گرفت و رێگەچارە

حەزناكەم كوڕم ببێت

09:50 - 2024-08-19
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
134 خوێندراوەتەوە

 پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

9

كاك دكتۆر سڵاوی خودات لێبێت، من ئافرەتێكم خاوەنی چوار كچم، خەسوو خەزوورم زۆرم لێدەكەن كە دەبێت كوڕم ببێت، منیش حەز ناكەم كوڕم ببێت، ئێستا كەوتوینەتە ململانێ‌ لەگەڵ ماڵە خەزوورانم و گەیشتۆتە حاڵەتی ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەكەم جیا ببینەوە، لەوانەیە ئەم بۆچوونەی من پێچەوانەی بۆچوونی زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی بێت و كەس بڕوا بەو قسەم نەكات، چونكە وەك ماڵە خەزوورانیشم دەڵێن هەموو كەس حەز دەكات كوڕی ببێت، چونكە كچ وەك كوڕ خۆشەویست نییە، تەنانەت ئەوەش دەزانم كە كاتی خۆی لەناوعەرەبدا كچیان زیندە بە چاڵ كردووە، چونكە شەرمەزاری و عەیبە بووە و كچ مایەی سەرشۆڕی تیروهۆزەكان بووە، بەڵام من جیا لەو كەسانە بیر دەكەمەوە، وەڵا ئەگەر دووگیان ببم وەبزانم كۆرپەلەكە كوڕە ئەگەری زۆر هەیە هەوڵی لەباربردنی بدەم ئەو كات دەبم بە تاوانبار لەبەرئەوەی من كەسێكی باوەڕدارم و روو لەخودام، بۆیە من هەر نامەوێت لە ئێستا بە دواوە هیچ كات دوو گیان ببم نەوەك كوڕ بێت، ئەوكات یان دەبێت ئەو لەناو ببەم و  خۆم بكەم بە تاوانبار یان دەبێت خۆم تووشی بەڵایەك بكەم، هۆكاری ئەوەش كە نامەوێت كوڕم بێت، براكانمن و تا بڵێی زۆر خراپ بوون بۆم و بەردەوام لە من و خوشكەكانی ترمیان دەدا و بەردەوام سووكایەتییان بە ئافرەت دەكرد و ئێستاش لەگەڵ هاوسەرەكانی خۆشیان زۆر خراپن و بەردەوام لێیان دەدەن، لەوەش خراپتر دایكم تووشی نەخۆشی بووە و لەسەر جێگا كەوتووە تەنها یەكێك لە براكانم هاوكاریمان دەكات و هەر ئێمەی كچەكان بێجگە لە خوشكێكم  بەردەوام خزمەتی دەكەین، منیش لەوە دەترسم ئەگەر كوڕم ببێت وەك براكانم دەربچێت و سووكایەتی بە كچەكانم بكات و وەك ئێمە چۆن چەوساینەوە ئەو كچانەشم بچەوسێنێتەوە و بیانكات بە كارەكەری خۆی و منیش ئەگەر نەخۆش كەوتم وەك براكانم پشتم تێبكات، ئیتر من كوڕم بۆ چییە؟ ئێستا من نازانم چیبكەم، لەبەرئەوەی ماڵە خەزوورانم زۆر باشن بۆم و لە دایك و باوكی خۆم باشترن، لەهەمان كاتیشدا هاوسەرەكەم زۆر خۆش دەوێت و ئەویش هەر منی خۆش دەوێت و ناتوانم لێی جیاببمەوە و بە بێ‌ ئەو و منداڵەكانم ناژیم. 

