پێدەچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بەبێ مەرج ئەنقەرە و دیمەشق گفتوگۆ بكەن لەسەر ئاستی ئاژانسی هەواڵگری. بەپێی رۆژنامەی حوریەتی توركی گڵۆپی سەوز لەلایەن بەشار ئەسەدەوە بۆ كۆبوونەوەی توركیا و سوریا هەڵكراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەشار ئەسەد رایگەیاند كشانەوەی سوپای توركیا مەرجی سەرەكی نییە بۆ گفتوگۆ و دانوستانەكان، بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە كە نزیكە لە كۆشكی سەرۆك كۆماری توركیا، كۆتا لێدوانی بەشار ئەسەد وەڵامێكی ئەرێنی بوو بۆ ئەگەری دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئاساییكردنەوە لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لەسەر ئاستی باڵا.
هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لەكاتێكدایە قەیرانی سوریا ئاڵۆزتر بووە، بەرەكانی جەنگ كراوەیە لە زۆرێك شاردا چ لە نێوان ئەو گروپە چەكدارانەی لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن یان لە نێوان سوپای سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات
قەیرانی سوریا ئاڵۆزتر بووە
ئەمەش لەكاتێكدایە قەیرانی سوریا ئاڵۆزتر بووە، بەرەكانی جەنگ كراوەیە لە زۆرێك لە شارەكاندا چ لە نێوان ئەو گروپە چەكدارانەی لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن، یان لە نێوان سوپای سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەو جەنگ و ئاڵۆزییانە وەکو خۆیان ماونەتەوە و هێشتا كۆتاییان نەهاتووە.
هیچ دەستپێشخەرییەک نییە
نێوەندگیریی روسیا لە پێناوی هەوڵەكانی خێرا ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی سوریا و توركیا، خەریكە بەرهەمی دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەسەر حسابی درێژكردنەوەی تەمەنی قەیرانی سوریایە كە نزیك دەبێتەوە لە 15 ساڵ بەبێ ئەوەی ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ چارەسەركردنی سیاسیی قەیرانەكە و هەروەها هیچ دەستپێشخەرییەكیش لەلایەن حكومەتی سوریاوە بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكە نییە، جیا لەوەش هیچ خواستێكی روسیا بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمریكی نییە، لە پێناوی هێنانەكایەی كەشێكی گونجاو بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا، دوای شكستی چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانەكە، وڵاتی وێران كرد و خەڵكی ئاوارە كرد و مرۆڤ و بەرد و دارەكانی پێكەوە خاپوور كرد.
سارێژكردنی برینەكان سەخت و ئاڵۆزن
وتاری كۆتایی بەشار ئەسەد لەبەردەم پەرلەمانی سوریا، جەختی لەسەر پێویستی نەرمی نواندن لە سیاسەتی دەرەوەی سوریادا كردەوە، خۆی لە پێویستی نەرمی نواندن لە سیاسەتی ناوخۆ لادا، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرەتا پێویستییەكانی سەركەوتنی دانوستانەكان بەمانای نەرمی نواندن لە ناوخۆدا دێت و دواتر گەڕان و دۆزینەوەی ئارامی لە دەرەوە، ئاڵۆزی و پەرەسەندنەكانی ناوخۆ بەمانای لێكترازانی زیاتری ناوخۆی وڵات دێت، كە ئەوەش هەڵوەشانەوە و لێكترازانی نەخشەی سوریای بەدوادا دێت، كە سارێژكردنی برینەكانی سەخت و ئاڵۆزە، بەڵام ئەستەم نییە.
پەیوەندیی ئەنقەرە و دیمەشق
لای خۆیەوە ئەردۆغان خواستی هەیە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بكاتەوە، لەسەر حسابی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی، كە بارەگای سەرەكییان لە شاری ئیستانبوڵەو وڵاتەكەی ئامادەیە مەرجەكانی بەشار ئەسەد بۆ لێكنزیكبوونەوەی سیاسی و دیپلۆماسی جێبەجێ بكات، بەپێی هەواڵی رۆژنامەی زەمانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لێدوانەكانی ئەسەد وای لە توركیا كرد بڵێت: «ئەوان وەڵامێكی ئەرێنی دەدەنەوە كاتێك ئەسەد هەنگاو بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتەكەمان دەنێت، ئێمە لە رابردوودا دوژمنایەتیمان لەگەڵ سوریا نەبووە، بەڵكو كۆبوونەوەی خێزانیمان لەگەڵ ئەسەد كردووە».
چارەسەری سیاسی
گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە 2254 تەنها بەمانای لێكنزیكبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە نایەت، بەڵكو بە مانای رێككەوتنی نێودەوڵەتیش دێت، بەتایبەتی ئەمریكا و فەرەنسا كە دوو لایەنن بوونی بەهێزیان هەیە لە خۆرهەڵاتی فوڕات، ئەو دووانەش هاوپەیمانیی سەربازیی ستراتیژییان هەیە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات.