سایكۆلۆژیای سێڵفی

كاتێك گرنگییدان به‌ رواڵه‌ت ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی ده‌روونی

09:54 - 2024-08-28
د. عومەر عەلی ئەحمەد
256 خوێندراوەتەوە

د. عومەر عەلی ئەحمەد*


رەنگە پێمان وابێت کە سێڵفی شتێکی نوێیە، وەک چۆن زاراوەی «سێڵفی» بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013 لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا دەرکەوت و بە خێرایی بوو بە وشەیەکی گشتی، بەڵام سێڵفی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتنی فۆتۆگرافی، یەکەم سێڵفیش لە ساڵی 1839 گیراوە، لەلایەن رۆبەرت کۆرنێلیۆسێکی ئەمریکییەوە. 

 

ئالوده‌بوون به‌ ئامڕازه‌ ته‌كنۆ‌لۆجییه‌كان و زۆر سێڵفیگرتن، به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانی فلته‌ر بۆ رووخسار جوانكردن، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی رووخساری خۆی داپۆشێت، چونكه‌ خۆی پێ په‌سه‌ند ناكرێت و خۆی پێ جوان نییه

وێنه‌ی سێڵفی
به‌هۆی  په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شۆڕشی ته‌كنۆ‌لۆجی دیارده‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی به‌تامی دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونی هاته‌ ئاراوه‌ به‌ ناوی (وێنه‌ی سێڵفی) كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ره‌فتار و ئایدیا و بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان هه‌یه‌. هه‌روه‌كو (رۆلاند بارت) ده‌ڵێت « کاتێک ناتوانرێت بەسەر دیاردەیەک، نەخۆشییەکی مۆدێرن، یان تەنانەت «ئەفسانەی هاوچەرخ»دا زاڵ بیت، ئه‌وا پێویستە کۆمەڵناس، دەروونناس، یان کەسێکی دیکە له‌و دیارده‌یه‌ بڕوانێت، رەهەندەکانی روون بکاتەوە و سنوور و پێناسەی بۆ دابنێت کە هاوتا بێت لەگەڵ سەردەم و مرۆڤایەتی». کەواتە چی روو دەدات، ئەگەر دیاردەی سێڵفی، یان یەکێک لە نەخۆشییەکانی سەردەمی دیجیتاڵ ته‌نگ به‌ بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاره‌ مرۆڤایه‌تی هه‌ڵچنێت؟

دوو به‌ره‌ 
رۆژانە نزیكه‌ی 500 ملیۆن کەس تایبەتمەندی «ستۆری» لە ئەپڵیکەیشنی ئینستاگرام بەکاردەهێنن، هاوكات رۆژانە 93 ملیۆن «سێڵفی» لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانەوە وێنە دەگیرێت. هه‌رزوو، ئه‌م دیارده‌یه‌ توێژه‌ره‌كانی بۆ دوو به‌ره‌ په‌رت كرد، به‌ره‌ی یار له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ سێڵفی هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و لایه‌نی ئه‌رێنییشی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوی خۆیان له‌سه‌ر دیواره‌كان بنووسن وەكو ئه‌وه‌ی له‌ پێشوتردا ده‌یانكرد، ئێستا به‌ دانانی وێنه‌یه‌ك و پۆستكردنی له‌ سۆشیال میدیا سه‌رنجی زۆرینه‌ بۆلای خۆیان راده‌كێشن. جیاله‌وه‌ش توێژه‌ره‌كان پێانوایه‌ كه‌ سێڵفی گرتن ته‌نها بۆ نیشاندانی وێنه‌ی رووخساری كه‌سێك نییه‌ به‌ڵكو بۆ تۆماركردنی رووداوێك یان ساتێك یان شتێك به‌كارده‌هێنرێت. له‌م باره‌وه‌ توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ دەڵێن: (مەرج نییە ئەوانەی وێنەی خۆیان دەگرن لە غروره‌وه‌ ئەو کارە بکەن، بەڵکو لەبەرئەوەی سێڵفی «مانای گەورەتری ساتەکە» دەگرێت بۆیه‌ جێگه‌ی بایه‌خه‌). زیاد له‌وه‌ش ئلیزا لیبی، مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ دەڵێت: «ئەم وێنانە، دەتوانن مانای گەورەتری ساتێک بەڵگەدار بکەن». واتە: نابێت هەمیشە له‌ غروره‌وه‌ هاتبێت.
گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی ده‌رووناسی و سه‌رێك له‌ قوتابخانه‌ی شیكاری ده‌روونی بده‌ین، ده‌بینین سیگمۆند فرۆیدی دامه‌زرێنه‌ری لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە،  تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ زۆرێک لە نەخۆشەكانی كه‌ ژن بوون، لە شاری ڤێنیسی پایتەختی ئیتاڵیا، تووشی حاڵەتێکی «وەساسی ئیفلیجی» بوون، کە بریتییە لە بێتوانایی لە رۆیشتن بەبێ بوونی هۆکاری جەستەیی روون، دواتر شیكاری كردووەو بۆی ده‌ركه‌وت، ئه‌م ژنانه‌ بۆیه‌ توشی ئه‌و دۆخه‌ بوون چونكه‌  به‌دوای سەرنجدانی به‌رامبه‌ردا  ناگەڕێن. هه‌ربۆیه‌‌ سه‌نجدان گرنگه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت له‌رێگه‌ی سێڵفی و دانانی پۆستێكه‌وه‌ سه‌رنجی به‌رانبه‌ره‌كانی راكێشێت.

