بۆچی پێویستە دەنگ بە لیستی یەکێتی ژمارە ١٢٩ بدرێت؟

10:19 - 2024-10-13
شوان کەریم کابان
78 خوێندراوەتەوە

دیموکراسی زۆر لایەنی باشی هەیە، وەک زۆربەی خواردنەکان، بەڵام لایەنی خراپیشی هەیە! لەوانەیە تۆی خوێنەری بەڕێز پێت سەیر بێت، چۆن دەبێ دیموکراسی کە ئەو هەموو وەسفە دەکرێت و پیایدا هەڵدەدرێت، کەچی بڵێین، شتی خراپیشی تیایە! بەڵێ، لە هەڵبژاردندا کە پایەیەکی سەرەکیی دیموکراسییە، هەموو حزب و گروپ و بزوتنەوە و کەسێک دەتوانێت بەشدار بێت و وەکو یەک مافی هەبێت، ھیچ جیاوازییەک نییە حزبێک دەیان ساڵ بێ هەبێت و هاوپەیمانییەکیش کە تەنها چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن پێک هاتبێت و تەنیا بۆ هەڵبژاردن دروست بووبێت، وەک یەک مافی بەشداربوونیان هەبێت.

هەزاران شەهیدی داوە بۆ کوردستان
 حزبێک کە هەزاران شەهیدی هەیە و دەیان هەزار پێشمەرگە و هەزاران زیندانی سیاسی و کەم ئەندامی سەنگەر و رێکخستن و تێکۆشەری دیرینی هەبێت، دەریایەک خوێنی بەخشیبێت و بزوتنەوەیەکیش کە خاوەنەکەی بازرگان بێت و لەبری خوێن بەخشین ئاو ببەخشێتەوە و بە پارەی خەڵک و حکومەت خۆی دروست کردبێت، هەمان مافی بەشدارییان هەبێت! حزبێک کە خەبات و تێکۆشانی شانزە ساڵی پڕ لە زەحمەت و نەهامەتی لە شاخەوە درێژەپێدابێت بۆ نێو شار و بۆ نێو خەباتی دیپلۆماسی و دیموکراسی و پەرلەمانی و شانی دابێتە بەر هەموو ئەرکە قورسەکان،  یان هاوپەیمانییەک یان بەرەیەک کە لە جادەی تەختدا دروست بووبێت بۆ مەبەستێکی تایبەت و کەسی، هەمان مافی بەشداربوونیان هەبێت.
 حزبێک کە خەبات و تێکۆشانی چەند ساڵەی سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندبێت و خۆی بە خزمەتکاری کورد و کوردستان بزانێت، لەگەڵ حزب و تاقمێکدا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هەموو کوردستان هەڕاج بکات و بە خەیاڵیدا نەیەت، یەک مافیان هەبێت. 
حزبێک کە خەمی بەردەوامی خۆشگوزەرانی خەڵک بێت و داکۆکیکار بێت لە مافەکانیان و چی پێویست بێت لەپێناویاندا بیکات، لە پاڵ بزوتنەوەیەک یان تاقمێک کە بۆ هەڵبژاردن دروست بووبێت، جگە لە قسەی زل و بەڵێنی قەبە ھیچی نەکردبێت، لە بەردەم دیموکراسیی هەڵبژاردندا، یەک مافیان هەبێت.

سەرۆکەکەی جێ متمانەی هەمووان بوو
حزبێک کە سکرتێرەکەی زیاتر لە 60 ساڵی تەمەنی بۆ خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتی و دیپلۆماسی و ئیداری، لەپێناو گەلەکەیدا تەرخان کردبوو، کەسایەتییەکی ناسراوی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی هەبوو، بوو بە سەرۆک کۆمار و جێی متمانەی هەموو لایەک بوو، لەگەڵ حزب و تاقم و بزوتنەوەیەک، کە کەسی یەکەمی، تەمەنی سیاسی لە چەند ساڵێک کەمتر بێت و تەنها لە سنووری ناوچەکەی خۆی ناسراو بێت، لە گەمەی دیموکراسیدا مافیان وەک یەک بێت.
 حزبێک کە بۆ داکۆکی لە خاکی کوردستان و لە کاتی دروستبوونی مەترسییەکاندا، لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکی بووبێت و گیانی بەخت کردبێت و لە کوێ مەترسییەکان کە لەسەر کوردستان هەبووبێت، ئەو بەرگری کردبێت، لەگەڵ تاقم و بزوتنەوەیەکدا کە جگە لە دەنگی دەمەرقاچان و فیشەکە شێتەی بۆنەکان نەبێت گوێی لەدەنگی تەقە نەبووبێت، هەمان مافیان هەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بکات
حزبێک بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، هەموو هەوڵ و تەقەللایەکی دابێت و هەمیشە بەڕیی بەغدا و پایتەختی وڵاتە زلهێزەکانەوە بووبێت، هەمان مافی حزب و تاقم و بزووتنەوەیەکی هەبێت، کە لەناو کوردستاندا چوار مشقی دانیشتووە و جگە لە موزایەدە ھیچی تر ناکات.
 ئەو حزبەی بە نموونە لە سەرەتای هەموو بەراوردەکانماندا باسمان کردووە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، کە بە لیستی ژمارە ١٢٩ بەشداریی هەڵبژاردنی کوردستان دەکات، هەر یەکێتییە، حزبی ئەرکە قورس  و  زەحمەتەکان و هەر یەکێتیشە کە دەتوانێت خواست و ویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنێت، هەر یەکێتیشە دەتوانێ گۆڕانکاری گەورە کە لە قازانجی گەلەکەماندا بێت، بەدی بهێنێت.
بۆیە دەڵێین، پێویستە هەمووان دەنگ بە لیستەکەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لیستی ژمارە ١٢٩ بدەن.

قاعیدەی جەماوەری بەهێزی یەکێتی زامنی سەرکەوتنە

وتارەکانی نوسەر