ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان

07:39 - 2022-05-26
گۆران فەتحی
509 خوێندراوەتەوە

ره‌نگه‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كۆی‌ كێشه‌كانی ناو پرۆسه‌ی‌ سیاسیی عیراق، دواجار له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا جووڵه‌ و گفتوگۆ هه‌یه‌ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی كه‌ هه‌ردوو دیوی ده‌سه‌ڵاتن له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناو ماڵی كورد، به‌تایبه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار.
ئه‌وه‌ی‌ روون و ئاشكرایه‌، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی نوێنەرانی عیراق، كێشه‌ هه‌م له‌ناو ماڵی كورد «یه‌كێتی و پارتی» هه‌م له‌ناو ماڵی شیعه‌«چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی و سه‌درییه‌كان» دروست بوو، له‌ناو ماڵی كورد كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماربوو، له‌ناو ماڵی شیعه‌ش كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر ناوهێنانی كوتله‌ی‌ گه‌وره‌ بوو، كه‌ مافی پێكهێنانی حكومه‌تی‌ داهاتووی عیراقی ده‌بێت، به‌و جۆره‌ش بنبه‌ستێكی سیاسیی قورس گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراقی گرته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ندین مانگی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وامبووه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌.
له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، ماڵی كورد و هه‌رێمی كوردستان جۆرێك له‌هیۆری به‌خۆوه‌ بینی و هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنی دژ به‌یه‌كێش له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی راگیرا، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمیش سه‌ردانی سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ بافڵ جەلال تاڵه‌بانی كۆبۆوه‌، جگە لەوەش له‌گه‌ڵ چه‌ند حزبێكی تر له‌ سلێمانی کۆبۆوە، كه‌ چه‌ندین بابه‌ت له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا باس كران، به‌تایبه‌تی له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی، سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌نارده‌ی‌ گازی هه‌رێم و هه‌روه‌ها چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی 10ی‌ ئه‌مساڵدا بكرێت.
هێوربوونه‌وه‌ی‌ ململانێی سیاسیی له‌ هه‌رێم و ده‌ستكردن به‌گفتوگۆ، ره‌نگه‌ چاره‌سه‌رێكی گونجاوی لێبكه‌وێته‌وه‌ له‌ناو ماڵی كورددا، كه‌ بێگومان ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ش، كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ماڵی شیعه‌ش ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی‌ هه‌ردوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان (یه‌كێتی و پارتی)، هاوپه‌یمان و نزیكن له‌ گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی‌ ناو  ماڵی شیعه‌  كه‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی و سه‌درییه‌كانن»، واتا چاره‌سه‌ر له‌ كوردستان، ره‌نگه‌ له‌ كۆتادا ده‌رچه‌یه‌ك بێت بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری‌ ته‌واوی كێشه‌كان و بنبه‌ستی سیاسیی ناو عیراق، كه‌ ئه‌وه‌ش دواجار هه‌م ململانێی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و هه‌میش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان ده‌بێت و خزمه‌تگوزارییه‌كان راناوه‌ستێت.

وتارەکانی نوسەر