هەرگیز، ئازار و داخ و حەسرەتی خیانەتەكان، ئازاری لەدەستدان و شەهیدبوونی ئازیزانمان لەبیرناباتەوە، 31ی ئاب هەر یادی خیانەتێكی گەورە نییە، بەداخەوە یادی شەهیدبوونی تێكۆشەر و سەركردە و رووناكبیر و هونەرمەندێكیشە كە مەحاڵە لەیادبچێت، یادی شەهیدبوونی كاك ئازاد هەورامی-شە. یەكەمجار كاك ئازادم لە ناوەندی كۆمەڵە لە نێوزەنگ بینی و هەرزووش لێك نزیك كەوتینەوە، هەم بە حوكمی ئەوەی ئەو ئەندامی ناوەندی و سەركردایەتیی كۆمەڵە بوو، هەم بە حوكمی نزیكی تەمەن، هەم بەهۆی ئەوەی حەزی بە هونەر بوو، ئیتر لەو سات و كاتەوە، پەیوەندییەكی برایانەمان هەبوو، زۆرترین جار و كات كە من كاك ئازادم تیا بینی، ئەو ساڵانە بوو كە بارەگای ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان و تیپی مۆسیقای شەهید كارزان لە بەرگەڵوو بوون، لەو ساڵانەدا، شەهید چەند جارێك رێی كەوتە ئەوێ و هەموو جارێكیش چەند رۆژێك لامان دەمایەوە، شەوانیش بە چەند سەعاتێك بەر لە خەوتن، دەهاتە لامان و پاش چاكوچۆنی و گفتوگۆ لەبارەی سیاسەت و هونەر و ئەدەبەوە، لە دیار چرایەكی كز، یان هەندێكجار گڵۆپێكی زەردی بێهێز، دەستی دەدایە گیتارەكە و ئیتر گۆرانی و سروود دەبوونە میوانی مەجلیس، مەراببوسی گول نەراقی و رێی خەباتی هاوڕێیانی سەرەتاكانی كۆمەڵە و جێی ناهێڵین، هەموو داخ و ئازار و حەسرەتەكانیان بیردەبردینەوە و تا دوای نیوەشەو هەموومان لەژێر خێمەیەكدا لە شەوی بەرگەڵوودا دەبووینە كۆرس و كۆڕاڵ و كاك ئازادیش مایسترۆ.
هەر واش بوو، كاك ئازاد تێكۆشەر و مایسترۆی خەباتی نهێنی بوو لە شاری كەركوك، كە هاتیشە شاخ مایسترۆی رووناكبیری و تێكۆشانی شاخیش بوو، كە چووشە بادینان سەرمەشقی ئازایەتی و لێهاتوویی بوو. ئەو رۆژەی كاك ئازاد شەهید بوو، پاش ئەنفالی حەوت بوو، لە بەرەی شەڕی بەرگریی بوو، ئێمە-ئێزگە-بەكاتی چووبووینە كاولان لە سنوری گوندی ئاڵوەتانی كوردستانی ئەودیو، لەخێمەكەدا دانیشتبووین، كاتی پەیوەندی بوو بە بێتەل، كاتێك كاك بەختیاری عەدەدجیهاز جیهازەكەی داگیرساند و كەوتە پەیوەندی، بە -موجەفیرە- هەواڵەكەی وەرگرت و بە دڵی پڕ گریانەوە پێیوتین: بەداخەوە كاك ئازاد هەورامی شەهید بووە. رۆژێكی ناخۆشی تر چووەسەر رۆژە پڕ حەسرەتەكانی رۆژژمێری شەهیدانەوە، كاك ئازادی سەركردە و نووسەر و هونەرمەند شەهیدبوو. من یەكسەر، شەوانی بەرگەڵوو و گیتارەكەیم هاتەوە بەرچاو و دەنگی هاتەوە بەرگوێم، كە رێی خەباتی ئەوتەوە.
تۆ 36 ساڵە بارگەت پێچاوەتەوە و ئۆغرت كردووە و ناوێكی پڕ دەنگ و ئەستێرەیەكی درەوشاوەی رێی كاكێشانی و دەشزانم چیتر ناتبینمەوە، كەچی من هەر چاوەڕێم جارێكی تر بمانبەیتەوە بەرگەڵوو و پێكەوە سروودی رێی خەباتمان بڵێینەوە!.