نه‌رگسیزم
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، به‌ره‌ی نه‌یار و به‌شێك له‌ توێژه‌ره‌كان پێانوایه‌ زیاده‌ڕۆیی له‌م دیارده‌یه‌ هۆكارێكه‌ بۆ دروستكردنی كێشه‌ی ده‌روونی و توشبوونی مرۆڤ به‌ نه‌رگسیزم. جیا له‌وه‌ش فرۆید دەڵێت: « کەمێک خۆشویستنی خود شتێکی ئاساییە، بەڵام رەنگە بگۆڕێت بۆ نەخۆشییەکی دەروونی، کاتێک مرۆڤ خۆی خۆشدەوێت تا ئەو رادەیەی توانای خۆشویستنی کەسانی دیکەی لەدەست دەدات و ئەمەش مانای نەرگسیزمە». له‌  ئێستادا زۆربەی خەڵک دیمەنە تایبەتەکانی خۆیان دەگرن و بڵاویان دەکەنەوە ئەمە بە زۆری کارێکی ئاساییە، بەڵام کاتێک بەدرێژایی رۆژ دەگۆڕێت بۆ وەسوەسە و ڕەفتاری دووبارەبووەوە، مەسەلەکە جیاوازە.
زۆر لێکۆڵینەوە هه‌یه‌ کە باسییان لەو دیاردەیە کردووه‌، بەو پێیەی دیاردەیەکی نەرگسییە و لەنێو زۆربەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتدا بەربڵاوە.  ‌«نەرگسیزم»، کە نەخۆشییەکی دەروونییە کە تایبەتمەندە بە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خۆیی و هەستکردن بە باڵادەستیی و خۆبەزلزانین بەهۆی پێویستی بە سەرسامی کەسانی دیکە. دەروونناسەکان پێیان وایە ئەم دیاردەیە نیشاندەری حاڵەتێکی ئالوودەبوونە کە لە ئەنجامی قەرەبووکردنەوەی نەبوونی خۆشەویستی و سەرسامی کەسانی دیکەوە دێتە ئاراوە، هەرچەند لایکی وێنەکە زیاتر بێت، سێڵفی گرنگە زیاتر وەک سەرسامی کەسانی دیکە لێکدەداتەوە.
ئالوده‌بوون به‌ ئامڕازه‌ ته‌كنۆ‌لۆجییه‌كان و زۆر سێڵفیگرتن و به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانی فلته‌ر بۆ رووخسار جوانكردن، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو كه‌مووكوڕییه‌كانی رووخساری خۆی داپۆشێت، چونكه‌ خۆی پێ په‌سه‌ند ناكرێت و خۆی پێ جوان نییه،‌ له‌م باره‌وه‌ پزیشكی ده‌روونی فەزەل شێهیمی پێی وایە، کە زیادەڕەوی لە سێڵفی گرتن، زیاتر ئامانجی «داپۆشینی کەموکوڕییەک»ە نەک بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون. 
زۆرجاران سێڵفیگره‌كه‌ چه‌ندین سه‌رچڵی ده‌كات كه‌ ژیانی خۆی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ نووسەری فەرەنسی ئێلسا گۆدار، فەیلەسوف و دەروونناس، له‌ كتێبێكدا به‌ ناونیشانی ( من سێڵفی ده‌گرم، كه‌واته‌ من هه‌م) سەبارەت بە دار سێڵفی دەڵێت: « هەندێک كه‌س وایده‌بینن ئامڕازێکە مەبەستی گەڕانە بەدوای جوانناسی و ئاسوودەییدا، به‌ڵام زۆر رووداوی کوشندە بەسەر هەڵگرانیدا هاتووە له‌ رێگه‌ی داری سێڵفییه‌وه‌«.
كه‌واته‌ رەنگە دیاردەی سێڵفی تایبەتمەندییەکی ئەرێنی هەبێت کە زۆرێک لە کەسانی گۆشەگیر و ئەوانەی هەست بە تەنیایی دەکەن، هەست و وێنەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەیەکەوە دەبەستنەوە و پشکی هاندانیان لەوەدا هەیە، یان رەنگە سێڵفییەکە بەشداربێت لە باشترکردنی بیرۆکەی کەسێک سەبارەت به‌دەرکەوتنی، تاوه‌كو زیاتر هەست بە رەزامەندی دەروونی و خۆشەویستی خۆی بکات، بەڵام دەتوانرێت وەک دیاردەیەکی دەروونی مەترسیدار تێبگەین ئەگەر ببێتە ئامانج،  كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی زۆر خوپێوه‌گرتنه‌وه‌ ببێته‌ ئالوده‌بوون و دواتر ببێته‌ نه‌رگسیزم و چه‌ندیین كێشه‌ و گرفتی ده‌روونی كه‌ كه‌سه‌كه‌ توانای خۆشویستنی ئه‌وانی تری نه‌مێنێت جگه‌ له‌ خۆی. 

 

 

 

وتارەکانی نوسەر