دەرەمۆک کە دەستەواژەیەکی دێرینە و ئینگلیزەکان Supersititionی بۆ بەکاردەهێنن، لە سەدەی چواری پێش زایینەوە یۆنانەکان وەک بەرپەچێکی هەرجووڵانەوەیەکی لۆژیکی تەماشایان دەکرد، کە لەنێو کۆمەڵگەی ئەو رۆژگارەدا بنجی داکوتابوو. تاوای لێهات ئەفلاتون لە کتێبی کۆماردا، بە جۆرێکی تر وێنای خورافیاتی لە زیهنییەتی زەمینە کۆمەڵایەتییەکەدا بە یۆتۆپیایەک یادگرت، چونکە لە کۆماردا، کەلتورە کۆمەڵایەتییەکەی رادەهێنا تاوەکو لە سەرزەمینێکی خەیاڵییدا، خەونەکانیان بکەن بە واقیع، سەرزەمینی ستەم و سیستمی چەوسانەوە شوێنی نەبێتەوە.
کۆمەڵی کوردی وەک نەتەوەکانی تر، دنیابینی دەرەمۆکی تێدایە، بەڵام ئەو دنیابینیە دەبێت لۆژیکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ تا ببێتە ئەدەب و ببێتە بنەمای راهێنانی زیهنی کۆمەڵایەتی بۆ جوانکردنی ژیان و هونەر و سینەما و ئەدەب
دنیابینی دیستۆپیایی! دواتریش تۆماس مۆر لە سەدەی شازدەدا هەر بە ناوی یوتۆپیاوە یادەوەری کۆمەڵی بەرەو جیهانێکی پاک و پەروەردەیی راهێنا، کە بوویە بنەمای حەتمەییەتێکی مێژوویی کە کۆمۆنیزم لەسەرییدا چینایەتی و خاوەنداریەتی دایە دوواوە. بەڵام سەدەی بیستەم و پێشکەوتن، وایلێهات مرۆڤ خراپە و وێرانەی مۆدێرنە وای لێبکات، بگەڕێتەوە بۆ بوارێکی گرنگتر کە وابەستەیە بە رۆحی مرۆڤەوە، وابەستەیە بە خورافە و خەیاڵەوە.
لە سەدەی بیستەمەوە دنیابینی(دیستۆبیا)یی دەربڕینێکی دروستی لە هەمبەر لافی لۆژیکە یۆتۆپییەکان هێنایە پێشێ، ئەوانەی پێیان وابوو دەکرێ زەواری مرۆڤایەتی بگاتە زۆنێکی زێڕین.
وەلێ نە کۆماری ئەفلاتون و نە یۆتۆپیای تۆماس مۆر، نە مەدینە فەلسەفییەکەی فارابی و عەدەنەکەی عەهدی قەدیم، نە مەلەکوتی ئاسمان و جەننەتی جێنشیینەکانی سەر ئەرزی مێژووی ئیسلام، مرۆڤایەتی نەیتوانی بگات بە نیوەی هیچکامیان، بەڵکو زەوارەکە زمانی قەدەری قوتدایەوەو بە پێچەوانەوە پاڵنرا بە حەکایەتی حەیلانێ و گەمەی مێژووەوە. هیچکام لەو خەونە یۆتۆپییە، یادگارییەکی شیرینیان تۆمار نەکرد، نەشیانتوانی ئەلفی ئەو ئەندێشەیە ئاو بدەن.
