چین و دیپلۆماسییەتی گەلان

10:47 - 2024-08-25
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
139 خوێندراوەتەوە

لەچەند دەیەی پێشوودا جۆرێکی نوێ لە دیپلۆماسییەت گەشەیکردووە ئەویش (دیپلۆماسیەتی گەلان، یان جەماوەرییە) لەپەنا دامودەزگا رەسمییەکانی دیپلۆماسییەت کە خۆی لە باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە رەسمییەکان دەبینێتەوە، دیپلۆماسییەتی گەلیش پەیدابووە. مەبەستیش لەم جۆرە، واتە ناردنی شاندی هاووڵاتییانە بۆ وڵاتێکی تر کە زۆرجار لەرێگەی ناردنی چین و توێژی جیاجیاوە، دەکرێت پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەت بەهێزتر بکرێت، چونکە بەمشێوەیە گەلان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لایەنی بەرامبەر دەبینن و دەتوانن بە چاوی خۆیان، رەوشی سیاسیی و ئەدەبیی و فەرهەنگیی و وەرزشیی و ئابووریی وڵاتێکی تر ببینن.
لەم چەند دەیەی پێشوودا وڵاتانی جیهان بەتایبەتی زلهێزەکان، گرنگی زۆر بەمجۆرە دیپلۆماسییەتە دەدەن، چونکە وەکو دەرکەوتووە ئەم جۆرەی دیپلۆماسییەت، باشتر دەتوانێت پەیوەندیی نێوان گەلان بەهێزتر بکات، یەکێکیش لەو زلهێزانەی جیهان کە گرنگی زۆر بەم دیپلۆماسییەتە دەدات، وڵاتی چینە، کە ئێستا بۆتە زلهێزێکی مەزنی جیهان. 

 

چینییەکان توانییویانە وێنەیەکی زۆر باشی وڵاتەکەیان پیشانی گەلانی جیهان بدەن، لەهەمانکاتیشدا ئەو وێنە خراپ و ناڕاستەقینەیەی کە دوژمنانیان بۆ چینیان داناوە، راست بکەنەوە

 

بە حوکمی ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە چاودێری رەوشی هەمەلایەنەی ئەم وڵاتە دەکەم، دەبینم چین لەچاو زلهێزەکانی  تری جیهان، زیاتر گرنگی بەم جۆرە دیپلۆماسییەتە دەدات. خودی خۆم لەم سیاسەتەی چین سوودمەند بووم، چونکە دووجار توانییومە سەردانی چین بکەم و لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی سیاسیی و ئیداریی و ئابووریی و فەرهەنگی ئەم وڵاتە ببم. لەم چەند ساڵەی پێشوودا چین لە تەواوی جیهاندا ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتە پێڕەو دەکات، تاڕادەیەکی زۆر باشیش سەرکەوتوو بووە تێیدا، زۆرجار لەرێگەی ئەم شاندە جەماوەرییانەوە، چینییەکان توانییویانە وێنەیەکی زۆر باشی وڵاتەکەیان پیشانی گەلانی جیهان بددەن، لەهەمانکاتیشدا ئەو وێنە خراپ و ناڕاستەقینەیەی کە دوژمنانیان بۆ چینیان داناوە، راست بکەنەوەو وێنەیەکی راستەقینە و  جوانی خۆیان پیشانی گەلانی جیهان بددەن. هەروەها سیاسەت و راوبۆچوونی خۆیان دەربارەی کێشە زۆرەکانی جیهان، پیشانی گەلانی جیهان  بددەن. 
لەمساڵدا هێندەی ئاگاداربم لەچاو ساڵانی تردا، چینییەکان شاندێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستانەوە بردووە بۆ چین، لەرێگەی ئەم شاندانەشەوە، ئێمە وەکو کورد وێنەیەکی تری چینمان دەستدەکەوێت، کە دەتوانم بڵێـم وێنە راستەقینەکەی چینە.
بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەک چۆن لە جۆرەکانی تری دیپلۆماسییەت لاوازە، لەمەشدا هەر لاوازە. دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگی زۆر بەمجۆرەی دیپلۆماسییەت بدات و هەوڵ بدات لەرێگەی بانگهێشتکردنی شاندی هەمەجۆری گەلان بۆ کوردستان بەتایبەتی « نووسەران، رۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، بازرگانان» تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی کوردستان بن، چونکە بەداخەوە دوژمنانی گەلی کورد، ماوەی چەندین ساڵە بە هەموو شێوازێک هەوڵیانداوە، وێنەیەکی ناشرینی گەلی کورد پیشانی جیهان بددەن، ئەم جۆرە دیپلۆماسییەتە، رێگەیەکی زۆر باشە بۆ پیشانی وێنەیەکی باش و راستەقینەی کورد بە جیهان، هیوادارم لە داهاتوودا حکومەتی هەرێم گرنگی بەم جۆرە دیپلۆماسییەتە بدات.

وتارەکانی نوسەر