دیاردە دزێوەکان

سەهۆڵەکە

09:34 - 2024-12-08
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
125 خوێندراوەتەوە

-33- 


کاتێک ئێواران بە گوزەری سەهۆڵەکەی شەقامی سالمدا تێدەپەڕیت لە شاری سلێمانی، یان لە چایخانەیەکیدا دادەنیشیت، زۆر دڵخۆش دەبیت، بەو هەموو گەنجەی کە هەر یەکێکیان خەریکی کارێکە، یەکێک چای دەگێڕێت، یەکێک کۆشکێکی داناوە چەرەزات و شیرینی و شەربەتی تێدا دەفرۆشێت و دەیانی دیکە. ئەمە یەکەم، لە دەستبەتاڵی و ئەرک و خەرجی خستنە سەر باوک و دایک رزگاری دەکات و دووەم، سەرچاوەیەکە بۆ بژێوی خۆی و رەنگە هاوکاریی ماڵەوەشیان بکەن، وەک لە زۆریان پرسیارم کردووە.
زۆرێک لەم گەنجانە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەشیان تەواوکردووە و دڵنیابوون لەوەی چیتر حکومەت، وەک زەمانی ئێمەمانان، بە ئەرکی خۆی نازانێت لە کەرتی گشتی یان حکومیدا دایانبمەزرێنێت، هەڵبەت بە ئەرکی خۆیشی نازانێت لە پرۆژە و کەرتی تایبەتیشدا کارێکیان بۆ بدۆزێتەوە بە دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە یان بەبێ ئەوەش.
ئێستا ئەم وڵاتە وایلێهاتووە هەرکەس ئازابێت و واسیتەیەک بدۆزێتەوە لە شوێنێکەوە رەنگە کارێکی دەست بکەوێت، سوپایەک گەنجی بێکاریش بۆ خۆی دەسووڕێتەوە و هیچ کارێکی دەست ناکەوێت و زۆرێک لەمانەش بڕوانامەی زانکۆیان بە دەستهێناوە و ساڵانەش بە لێشاو دەرچووی ئامادەییەکان وەردەگیرێن و بە لێشاویش دەرچووی زانکۆکان بڕوانامەی جۆراوجۆر بەدەست دەهێنن و دەڕژێنە ناو بازاڕی بیکارییەوە، هیچ پلانێکی حکومەتیش لە ئاسۆدا دیار نییە بۆ بە دەستهێنانی کار. 
لە خەڵکی ئاگادار و متمانەپێکراویش بیستوومە هەڵگرانی بڕوانامەی ماجستێر و دکتۆرای ئێمە، لە وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات و خۆرئاواش هەرگیز لەو وڵاتانەی بڕوانامەکانیشیان لێوەرگرتووە، کاریان دەستناکەوێت و ئەمەش گومان و لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. راستییەکەی ئەگەر کار وابڕوات لە وڵاتی ئێمە بە عیراق و هەرێمی کوردستانیشەوە ئەوە مەترسییەکی جدی روو لە پاشەڕۆژی گەنجەکانمان دەکات، ئەگەرچی ئێستا لەو مەترسییەدا دەژین و کاریگەییە نەرێنییەکانی لە سەرجەم بوارەکانی ژیانماندا رەنگیداوەتەوە و کەس لەم وڵاتەدا چارەسەری لەلانییە و کار واکەوتووەتەوە هەر کەسە و لای خۆیەوە تەنها بیر لە پاشەڕۆژی خۆی و منداڵی دەکاتەوە و ناشگاتە هیچ دەرئەنجامێک.
بە حوکمی ئەوەی پێش خانەنشین بوونم لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووم، زۆر گەنجی دەرچووی زانکۆ تائێستاش رووم لێدەنێن کارێکیان لە شوێنێک بۆ بدۆزمەوە و کاتێک پێیان دەڵێم منداڵی خۆم هەیە دوو بڕوانامەی زانکۆی هەیە و ئێستا بێکارە، لە سەردەمێکدا کە هێشتا دنیای گەنج بەم شێوەیە قوڕی پێدا نەدرابوو، دەمتوانی وەک خەڵکانی تر بیکەم، بەڵام نەمکرد و نەمویست لە منداڵی خەڵکی تر جیای بکەمەوە و بەمەش زیانم لە منداڵەکەمدا، بەڵام ویژدانی خۆمم ئاسوودە کرد.

وتارەکانی نوسەر