ئاوایە سەرۆکەکەی

11:01 - 2024-10-10
شوان کەریم کابان
293 خوێندراوەتەوە

بە درێژایی تەمەنی مرۆڤایەتی، کەسە لێهاتوو و بە ئەمەکەکان بوونەتە خوڵقێنەری مێژوو، دیارە کەسە دیکتاتۆر و تاوانبارەکانیش بەشێکن و بەشێک بوون لەو مێژووە، بەڵام هەمیشە سەروەریی و مانەوەی ناو و مێژوویان بۆ ئەوانە بووە، پێشتر ئاماژەمان پێدان و مێژوو بە شانازییەوە ناوی هێناون و ناویان دەهێنێت.
 سەرۆک مام جەلال مێردمنداڵ بووە کە چۆتە نێو دونیای پڕ جەنجاڵی و قورسی سیاسەتەوە، لەو تەمەنەوە شانی داوەتە بەر ئەرکێکی قورسی تێکۆشان لە پێناوی مافە رەواکانی گەلەکەیدا، کە بووە بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەو دەمەدا، هەرزوو لەو حزبەدا لەبەر لێهاتوویی و زیرەکی شوێن پێی خۆی قایم دەکات و دەبێتە ئەندامێکی کارا، لە تەمەنێکی کەمی گەنجیدا دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
 متمانەپێبوونی و لێهاتوویی خۆی وای لێدەکات سەرکردایەتیی پارتی بە نوێنەرایەتیی خۆیان بینێرن بۆلای خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا، کە ئەوکات لە یەکێتیی سۆڤییەت نیشتەجێ ببوو بۆ گەیاندنی پەیامی پارتی پێی. 
لە 1961دا مام جەلال کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بووە، کە شۆڕش هەڵگیرسا، بووە فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری سلێمانی. لە زۆربەی گفتوگۆکانی شۆڕش لەگەڵ رژێمدا، مام جەلال سەرۆک وەفد بووە و ساڵی 1975 پاش کەمتر لە دوو مانگ لە هەرەس، رابەرایەتیی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد و پاش ماوەیەک بووە سکرتێری گشتیی یەکێتی.
 بەدرێژایی شۆڕشی نوێ، سەرۆک مام جەلال رۆڵێکی گەورە و سەرەکی بینی لە خەباتی نەتەوایەتی و کوردایەتی و هەروەها دیموکراتیش، لە ناوچەکە و جیهانیشدا بووە سەرکردەیەکی گەورەی دیار، کە هەم خەباتی بۆ کورد و کوردستان دەکرد، هەمیش بۆ عیراقێکی دیموکراتی، ئەمە وایکرد ببێتە مەرجەعێکی گەورەی سیاسیش لە ناوچەکە و لە جیهاندا. دەکرێ بوترێت بووە یەکەم مەرجەعی کوردستانی و عیراقیی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
 ئەوکاتەی یەکێتی ئەندامی جەوقەد (بەرەی نیشتمانیی نەتەوەیی دیموکراتی) بوو، کە پێکهاتبوو لە 19 حزب و گروپ و رێکخراوی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی عیراق، بەھۆی ئەوەی یەکێتی لە 1984 مفاوەزاتی لەگەڵ رژێمی ئەوسای عیراقدا دەستپێکردبوو، جەوقەد بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دەرکرد و ئەندامێتی یەکێتیی لە بەرەکەدا هەڵپەسارد، پاش ماوەیەکی کورت جەوقەد کۆبونەوەیەکی باڵای لە سوریا کرد، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، وەفدێکیان سەردانی حافز ئەسەد سەرۆکی ئەوسای سوریای کرد، وەفدەکە پاش باس کردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان، باسی هەندێک کێشەی نێو ئۆپوزسیۆنی عیراقیش دەکەن، ئەویش پێیان دەڵێت: بەخێربێن هاتوون بۆ لای من، بەس بۆ ئەو مەسەلانە بڕۆن ئەبو شەلال (مام جەلال) ئاشت بکەنەوە، هەموو کێشەکانتان چارەسەر دەکات.
 لەپاش پرۆسەی ئازادکردنی عیراق، سەرۆک مام جەلال رۆڵی سەرەکیی گێڕا لە رێکخستنەوەی عیراق و نووسینەوەی دەستوور و چەسپاندنی سەرەتاکانی دیموکراسی، دواتریش بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی عیراقی دوای دیکتاتۆرییەت، هەر لە سەروبەندی سەرۆکایەتی مامدا، لە کۆبوونەوەی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالدا، سەرۆک مام جەلال بە جێگری سەرۆک و پاش ماوەیەک بە سەرۆکی فەخریی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال هەڵبژێردرا، کە دەیان حزب و گروپی سۆسیالیست و چەپی جیهان تیایدا ئەندامە.
 ئێستاش یەکێتی سەرۆکێکی هەیە، لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال رێ دەکات و بە راستیش کوڕی باوکی خۆیەتی، ئازاو بوێر و سەر راست، قسە لەڕوو، خەمخۆری کوردستان و خەڵکەکەی، شەو و رۆژی خستووەتە سەریەک و دەیەوێ بەهاوکاریی خەڵک و هەڤاڵانی حزبەکەی، یەکێتی سەرخاتەوە و هێزی بکاتەوە بەبەردا و ئەوەی پێشتر کەس بۆ خزمەتی کوردستان و خەڵکەکەی نەیکردووە ئەم بیکات.
هەروەها هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازەکان کە نوێنەرایەتیی پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان دەکات، لە کۆبوونەوەکەی وڵاتی چیللیی کیشوەری ئەمریکای باشوور، بافڵ جەلال تاڵەبانیی بە ئەندامی دەستەیەکی نۆ کەسیی سەرۆکایەتی و بەرپرسی هاوپەیمانییەکە بۆ هەرێمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەڵبژارد، بەمەش یەکێتی سەرکەوتنێکی تری لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکرد و سەرۆک بافڵ- یش وەک چۆن لە ناوخۆدا جێ پێی خۆی قایم کردووە، ئاوهاش لەسەر ئاستی جیهان شوێن پێی خۆی چەسپاند و ناسێنرا، ئەی چۆن یەکێتی ئاوایە سەرۆکەکەی .

وتارەکانی نوسەر