لە رۆژی شەهیددا، دڵ پڕ حەسرەت و چاو لە ئایندەیەکی گەش

10:17 - 2024-11-24
شوان کەریم کابان
36 خوێندراوەتەوە

 ئەستەمە لە یادێکی ئاوهادا، خەمناک نەبی، زەحمەتە هەموو ئەو هاوڕێ و هەڤاڵە ئۆغرکردوانەت یادکەیتەوە و دڵ تەنگ نەبیت، کێ دەتوانێت یادی هاوڕێ شەهیدەکانی بکاتەوە و دڵی نەگوشرێ؟ 
کێ بۆی دەکرێت، هەڤاڵە شەهیدەکانی لە تۆماری بیرەوەرییەکانیدا بەسەرکاتەوە و گریان قوڕگی نەگرێت؟ ئەوە سیفەتی مرۆڤە بە وەفا و بە ئەمەکەکانە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنی خەبات و تێکۆشانیان لەگەڵ ئەو سەروەرانەدا بەسەر بردووە، چ لە شاخ، چ لە شار و چ لەنێو کونجی زیندانەکان. 
قورسە مروڤ ئاهـ و حەسرەت هەڵنەکێشێت کە بیر لەو قارەمانانە دەکاتەوە. تۆ بیهێنە بەر چاوی خۆت، پێکەوە لە سەنگەردان، بەرگری لە خاک و نیشتمان دەکەن، لەناکاو ئەو دەنگی نامێنێ، سەیر دەکەی گیانی سپاردووە و شەهید بووە! پێکەوە لە رێکخستندان، لە ناکاو دیار نامێنێ، دەزانی گیراوە، پاش ماوەیەک هەواڵی لە سێدارەدانی دەبیستی! بەیەکەوە لە زینداندان، حوکم دەدرێن، تۆ بە زیندانی هەتاهەتایی، ئەو بە ئیعدام و لەیەکترتان جیا دەکەنەوە و پاش چەند رۆژێک دەیبەن بۆ بەر پەتی سێدارە!. 
ئەو باوکتە، یان براتە، یان خوشکتە، پێشمەرگە، یان رێکخستنە و لە ناکاو هەواڵی شەهیدبوونی دەبیستی! ئەگەرچی ئەوانە لەپاش خۆیان داخ و حەسرەت بۆ هەموومان جێدێڵن، بەڵام بۆ خۆیان و کەسوکاریان و حزبەکەشیان، سەروەریی و سەربەرزین. ئەوانە رۆڵەی بە ئەمەک و وەفاداری کورد و کوردستانن، وەک شێرکۆ بێکەسی نەمر دەڵێ، نەمرن وەکو شاخ، وەکو بەهار و گوڵەباخ. ئێمەمانان لە رۆژی شەهیدی یەکێتیدا، هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی شەهیدەکانی حزبەکەمان، یادی هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستانیش دەکەینەوە لە یەکەم شەهیدەوە کە خوێنی لەپێناوی سەرفرازیدا رژا تا دوا شەهید، هەموو شەهیدەکان کە بەدرێژایی خەباتی بێوچانی کوردایەتی و ئازادی و داکۆکی لە خاکی کوردستان خوێنیان بەخشیوە، چ پێشمەرگە، چ رێکخستن، چ هاووڵاتی. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم مێژووی شەهید و قوربانیدانەدا، شانازیی گەورەی بەر دەکەوێ، هەم بەوەی زۆرترین ژمارە شەهیدی بەخشیوە، هەم لەسەردەمی خەباتی شاخ و نهێنیدا، هەم لەسەردەمی دیموکراسیشدا، هەم بەوەشی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و فەرماندە و کادریشی شەهیدبوون، ئەمەش وامان لێدەکات، سوور بین لەسەر رێبازەکەیان و بەردەوام بین لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانیان و یاد و یادەوەرییان هەمیشە ئەو تین و گوڕەمان بدەنێ، وێرای تەنگەژە و نەهامەتییەکان، ئاسۆ بە روونی ببینین. 
لە رۆژی شەهیدی یەکێتیدا، کە رۆژی لەسێدارەدان و شەهیدبوونی خاڵە شیهاب و کاک جەعفەر و کاک ئەنوەرە، هەزاران هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و بەرز و پیرۆزبێ یاد و یادەوەرییان .

وتارەکانی نوسەر