 

خوشكە بەڕێزەكەم! منداڵ كچ بێت یان كوڕ خودا دەیدات و هیچیان لەوەی تر باشتر نییە، هەردووكیان مرۆڤن و ژیان بە هەردوو توخمەكەوە جوانە و تەواوكەری یەكترین، لەبەرئەوە نابێت هیچ كەسێك جیاوازی لە نێوان كوڕ و كچدا بكات، هەروەها داواكاری ماڵە خەزوورانیشت پاساوی خۆیان هەیە و حەز دەكەن لە پاڵ ئەو چوار كچەت كوڕێكیشت هەبێت، بەڵام بۆچوونەكانی تۆ هیچ پاساوێكی ئاینی یان زانستی نییە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

 باشی و خراپی هەردووكیان
یەکەم: بەڕێزەكەم! وەك خۆت دەڵێیت كەسێكی باوەڕداریت و روو لە خودای، كەواتە دەبێت باوەڕت بە قورئان و فەرموودە هەبێت، هیچ ئایەتێكی قورئانی پیرۆز و هیچ  فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) نییە كە ئاماژە بۆ ئەوە بكات هەموو پیاوێك (كوڕ) خراپ بێت و هەموو ئافرەتێك باش بێت، بەڵكوو ئاماژە بۆ باشی و خراپی هەردووكیان هەیە، بۆ نموونە قابیل پیاو بوو، بەڵام بكوژی هابیلی برای بوو، بەڵام هاوسەری هەر دوو پێغەمبەر حەزرەتی (نوح و لوگ) هەر دووكیان ژن بوون، بەڵام خراپ بوون، لەگەڵ دەیان و سەدان نموونەی تر كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لە هەر دوو توخمەكە ژن و پیاو باش هەیە و خراپیش هەیە، كەواتە ئەو بۆچوونەی تۆ كە كوڕەكەت وەك براكانت خراپ دەردەچێت، لە جێگای خۆیدا نییە و هیچ بەڵگەیەكی ئاینی نییە.

هیچ توێژینەوەیەكی زانستی نییە
دووەم: هەروەها لەلایەنی زانستیشەوە، هیچ توێژینەوەیەكی زانستی نییە، ئاماژە بۆ ئەوە بكات، توخمێك نێر بێت یان مێ‌، لە ئەوی تریان باشترە، بەڵكو لە ناخی هەموو پیاو و ژنێكدا تۆوی خێر و شەڕ هەیە، ژینگە و دەوروبەر و ئیرادەی مرۆڤەكان بەرپرسن لە گەشە پێكردنی تۆوی خێر و شەڕەكە، هەروەها لە هەر دوو توخمەكە باش و خراپ هەیە.

باش و خراپ هەیە
سێیەم: لە ژیانی واقیعیش چەندەها بەڵگە هەن، ئاماژە بەوە دەكەن لە هەر دوو توخم (نێر و مێ‌) باش و خراپ هەیە، هەر بۆ نموونە لە ناو خێزانەكەی خۆتدا، وەك خۆت ئاماژەت بۆ كردووە، یەكێك لە خوشكەكانت وەك براكانت هاوكاریتان ناكات و خزمەتی دایكت ناكات، ئەی ئەگەر ئەو بۆچوونەی تۆ راست بێت، دەبوایە هەموو خوشكەكانت بەویشەوە باش بن ئەی بۆ وا نییە؟ لەهەمانكاتیشدا یەكێك لە براكانت وەك ئێوە خزمەتی دایكت دەكات، لە كاتێكدا ئەویش نێرە و ئەگەر بۆچوونەكەی تۆ راست بێت، دەبوایە ئەو برایەشت هەر خراپ بوایە و خزمەتی دایكتی نەكردایە.

بە پێچەوانەی بۆچوونەكانی تۆ
چوارەم: خوشكی بەڕێزم! هەڵەیەكی گەورە دەكەیت كە گشتاندن بكەیت، واتە ئەگەر زۆربەی براكانت خراپ بن، مانای ئەوەیە ئیتر هەموو پیاوێك خراپ دەبێت، هەمووشمان دەزانین لە ناو هەموو گەل و نەتەوەكان باش و خراپ هەیە، بە پێچەوانەی بۆچوونەكانی تۆ، زۆر پیاویش هەن باشن و خزمەتی دایك و باوكی خۆشیان دەكەن، لەهەمانكاتیشدا ئافرەت هەیە وەك پیاو خزمەتی دایك و باوكی خۆی ناكات.

