د. میقداد شاکەلی
کورد بە یەکگرتوویی بچنە پێشەوە و بەشداریی لە بنیاتنانی سوریای نوێدا بکەنەوە
دیسان تورکیا، لە دژایەتی کورد تەنها ساتێکیش راناوەستێ! هەر کارێک پێویست بکات بۆ سڕینەوەی کورد دەیکات، چەندیش قورس بۆی بێتە دی.
تێپەڕبوونی ئەم چەند رۆژە لەبابەت رووداوەکانی سوریا بەسە بۆ ئەوەی ئیدی لە سیاسەتی تورکیا تێبگەی.
سوریا بۆچی گرنگە؟
سوریا بۆ تورکیا گرنگە لەبەر ئەم خاڵانە :
1- دەوڵەتێک لەژێر هەژموونی خۆیدا بێت و بە ریمۆتی خۆی بجوڵێ، چونکە بەو شێوەیە قووڵایی ستراتیژییەکەی قووڵتر دەبێتەوە بەسەر ناوچەکەدا، هەر وەک چۆن سەردەمی بەشار ئەسەد بۆ ئێران قووڵایی ستراتیژی بوو.
2 -بازاڕێکی تیرۆریستی و توندڕەویی لە سوریا قوت دەکاتەوە، کە هەر کاتێ بە پێویستی بزانێت دەیدا بە گژی ئەم و ئەودا.
3- بەمجۆرە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر کوردی رۆژئاوادا، هەروەها نایەوێ جارێکی تر سیستمێکی فیدراڵی وەک ئەوەی عێراق لە سوریاش دووبارە ببێتەوە.
بە کورتی تورکیا هەموو دونیا بە دوژمن دەزانێ لەلایەک و کورد بەتەنها لەلایەکی دیکەوە.
سوریا بۆ کوردیش زۆر گرنگە لەبەر ئەم هۆکارانە :
1- بێگومان سوریای دوای ئەسەد و گۆڕینی سیستمی حوکم و دەستوور، کە بە دڵی کورد بێت، واتە کورد بە یەکگرتوویی بچنە پێشەوە و بەشداریی لە بنیاتنانی سوریای نوێدا بکەنەوە، ئەوکاتە ئەو بەشەی رۆژئاوا، ئەگەر لەژێر هەیمەنەی کورد خۆیدا بێت، بۆ باشووریش پشت و پەنایە و دەبێت باشووریش بۆ ئەوان پشت و پەنا بێت، لەو کاتەدا هیچ هێزێک یان دوژمنێک ناتوانێت بەو سادەییە مەچەکی کورد بشکێنێتەوە، چونکە هەم کورد رووبەری زیاد دەکات، هەم نفوس و توانا.
2- بێگومان چەسپاندنی فیدراڵی لە سوریا، یان کۆنفیدراڵی، ئیدی بۆ پارچەکانی تری باکوور و رۆژهەڵات دەبێتە رێخۆشکەر و هەوێنی پارچەیەکی گەورەی دەوڵەتێکی کورد لە داهاتوودا.
3- رۆژئاوا لە رووی جێۆپۆلەتیکییەوە زۆر گرنگە، چونکە لە هەموو شوێنەکانی تر زیاتر لە ئەوروپا و لە دەریا نزیکە! کۆنترۆڵکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیاوە هەر لە ترسی ئەو نییەتە بوو، نەکا کورد دەستی بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست.
کورد دەبێ چی بکات؟
هەمیشە خاڵی لاوازی کورد، یەکنەگرتنی بووە، دوژمنیش چاک لەو خاڵە لاوازەی کورد تێگەیشتووە و هەمیشە دووبەرەکیی دروستکردووە، هەر کاتێکیش دەست لەنێو دەست بووبن، هیچ دوژمنێک نەیتوانیوە زەفەریان پێبەرێت.