خۆمانە و خێزانیی

پارێزگاریی لە کچە رووخۆشەکان بکەن

10:24 - 2024-08-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
122 خوێندراوەتەوە

(16)

بەشێوەیەکی ناشیرین چەند جارێک کارمەندە کچەکەیان بانگ کرد، وەک ئەوەی کۆیلەیان بێت و کاری تەنیا خواردن هێنان و خزمەتکردنی ئەوان بێت، بینینی ئەو جۆرە دیمەنانە واملێدەکەن قێز لەوە بکەمەوە مرۆڤم و بپرسم بەڕاست ئەو کەسانەش مرۆڤیان پێ دەوترێت؟ لەکاتێکدا ئەو کچە گەنجانەی لە شوێنە گشتییەکاندا کاردەکەن وەک چێشتخانە و مۆڵ و بازاڕ و کافێکان..هتد زۆربەیان بە خزمەتن و بە روویەکی خۆش و زمانێکی شیرینەوە بەخێرهاتنت لێدەکەن و کارەکانت بەڕێدەکەن، زۆربەیان لە وتەی «موشتەری هەمیشە لەسەر هەقە» تێگەیشتوون، بەڵام بە رای من هەمیشەش بەو جۆرە نییە، موشتەرییەکی وەک ئەو نموونەیەی باسمکرد پێویستە لەو جێگەیە دەربکرێت، هاوکات هەر کەسێک رێزی خۆی بگرێت دەزانێت ئەو کارەی ئەوان دەیکەن ئاسان نییە و لەپای ئەو خزمەتەی دەیکەن پێویستە سوپاسیان بکەیت.

 

سەرسامم پێیان و شانازییان پێوە دەکەم، کە بەدەستی خۆیان رەنگە نەک تەنیا بژێوی خۆیان، بەڵکو بژێویی خێزانێک دابین بکەن

 

هەروەها بەپێچەوانەی زۆر کەسی ئەم وڵاتە، بەزەییم بەو کچانەدا نایەتەوە بڵێم ئاخۆ چ ژیانێک ناچاری کردوون ئەو کارانە بکەن، بەڵکو سەرسامم پێیان و شانازییان پێوە دەکەم کە بەدەستی خۆیان رەنگە نەک تەنیا بژێوی خۆیان، بەڵکو بژێویی خێزانێک دابین بکەن و لە قسەی خەڵکیی و دابونەریتەکان ناترسن و بە سەربەرزییەوە کار دەکەن، لەبەرامبەردا بەزەییم بەو کچانەدا دێتەوە کە لەژێر رەحمەتی بێ کاریی و دانەمەزراندندا دانیشتوون و وەک بار بەسەر خێزانەکانیانەوە ماونەتەوە و چاوەڕێی پیاوێک دەکەن شووی پێبکەن و بیانژێنێت و دووبارە بکەونەوە ژێر رەحمەتی کەسێک نازانرێت چۆن و بایی چەند ئامادەیە بەخێویان بکات.
وەک وتراوە هیچ کارێکی شەریف عەیبە نییە و ئەوە شورەییە لەڕووی جەستەییەوە ساغ بیت و کارێکت پێ بکرێت و نەیکەیت، هاوکات کاتێک کەسێک مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو کچانەدا دەکات ئەوە پێویستە بە پێی یاسای کار، خاوەن کار بیانپارێزێت و بەرگرییان لێبکات، نەک لەبەر پارە و لەدەستنەدانی موشتەرییەک بەکاریان بهێنێت، کە بەداخەوە لێرە و لەوێ بابەتی لەو جۆرە روودەدات و نازانم تا چەند خاوەن کارەکان پابەندن بە پاراستنی ماف و سەلامەتی کارمەندەکانیانەوە و تا چەند ئەو کچانەی تووشی رووداوی لەو جۆرە دەبن، پەنا بۆ یاسا دەبەن و داوای مافی خۆیان دەکەن. رەنگە تائێستا زۆربەیان لە ترسی ئابڕووچوون بێدەنگیی و وازهێنان لە کارەکانیان بە باشترین هەڵبژاردە بزانن.

وتارەکانی نوسەر