ئەگەر تۆ پەروەردەیەكی دروستی منداڵەكانت بكەیت و تووندوتیژ نەبیت، منداڵەكەت نازدار بە خێو نەكەیت، كەمتەرخەم نەبیت، پێداویستییەكانی، وەك ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی و رێزگرتنی بۆ دابین بكەیت، دڵنیابە منداڵەكەت كەسێكی دەروون دروست و خێرخواز دەبێت


زانستە نەزانراو و شاراوەكان
پێنجەم: باشە هێشتا كوڕ بوونی نییە، چۆن دەزانیت ئەگەر دووگیان بوویت و كوڕ بوو، ئەو كوڕەش وەك خاڵەكانی، واتە براكانت دەردەچێت؟ ئەوە دەچێتە چوارچێوەی زانستە نەزانراو و شاراوەكان (علم الغیب)، ئەوە تەنها لە توانای خودادایە و مرۆڤ هیچ دەربارەیان نازانێت، ئەی تۆش مرۆڤیت خۆ (علم الغیب)ت نییە، ئەی چووزانیت؟ لەلایەكی تریشەوە ئەوە پەیوەندیی بە جۆری پەروەردەوە هەیە، ئەگەر تۆ پەروەردەیەكی دروستی منداڵەكانت بكەیت و تووندوتیژ نەبیت، منداڵەكەت نازدار بە خێو نەكەیت، كەمتەرخەم نەبیت، پێداویستییەكانی، وەك ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی و رێزگرتنی بۆ دابین بكەیت، دڵنیابە منداڵەكەت كەسێكی دەروون دروست و خێرخواز دەبێت، پێچەوانەكەشی دەبێتە هۆی شەڕخوازی و تووشبوونی بە چەندەها گرێی دەروونی، لەبەرئەوە ئەو بۆچوونەت هەڵەیە و هیچ بنەمایەكی زانستی و ئاینی و واقیعی نییە، تەنها دروستكراوی خەو و خەیاڵی خۆتە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تۆ لەناو خێزانێك پەروەردە بوویت، كە براكانت بەو شێوەیە بیر دەكەنەوە و كەسێتیان بەو شێوەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەروەردەی دروست نەكراون، لەوانەیە دایك و باوكت جیاوازی لە نێوانتان كردبێت، زیاتر گرنگیان بە كوڕەكان دابێت و كچەكانیان پشت گوێ‌ خستبێت، یان بە هەڵە لە پەیوەندیی نێوان نێر و مێ‌ تێگەیشتبن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەموو خێزانەكانی تریش وەك خێزانەكەی ئێوەن، بەڵگەیەكی تریش هاوسەرەكەتە كە دەڵێیت زۆر خۆشم دەوێت و ئەویش منی خۆش دەوێت، هەروەها خەزوورت، كە خۆت دەڵێیت لە دایك و باوكم باشترە، ئێ ‌ئەوە هەردووكیان پیاون، بۆ ناڵێیت كوڕەكەم وەك هاوسەرەكەم و خەزوورم باش دەردەچن، كەچی ئەو نموونە جوانانە لە ماڵەكەتدا هەیە باسی ناكەیت، كەچی بەراوردی كوڕەكەت بە براكانت بەراورد دەكەیت كە وەك هاوسەر و خەزوورت باش نین، لەبەرئەوە دوا رێنمایی بۆ بەڕێزتان ئەوەیە واز لەو بیرۆكە و بیركرنەوە هەڵەیە بێنە و گەشبینانە سەیری دووگیانی بكە و ئیتر كوڕ بێت یان كچ سوپاسی خودا بكە، ئەگەر كوڕ بوو، ئەوا ماڵە خەزوورانت دڵخۆش دەبن و ئەگەر كچیش بوو هەر دیاری خودایە و ئەو كات هیچ دەسەڵاتی تۆی تێدا نییە، لەبەرئەوەی پیاو بەرپرسە لەوەی كۆرپەكە كوڕ بێت نەك ژن، ئەو كات هیچ جۆرە ململانێیەكیش لە نێو ماڵەكەتان نامێنێ‌ و بە بەختەوەری دەژین، هیوادارین هەموو لایەك بەختەوەر بن.

وتارەکانی نوسەر