د.میقداد شاکەلی
لەهەموو حزبەکان زیاتر، ئێستا چاوەڕوانی لە یەکێتی دەکرێت کە شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی و دۆخی چەقبەستووی ئەم هەرێمە بەرەو کەناری ئارامی ببات، ئەوەش لە بەر دوو هۆکــــــــــار :
1- لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا کە ناڕێکی و چەوتییەکان باش بکاتەوە، واتا بۆخۆی دەیزانی کە کۆی سیستم خەلەلی تێدا بووە و خەڵکیش زۆر ناڕازییە.
2- پارتی بەهەمان شێواز و هەمان گوتار هەر درێژە بە سیاسەتی خۆی دەدات، وادەردەکەوێت کە بەنیازی هیچ گۆڕانکاریەکیش نییە، تەنانەت لە دیاری کردنی کەسەکانیش بۆ پۆستە حکومییەکان.
کەواتە ئیدی سەردەمی دانووستانە و پێکهێنانی حکومەتە، جگه لە یەکێتی لەم دەڤەرە هیچ حزبێک ناتوانێ رۆڵی کاریگەر لە هەولێر بگێڕێ، بەنەوەی نوێشەوە، کە پێدەچێت وەکو ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە. پارتیش بە تەنیا هیچی پێناکرێت و دەست و باڵی بەستراوە.
دەبێ ی.ن.ک چی بکـــات؟
بێگومان پێش هەموو شتێک، پێویستە دەست بخرێتە سەر کەموکووڕی و برینەکانی رابردوو، واتە کابینەکانی پێشتر، کە خودی یەکێتی هەمیشە بەشدارێکی سەرەکی بووە، جا ئیتر دەبێ قۆڵی لێهەڵبکـــــــات بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەی گرفتەکانی حکومەت و میللەت، ئەویش بە بەرنامە و پلان، تەنیا ئامانجی پۆستەکان نەبێت، بەڵکو دەبـــــــــێت جێدەستی وەدیار کەوێ و راستگۆتر بێت لەتەک میللەت و دەنگدەری خۆیدا.
خزمەتگوزاری و مووچە
لە جیهاندا، سیاسەت و ئەو دوانە لێک جیادەکرێنەوە، ناکرێت میللەت بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی حزبی و ململانێی سیاسی، ئامانجی سیاسەت بە گشتی دوو خاڵە ئەویش خزمەتکردنی وڵات، بەهەموو سێکتەرەکانیەوە، دووەمیش رەنگڕێژکردنی حزب یان گروپ، بۆ پەیوەندی و خۆ بەهێزکردن، بەڵام بەداخەوە، لەهەرێمی کوردستاندا ئاوها نییە، زۆر تێکەڵ و بێ چەند و چۆنییە، ناهاوسەنگ و ناڕێکە، لەنێو هەر ململانێیەکی سیاسیدا راستەوخۆ میللەت زەرەری کردووە، لە بچووکترین ناتەبایی کە مووچەی خەڵک دوادەکەوێت یان نادرێ، جادە و بان و پرۆژەی خزمەتگوزاری دەوەستێت، سیاسەت لێرە بۆتە جەنگێک لە دژی سایکۆلۆژیای تاکی کورد.
دەبێت یەکێتی بەگوێرەی توانا ئەوانە لەیەکتر جیا بکاتەوە، هەروەها ئەم کارانەش بکــــات، کە گومانی خەڵکی بڕەوێنێتەوە:
1- لەنێو حزبەکەیدا دادگایەکی بەهێزی هەبێت، کە کەس جورئەت نەکات گەندەڵی بکات، لێپێچینەوە لە دوو کەس، ئەوانی تر دەترسێنێ و توخنی گەندەڵی ناکەون.
2- لەسەر ئاستی حکومەتیش گوێی ئەوانە راکێشێ کە دەتوانن خزمەتی میللەت بکەن و نایکەن!.
3- زۆرجار هەندێک باس و خواس لەسەر بازرگانیی ناشەرعی و قاچاخچی شتومەک دەکرێت، بەتایەتی لە سنووری سەوزدا، دەبێت یەکێتی بنەبڕی بکات.
بەهێزبوونی حزب، تەنها پارەو داهات نییە، بەڵکو باوەڕ و متمانەی خەڵکیشە، بۆیە یەکێتی لەسەریەتی باوەڕ و متمانە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە، ئەویش بە کردار لەسەر زەمینی واقیع.