نەیانتوانی حەکایەتی حەتمییەتی مێژووی خۆیان بگەیەننە شەڕی کۆتایی، رێک بە پێچەوانەی خەیاڵپڵاوی وانەوە، دیستۆپیا دێتە ناوەوە، زمانی دۆزەخ، خورافە و خەیاڵی گەیشتن بە گەڕی گیانبازییەک کە وەختە پاڵ بە مرۆڤایەتییەوە دەنێت بۆ ناو چاڵێکی تاریک و نوتەک، ئەمەیان راستتر بوو. رێک وەک ئەمڕۆ، دەبێت دەست بگرین بەوەوە کە هێشتا هەیە. دەبێت نەهێڵین شەوەکە ببێتە شەوەزەنگ، دەبێت نەهێڵین لافاوی ستەمکارییەکە سینەشمان تێپەڕێنێ تا خنکان. لەجیاتی هەوڵدان بۆ کەناری ئارامی، دەبێ هەوڵبدەین نەگەینە قوڵایی قەیرانەکان. مرۆڤ لەمە زیاتری پێناکرێ، مرۆڤ ناتوانێت بگاتە لێواری لۆژیکێکی ئارام، هەر هێندە بەسە نەکەوێتە جەرگەی جەهەنەمەکەوە. مرۆڤ ناتوانێت سەرزەمین بکاتە بەهەشت، بەڵام دەتوانێت کارێک بکات ئەو دۆزەخەی لەناویدایە هێندەی تر کڵپە نەسێن، ئەم رێچکەیە بیرمەندان بۆنیان پێوە کردووە. یەکەمین دیستۆپیا لەلایەن نووسەری مەزنی روسی ئێڤگێنی زامیاتین 1884 ـ 1937 بەناوی (ئێمە) لە ساڵی 1921 دا نووسی، چەند ساڵێک دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ئاوەزی مرۆڤی ئەوێی پێی شکا. کەچی تا لای کردەوە ستالین باڵی غەزەبی لێڕواند و تەرا و تەنهای کرد و جارێکی تر دەستی قەڵەمی نەگرتەوە. لە سی و چلەکاندا کەسانی تر هەڵکەوتن، هەر لە ئینگلیز و ئەمریکا و کوێ و کوێدا، جۆرج ئۆریێڵ گرنگترین روانگەکانی خۆی لە کۆی وتارە رۆژنامەوانی و نامەکانیدا بەناوی:
My Country Right or Left 1940-1943
نووسی، کە روانگەیەکی گەلێک دیستۆپیایین، هاوکات لە رۆمانی مەزرای ئاژەڵان و بابەتی ئەو مەیدانخوازییەی مرۆڤ لە 1948دا، دوو ساڵ پێش مەرگی، لە رۆمانی 1984دا دای لە بنی مەنجەڵی مەرگەساتەکە. ئەو زۆر نەژیا، لە چل و شەش ساڵیدا پێچی کردەوە، لەمیانی تەمەنییدا، تامی جەنگی یەکەم بە کاڵی و جەنگی جیهانی دووەمی بە تۆخی کرد، بۆیە گەیشتە ئەو رادەیەی، ئینگلیزێکی دڕندە، کە بابی خۆی لەوێ بوو، چۆن هیندییەکی هێمن و هونەریی بۆ ژیان، دەخاتە ژێر ژانی سروشتی خۆیەوە. ئەو هونەری هیندیبوونی لە دایکییەوە دایە بەر بارانی خۆشەویستی، چون دایکی هیندی بوو، ئامادەبوو لە هیچ بارانێکی لێزمەی هیندستاندا چەترەکەی هەڵنەکات، تا بە تەواوی بتڵیسێتەوە. ئەو ئەیوت، ئەبێ بارانی هیندستان تەڕمان بکات، بۆئەوەی هەست بکەین مرۆڤین، بۆئەوەی هەست بکەین بەردی گەورەی دیموکراسی بە ئێمەی هەر بە ناخ دیکتاتۆر چۆن دەوەشێنرێت، لێگەڕێن با هیچ نەبێ بکشێینەوە دواوە، تا تاوانێ کەمتر بکەین.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە، کە کۆمەڵی کوردی وەک نەتەوەکانی تر، دنیابینی دەرەمۆکی تێدایە، بەڵام ئەو دنیابینیە دەبێت لۆژیکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ تا ببێتە ئەدەب و ببێتە بنەمای راهێنانی زیهنی کۆمەڵایەتی بۆ جوانکردنی ژیان و هونەر و سینەما و ئەدەب. ئەمڕۆ لە جیهانی پێشکەوتوشدا دەرەمۆک زۆرن، بەڵام نەبوونەتە سیستم، تەنها بوونەتە کەرەستەی کەلتوریی و گەڕانەوەی هیوا و بەختی بوەڕداریی، لە سایکۆلۆژیای تاکدا سوودی لێدەبینن، بۆ نموونە هێشتا لە زۆرترینی باڵەخانەکانی دنیادا، نهۆمی سیانزەیان نییە. ئەم شێوازە وەک نەریت سەیر دەکرێن، بوونەتە بنەمای راهێنانی روانگەی مرۆڤ تا شتی جوان بچنرێتەوە. بەداخەوە لە کۆمەڵی کوردیدا دەرەمۆک دنیابینیەکە لە شوێنی خۆیدا کەڵکی لێوەرناگیرێت، بەڵکو لای هەندێک دەستە و تاقم بۆتە بابەتی
بازاڕ و بازرگانی.