رۆشنبیریی هەڵبژاردن

فێنک بوونی کەش و هەوا، بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمتر دەکات

10:03 - 2024-09-09
نەوزاد ساڵح
83 خوێندراوەتەوە

- 4  -
ئامانج لە دەنگدان و بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن کاڵکردنەوەی رووبەری پشتاوپشت و هێنانەکایەی حوکمی نوێنەرایەتییە،  ئەمەش لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، کە ئەفسانەی هەموو ئەم تەقەلایانە بۆ بەدەستهێنانی کورسی نوێنەرایەتییە لەپەرلەمان بێت یان لە ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، هەر ئەمەش رێگا دروستەکەیە کە دوورمان دەخاتەوە لە توندڕەوی و رکابەریی ناڕەوا.
 
هەنگاوێکی شارستانیانەیە
هەڵبژاردن هەنگاوێکی شارستانیانەیە و تەوژمی دیکتاتۆریەت کەم دەکاتەوە و لە دەرئەنجامی   ململانێی لیست و بەربژێرەکان دەستەیەکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە ئەرکی نوێنەرایەتی وەردەگرن، کە پێویستە گوزارشت لە دەنگ  و رەنگی هەموان بکەن،  لێرەوە دەتوانین بڵێین هەڵهێنانی هەنگاوی دیموکراتیانە و ئاشتیانە لە هەڵبژاردنێکدایە کە خواستی زۆرینەی لەسەر بێت،  بەشێک لە پێشکەوتنی گەلانی دنیا هەر لەم ئەزموونەوە هەنگاوە سەرەتاییەکانیان ناوە و بە خەباتی جەماوەریی دەنگدان و هەڵبژاردن  رەگەزە بەهێز و هاوسەنگەکانیان دیاری کردووە تا بتوانن داکۆکی لەمافی گشتی بکەن.

ئاکار و رەفتاری تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردن
لەم بەشەدا باسی ئەو بنەمایانە دەکەین کە (ئاکار و رەفتاری تایبەت بە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن) دەیانگرێتەوە،  بۆ ئەوەی بتوانیت بەشداربیت لە بانگەشە وهەڵمەتێکی هەڵبژاردندا بەشێوەیەکی دروست و شارستانیانە، کۆمەڵێک بنەمای رەفتار هەیە کە پێویستە پەیڕەو بکرێن و لە پڕوپاگەندە و وتار و درووشمی گەرمی بانگەشەدا بەکاریان بهێنیت، دوور لە روشاندنی  هەستی بەرامبەر،  بەو هیوایەی خزمەتێک بێت بەپرۆسەکە:-
1 - پێویستە رێز لەماف و ئازادی رادەربڕین و بەرنامەی قەوارە و پارتەکان و کاندیدەکان بگیرێت.
2 - زەمینەی لەبار بۆ شوێن و کاتی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕەخسێنرێت و گرفت نەهێنرێتە بەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
3 - گیانی هاریکاریی لە نێوان قەوارە و کاندیدەکاندا هەبێت و سەکۆی گشتی رێگەپێدراو و شوێنی چالاکییەکان قۆرغ نەکرێت، هەروەها پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاش رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت.
4 -  دەبێت پۆستەر و ریکلامی قەوارە سیاسییەکان و کاندیدەکان لە دووری دام و دەزگا حکومییەکانەوە هەڵبواسرێت، دام ودەزگا حکومییەکانیش لەلایەن هێزە سیاسییەکان و کاندیدەکانیان بەکارنەهێنرێت.

کەشێکی دیموکراتی و ئاسایی
5 - ژینگەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن، دەبێت لە کەشێکی دیموکراتی و ئاساییدا بێت، هەوڵیش بدرێت بەریەککەوتن و پێکدادان روونەدات. 
6 - لە یاسای  ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ی هەموارکراوی   هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (12) بڕگەی مادەی (57)  داو لە دەروازەی شەشەمدا باس لەتاوانەکانی هەڵبژاردن دەکات، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بەڕێوەی دەبات، بەڵام تاوانی هەڵبژاردن هەر تاوانە و سزای یاسایی لەسەرە، هەربۆیە پێویستە کاندید و لیستەکان بە وردی مامەڵە بکەن .
7 - پێویستە دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، تیمە خۆبەخشەکان و تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی قەوارە و کاندیدەکان، سەرجەم پۆستەر و فلێکس و وێنە و کەرەستەکانی ریکلام لێ بکەنەوە و شوێنە بەکارهاتووەکان خاوێن بکەنەوە. 
بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.
*راوێژکاری هەڵبژاردن

وتارەکانی نوسەر