دیاردە دزێوەکان

دنیاکە گۆڕاوە

09:55 - 2024-12-15
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
66 خوێندراوەتەوە

-34- 

لە جارانی قۆناغی رۆمانسیی ناسیۆنالیزمماندا حزب و حزبایەتی تام و بۆیەکی تایبەتی خۆی هەبوو. ئەمە بۆ حزبی چەپ و کۆمۆنیستیش هەروابوو. هەر کە بە خوایشت و باوەڕەوە دەبوویتە هەوادار یان ئەندامی حزب لە سەرەتاوە وایان گۆش دەکردیت کە خۆت بۆ خەبات و تێکۆشانێکی سەخت ئامادە دەکەیت، رەنگە زیندانیی، ئەشکەنجە و تەنانەت کوشتنیش چاوەڕێت بن و قسە لەمسەر خۆشە، ئەگەر ئەم کارەت پێدەکرێت بەخێربێیت و لەگەڵمان بەردەوامبە، ئەگەرنا کەس زۆری لێنەکردویت، بڕۆ لە ماڵی خۆت دانیشە و دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە با نەیبات. کەم کەس بەم شێوە ژیانە ملکەچییە رازی دەبوو و بە نەنگییەکی گەورەی دەزانی. بۆیە شانی دەدایە بەر و کۆی لە هەورازە رێی خەبات نەدەکردەوە.
هەر ئەم قەناعەت و باوەڕە بوو کە رێنمایی لاوانی دەکرد ببنە پێشمەرگە و لە پێناوی گەلەکەیان و باوەڕی خۆیاندا شەهیدببن و خەڵکیش بە شکۆ و شانازییەوە یادیان بکاتەوە، یان لە خەباتی نهێنی و ژێرزەمینیدا ژیانی خۆی و خێزانی بخاتە مەترسییەکی بێ ئامانەوە و سووربێت لەسەر ئەو رێبازەی هەڵیبژاردووە. لەم رووەوە گەلی ئێمە شکۆیەکی گەورەی تۆمارکردووە و تێکۆشەران و خەباتگێڕانی لەخۆبووردوی ئەوسامان بوون بە ئایکۆنی لەبیرنەکراو لە یادەوەریی نەوەکانماندا.
ئەو دەمە کەسی خەباتگێڕ بیری لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆی نەکردەوە و ئەرکەکانی بە لەخۆبووردوییەوە جێبەجێ دەکرد و هیچی تری نەدەویست، سەرخستنی پەیامی گەل و بیروباوەڕەکەی نەبێت، بەڵام کە دنیا گۆڕا، بەرژەوەندی و بزنس و پارە هاتەئاراوە، تەواوی ئەو بەهایانە ئاوەژوو بوونەوە و لای زۆر کەس، نەک هەمووی، مەسەلەکە بوو بەوەی تا چەند بەرژەوەندیم دەپارێزیت و خزمەتی گیرفانم دەکەیت، ئەوەندە لە گەڵتدام و تاچەند بتوانم داتدۆشم، ئەوەندە خزمەتت دەکەم، دەنا سەنگەری (خەباتی) ئەوبەر ئامادەی لە باوەشگرتنی (خزمەتەکانمە) و لێرەوە چەندم پێدەبەخشیت ئەوەندە خزمەتت دەکەم و دیاردەی هەلپەرست (ئۆپۆرتونیزم) پەرەیسەند و بوو بە بەهای باو.
دەگوترێت هەر ئێمەنین، ئەم پەتایە تیاماندا تەشەنەی کردووە، ئەمڕۆ بووە بە دیاردەیەکی باوی سیاسەت، لە سەرجەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو حزب و گروپێکی سیاسیی و تەنانەت ئایینیش دەیکات و کەس هیچی پێ عەیب نییە و لە شاری کوێرانیشدا کوڕی ئازا ئەوەیە دەست بە چاویەوە بگرێت و ئەهلی بیروباوەڕ، ئێستا کەمینەیەکی بێ کاریگەرن.
جاران سیاسەت ئامرازی بەرخودان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵک بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە زۆر رووەوە بووە بە پیشە و جۆرێک لە بازرگانی بە هەموو بەها پیرۆزەکانی خەڵکەوە، لەبەرئەوەی دنیاکە گۆڕاوە و شتەکان لە شوێنی خۆیاندا نەماون.

وتارەکانی نوسەر