێزگای بەسرا لە باشووری عیراق، هەمان هەوڵیاندا بەڵام شكستیان هێنا لە دروستكردنی هەرێمی بەسرا .
4. بۆ هەرێمی كوردستان و بەهێزبوونی سیستمی فیدراڵیش لە عیراقدا، پێكهێنانی هەرێمی تر بەسوودە و بە تایبەتی پێكهێنامی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عیراقدا، كە مادەیەكی دەستوورییە و تائێستا جێبەجێ نەكراوە.