دیاردە دزێوەکان

نەریتی تەلەفۆنکردن لای هەندێکمان

11:04 - 2024-08-27
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
93 خوێندراوەتەوە

- 22 -

ئەم تەلەفۆنی مۆبایلە نیعمەتێکی زۆرباشە ئەگەر وەک پێویست قەدری بزانین و ئامێرێکە لە دەرگایەکی فراوانەوە کەوتۆتە خزمەتی مرۆڤایەتی و کارئاسانییەکی تەواو دەکات بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە لە گەلێک بواری ژیانیدا و تەنانەت خەریکە دەبێت بە هەموو ژیانیشی و وەک هەموو داهێنانێکی تەکنۆلۆجیای نوێ خێری زۆرە، لە هەمانکاتدا شەڕیشی هەیە. لێرەدا باسی شەڕەکەی ناکەم کە بەشی خۆی سەرئێشەی بۆ دروستکردوین، بەڵام باشە و خێرەکەی هەر لە باسکردن نایەت و ئەمڕۆ بەشەری سەر ئەم گۆی زەوییە زۆر بە ئاسانی لەمپەڕی دنیا بۆ ئەوپەڕی پەیوەندیی لەگەڵ یەکتر دەکەن و لە هەواڵی یەکتر بەئاگان و هیچێکی وایشی تێناچێت.
لای خۆشمان هەمان شتە و رێی دووری بۆمان نزیک کردۆتەوە و ئەگەریش بخوازین و گۆڕانکاریی نێگەتیڤ لە مۆراڵ و رەفتارماندا نەهاتبێتە ئاراوە، کە بێگومان هاتووشە، ئەوە دەتوانین لە رێگەی ئەم ئامێرەوە باشترین و توندوتۆڵترین پەیوەندیی خزمایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ یەکتر بنیات بنێین. کەچی لای خۆمان هەندێجار تەلەفۆنکردن دۆخێکی کاریکاتێری و دزێوی هەیە. تۆ ئەگەر لەسەر خۆش قسە بکەیت، کە هەر دەبێ وابێت، ئەوە بەرامبەرەکەت دووربێت یان نزیک هەر گوێی لێتە و پێویست بە قیڕەقیڕ ناکات و بە دڵنیاییشەوە خەڵکانی دەوروبەرت بێزار دەبن، بێجگە لەوەش تۆ بەم دەنگ بەرزییە هەموو سڕوتڕی خۆت لای خەڵکێکی نەناس و نامۆ ئاشکرا دەکەیت کە پێویست نییە بیزانن و زۆرجار ئەو جۆرە تەلەفۆنانە لای ئەهلی بازاڕ و سەودا و مامەڵەچی نهێنی کار و کاسبییەکەیانی تێدایە.
رێدەکەوێت تۆ لەناو پاس و تاکسی دایت و تەلەفۆن دەکەیت یان بۆت دێت هێندە دەنگ بەرز دەکەیتەوە، بێجگە لە بێزارکرنەکەی چواردەورت هەموو دەزانن تۆ کێیت و چ کارەیت. نەخۆشخانە جێگەی چارەسەر و حەوانەوەی نەخۆشە، تۆ کە دەچیت بۆ سەردانی بە دەنگی بەرز هەواڵی مەگەیەنە بە خزم و دۆستەکانی تری و لە تەنشتییەوە یان لەبەر ژوورەکەیدا و لەژێر ئەو تابلۆیەدا مەقیڕێنە کە لێی نووسراوە (بەکارهێنانی مۆبایل لێرە قەدەغەیە) و پڕ بە دەنگی خۆت هاوار بکەیت و بڵێیت: خوا رەحم بکات وەزعی باش نییە! ، ئاخر ئەمە چ زەوق و ماریفەتێکە. 
ئێستا شتێکی تر پەیدابووە و هەندێک لە گەنجەکانمان، بە کوڕ و کچەوە، لە بازاڕ و شەقام و شوێنی کار و نازانم کوێی تردا هێدفۆنێک لەگوێ دەکەن و مافی خۆیانە گوێ لە چ موزیک و گۆرانییەک دەگرن، بەڵام کە تەلەفۆنێکی بۆ دێت دیسان بە دەنگی بەرز دەکەوێتە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا و بە چاویش تەماشای تۆ دەکات و وا دەزانیت لەگەڵ تۆیەتی.
ئێمە لە ژیانی رۆژانەماندا ئەم بە دەنگی بەرز قسەکردنە بووە بە نەنگییەکی گەورە بۆمان و سەیر ئەوەیە خوێندەوار و نەخوێندەواریشمان وەک یەک پیادەی دەکەن و بووە بە کەلتورێکی قەباحەت لەلامان. باشە بۆ ئێرانییەکان بە فارس و ئازەری و کوردەکەشیانەوە گفتوگۆت لەگەڵ دەکەن، بە تەلەفۆن بێت یان رووبەڕوو، بەحاڵ گوێت لە دەنگیانە؟ دیارە ئێمە ئەم خووە خراپە لە دوو گەلە دراوسێکەی ترمانەوە فێربووین کە ئەوانیش لە ئێمە خراپترن، یان ئەوەیە ئێمە هەر خۆمان واین و با دەستی چەوریشمان بە کەسی تردا نەسوین و هەوڵ بدەین خۆمان چاک بکەین.

وتارەکانی نوسەر