محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
- 31 -
لە سەرژمێریی ئەم دواییەدا ناوی بژمێر داهێنرا بۆ ئەو کەسانەی راستەوخۆ بە ماڵاندا دەگەڕان و ناوی کەسانی خێزانیان دەنووسی لە بەرانبەر وشەی عەدادی عەرەبیدا. هەرچەندە ئەم ناوە لەسەر زاران خۆشە و زمانی کوردیی وشەیەکی بۆ زیادبوو و پێموایە تازە جێگەی خۆی دەگرێت و قەیدی چییە خۆ زیانی بۆ پەزەکان نییە. کاتی خۆیشی رەوانشاد مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم وشەی بنووسی بەکاردەهێنا بۆ نووسەر یان کاتبی فەرمانگەی حکومی، کە جاران ئەم پۆستە لە فەرمانگەکانی حکومەتدا هەبوو و ئەویش بۆ جیاکردنەوەی لە نووسەر یان ئەدیب ئەم وشەی بنووسەی بۆ بەکاردەهێنان. بە هەرحاڵ دەتوانرا لە جیاتی بژمێر، ناونووس بەکاربهێنرایە و لە مێژووی ئامار و سەرژمێریی عیراقدا لای کورد ئەم وشەی (ناونووس)ە چەسپی بوو و لای خەڵک ئاشکرابوو بۆ چ مەبەستێک بەکاردێت، خۆ هەر لە وشەیەکی نوێ دەگەڕان رەنگە ئامارساز گونجاوتر بوایە.
کورد لەگەڵ ئەم ناونووس یان بژمێرانەدا ئەزموونێکی تاڵی هەیە لە سەرژمێرییەکانی ساڵانی 1934 و 1947 و 1957دا کە لە عیراقدا کران و تائێستاش بە دەست گەلێک لایەنی ناپەسەند و ناهەموارییەوە دەناڵێنێت و بووە بە تەوقی عەزازیل و چووەتە ملی. لەبەرئەوەی کە خەڵکی کورد لەو سەردەمەدا بە زۆریی نەخوێندەوار بوون و بۆ سەرژمێریی گوند و شارۆچکە کوردییەکان، بە زۆریی تورکمانی کەرکوک، هەولێر، کفری، خانەقین و شوێنانی تریش بۆ ئەرکی ناونووسین راسپێردراون و ئەودەمەش هەندێک ئەجێندا و پیلانی ئەملا و ئەولا هەر لە ئارادا بوون و نەتەوەی زۆرێک لەو خەڵکە نەخوێندەوار و رەشۆکییە بە کورد نەنووسراوە و ئەمە تائێستاش بە دەستیەوە دەناڵێنین.
بێجگە لەوەش ناونووسە تورکمان و تەنانەت کوردە شلە شارییەکانیش کە ئەو دەمە بۆرە خوێندەوارییەکیان هەبووە، زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبووە لە بارەی دابونەریتی خەڵکی دێهات و عەشایرەکانەوە و زۆربەی ناو و نازناو و شوێنەکانیان بە هەڵە نووسیوە و دواتر کە لە تۆمارەکانی باری شارستانی (نفوس)دا جێگیر کراون، بۆ ئەو خێزانانە بووە بە کێشە و هەندێکیان تائێستاش بۆ نەوەکانیان چاک نەکراوە. بۆ نموونە من ماڵە خزمێکم هەیە سەر بە عەشیرەتی تەرخانین لە هۆزی جاف و کاتی خۆی لە یەکێک لەو سەرژمێرییانەدا کە لە سەرەوە باسم کردن لە خانەی نازناویاندا لەجیاتی ناوە دروستەکەی تەرخانی نووسراوە (کەرخانی) و تائێستاش ئەوە چەندین ساڵە بۆیان چاک نەکراوە و هەر بەو شێوەیە رۆیشتووە.
بێجگە لەوە زۆرێک لە ناوی تاکەکانیان بە هەڵە نووسیوە و دواتر بە زەحمەتێکی زۆر چاککراوە یان هەر نەکراوە.
دۆستێکی ئاگاداری خەڵکی هەولێرم بۆی گێڕامەوە کەوا کاتی خۆی لە گوندی باشتەپە پیاوێکی قۆشمە و قسە خۆش هەبووە، کاتێک ناونووسێکی نیمچە کورد و نیمچە تورکمانی قەڵا چووە بۆ سەرژمێری، لەم پیاوەی پرسیوە تیرە و نازناوت چییە و ئەویش بە سوعبەت و قۆشمەیی خۆی وتوویەتی بنووسە (نێرەکەری باشتەپەی)، کە ئەمە لە نەریتی میللیی هەولێرییاندا بە واتای پیاوی ئازا و کەڵەمێرد دێت. کابرای بژمێر یان ناونووسیش بێئەوەی بزانێ کە ئەمە سوعبەتە و رەنگە هەر تێنەگەیشتبێت مەسەلە چییە رێکوڕەوان ئەم لەقەبەی بۆ نووسیوە و دوای ساڵانێکی زۆر قیر سپی بوو ئەوجا نەوەکانی توانیویانە چاکی بکەن. جا نازانم بژمێرەکانی ئەم سەرژمێرییە چەند کەتنی لەم چەشنەیان کردووە.