رووباری سیروان

نیعمەتێكی خودایی لە غیابی پلان و خەمخۆریدا

10:23 - 2024-08-26
د. میقداد شاکەلی
180 خوێندراوەتەوە

د. میقداد شاکەلی



ساڵەهای ساڵە ئەم رووبارە ئاوی پێدا دەڕوات و هاژەی دێ، تەنها هەندێک لە زەوییەكانی چوار دەوری نەبێ، ئیدی سودێكی وای نەبووە بۆ دەشت و شارەكانی گەرمیان، هەتا ئەمڕۆش زەوییەكانی ناوچەكە پتر لە %95ی دێمییە و داهاتێكی وای نییە، چونكە جوگرافیای گەرمیان لە رووی باران بارینەوە دەكەوێتە هێڵی بارانی نامسۆگەرەوە، جگە لە تۆزێ لە ناوچەكانی باكووری نەبێ. بۆیە ئەگەر خەمخۆرێك هەبوایە، دەمێك بوو سوود لە ئاوی رووباری سیروان وەرگیرابوو، هەرچەندە لە گشت هەرێمی كوردستان سوود لە ئاو و چەم و رووبارەكان وەرنەگیراوە، بەڵام دەڤەری گەرمیان لە گشتی زیاتر پێویستی بە ئاو و رووپۆشی سەوزاییە. 
درێژی رووباری سیروان بە گوێرەی ئەوەی (د. شاكر خەسباك) ئاماژەی پێكردووە، لە شوێنی هەڵقوڵانی لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس (رۆژهەڵاتی كوردستان)، تا تێكەڵبوونی بە رووباری دیجلە لە خوارووی شاری بەغدا، دەگاتە 445 كیلۆمەتر. تێكڕای لەبەر رۆیشتنی بۆ چركەیەك 170 مەتر سێجایە و لە دەقەیەكدا دەكاتە 10 هەزار و 200 متر سێجا، كە داهاتی ساڵێكیشی دەكاتە 5.36 ملیار مەتر سێجا ئاوی خاوێن. بەمەش بۆمان دەردەكەوێت، كە ئاوێكی زۆر بێئەوەی سوودێكی وای هەبێ بە ناوچەكەماندا تێدەپەڕێ، لەبەرئەوە پێویستە حكومەتی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان ئەم خاڵانەی دەیخەینە روو لەبەرچاو بگرن:

 

دروستکردنی جۆگەی گەورە دەبێتە هۆی زۆربوونی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی لە دەشتە وشكەكانی گەرمیان

 

لەسەر ئاستی گەرمیان
یەكەم: دروستكردنی جۆگەی گەورەی ئاودێری وەك ئەوەی باڵەجۆ و شێخ لەنگەر و دەشتی گومار، كە  لە سەردمی سەدام حسێندا دروستکراوە و تا ئێستاش سوودی لێوەردەگیرێ، بۆ دەشتەكانی پێباز، مەیدان، قۆرەتو، شێروانە، شاكەل و سەید خەلیل، واتە ئاوخستنە سەر زەوی و زاری ئەو ناوچانە، ئەویش كار دەكاتە سەر:
1- زۆربوونی رووپۆشی رووەكی و پاكبوونی ئاو و هەواو ژینگەی ناوچەكە.
2 -كار دەكاتە سەر كەمبوونەوەی تەوژمی بەتینی گەرمی و دابەزینی لە ناوچەی گەرمیان.
3- دەبێتە هۆی زۆربوونی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی لە دەشتە وشكەكانی گەرمیان.
4- دەبێتە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ گەشتوگوزار، چونكە بەهۆی بوونی ئاوەوە بنەماكانی گەشتوگوزار بە زۆریی دەستەبەر دەبێ.
5-جگە لەوەی زەوییە دێمییەكان دەبێتە زەوی بەراو و بەروبوومیان زۆرتر دەبێ.
دووەم: لەو شوێنانەی گونجاوە، بەنداوی لەسەر دروست بكرێ، كە بەسوودە بۆ:
1 -گلدانەوەی ئاو، وەك سامانێكی نیشتمانی گرنگ بۆ كاتی پێویست.
2- زۆربوونی ئاوی ژێر زەوی.
3- بەدەستهێنانی سامانی ماسی.
4- شوێنێكە بۆ راكێشانی گەشتیار، ئەوەش دەبێتە هۆی زۆربوونی داهاتی گشتی، نەک بۆ تاکەکەس و ئەم و ئەو!
5- گلدانەوەی ئاو هەمیشە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە كارتێكی فشاری بەهێزە.
6- كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی پلەكانی گەرما هەیە.
7- هەندێک جاریش كارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێ.

*پسپۆڕ لە بواری پلاندانانی شاردا

وتارەکانی نوسەر