دیاردە دزێوەکان

ژینگەکەمان

09:56 - 2024-09-08
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
55 خوێندراوەتەوە

- 23 -

خاکی گەوهەرە، ئاوی کەوسەرە، چەندە جوان و رەنگینە، ئەمە سروشتی  وڵاتەکەمان بوو تا پەنجا ساڵێک لەمەوپێش. رژێمی بەعس کە ئاگری لە دارستان و کێڵگەکانمان بەردەدا و کانیاوەکانی کوێر دەکردەوە بووبووە مایەی داخێکی گەورەمان و بێجگە لە سیاسەتی کوشتوبڕی بەو کارانەی هێندەی تر خەڵکی رق ئەستوور دەکرد بەرانبەری و کاردانەوەی ئەو رقەش لە راپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی 1991دا دەرکەوت. سەرباری ئەو سیاسەتەش ژینگەمان تاڕادەیەک هەر بە پاکی مابووەوە، چونکە پیشەسازییەکی وامان نەبوو ژینگە پیس بکات و هێشتا هەر کشتوکاڵ باڵادەست بوو، ئەو سروشتەش کە لە دەست سیاسەتی وێرانکاریی رژێم مابووەوە هێشتا خۆڕسک بوو. 
دواتر کاتێ ئاڵا هەڵگرانی رزگاریی نیشتمان بەشێوەیەک لە شێوەکان بوون بە خاوەنی، ئاهێکی خۆشی بە دڵی خەڵکدا هات و دنیایەک هیوای سەوز و سوور لەسەر ئایندەی پێشکەوتن و پەرەپێدانی وڵات هەڵچنرا و بەتەما بووین ئیتر قۆڵی مەردایەتیی لێهەڵکەن و شانبەشانی خەڵکی دڵسۆزی وڵات بەو داهاتە باشەی کە دەهاتە هەرێم دەست بکرێت بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و لە نێویشیدا بایەخدان بە پاکڕاگرتنی ژینگە بەو پێوەرانەی کە جیهانی شارستانی پەیڕەوی دەکات. مەسەلەکە وا نەکەوتەوە، هەر زوو کاربەدەستان کەوتنە فڕکان فڕکانی خۆ دەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی خەڵکی ستەمدیدە و لەجیاتی رووکردنە بنیاتنانی بنەمایەکی تۆکمەی ژێرخانی ئابووریی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزارێکی هاوچەرخانە، کەوتنە قۆرغکردنی هەرچی زەویی شارەکانە بەناوی وەبەرهێنان بۆ خانووبەرە کە ئەنجام هەر بە هەڵاوسانی گیرفانی کۆمەڵێک مفتەخۆر و هاوبەشی دەسەڵاتدارەکانیان شکایەوە و بە لێشاو مۆڵ و بازاڕ دروستکرا بۆ ساغکردنەوەی خراپترین کاڵای دنیا و بەتایبەتی دوو وڵاتە دراوسێکە. ئەو کەمە پیشەسازییەشمان کە هەبوو وێرانکرا و نەیتوانی بەرگەی رکابەریی کاڵای کوالێتی خراپ و نرخ هەرزانی هاوردە بگرێت، کشتوکاڵیشمان بە هەمان دەردچوو. لێرە سیاسەتێک پەیڕەوکرا کە بیر لە پرۆژەی نیشتمانی و ستراتیجی نەکرێتەوە بۆئەوەی هەمیشە پشت بە کاڵای هاوردە ببەسترێت، ئەمەش بە مەبەست کرا و لە نەزانییەوە نەبوو. بێسەروبەرییە گەورەکە لە سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ و فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتەوە دەستی پێکرد، کە لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی راستەقینە ماڵوێرانییەکی گەورەی بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا هێنا و بێجگە لە دزی و گزییە بێئامانەکەی نەوت لە هەموو روویەکییەوە بەشێوەیەکی کەم وێنە ژینگەی پیسکردووین.
هەروا پاڵاوگەی نایاساییە لەم هەرێمەدا خراپترین بەنزین و بەرهەمی نەوتیی تر بە نرخی زۆر گران و سەپێنراو بەسەر خەڵکدا ساغ دەکرێتەوە. لە نەبوونی کەرتی پیشەسازی و کارگە دووکەڵی پاڵاوگە و ملیۆنان ئۆتۆمبێل خەڵکی خنکاندووە و لەگەڵ ئەو هەموو خۆراکە خراپە هاوردەکراوەدا دەیان جۆر نەخۆشی کوشندەیان تووشکردووین و سەرووی هەمووشیان شێرپەنجە. زۆربەی پاشەڕۆی شارەکان بەو هەموو ماددە کیمیاییە کوشندانەوە دەڕژێنە دەریاچە و زێ و رووبارەکانمانەوە یان دزە دەکەنە ئاوی ژێر زەوییەوە و سەرچاوەی زۆر نادروستی ئاوی خواردنەوەی خەڵکن. جاران بەوە دڵنەوایی خۆمان دەکرد کە دوژمن ئاگر بەردەداتە دارستان و شاخ و کێومان، بە داگیرکەرەکانی دەوروبەرمانەوە کە ئێستاش درێغی ناکەن، ئەو بەناو سەرمایەدارە (نیشتمانییانەش)کە لە دوژمنان خراپتر بەربوونەتە گیانی ژینگەمان و داخی سەختی خەڵک ئەوەیە کە خاوەن ماڵ لە دوژمن زیاتر بەربووەتە گیانی وڵات و ئێستای دۆڵی بازیان و دەشتی بەکرەجۆ و چەمی تانجەرۆ و دوکەڵی پاڵاوگە ساختەکان تەنها چەند نموونەیەکی بچووکی کاولکارییەکەی ژینگەی وڵاتن کە بەدڵنیاییەوە بەرەو ئاقار و ئاسۆیەکی هێجگار ترسناکمان دەبات.

وتارەکانی نوسەر