کۆدە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین،

ئایا ئامۆژگاریی، چەمکێکی هەستیاری کۆمەڵایەتییە!

10:04 - 2025-01-07
پ.ی.د. ماجد خەلیل فەتاح
141 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د. ماجد خەلیل فەتاح*


لەو وڵاتانەی کە سیستەمی سیاسیی نەیتوانیوە نەریتە کۆمەڵایەتییەکە چڵەوگیر بکات. لەو کیشوەرانەی کە هێشتا دامەزراوەیی و دەوڵەتداریی دنیایەکی وێران و وێنایەکی شێواوی نێو زیهنییەتی زەمینە کۆمەڵایەتییەکەن، ئەوا ئاین بووەتە شوێنگرەوەی زۆرێک لە یاسا وڕێساکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووریی خەڵکی. 
رەنگە روانگەیەک پێی وابێ مادام ئاین، بەتایبەتی ئاینی ئیسلام خەسڵەتی خاوەندارێتی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی هەیە، کەوایە قەیدی چییە؟ لێرەدا پرسیارێکی گرنگ، پرسیارێک رەنگدانەوەی واقیعی هەیەو دێتە گۆڕێ، مادام ئاین شۆڕبووەتە نێو نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەدی ئەم هەموو کوشت و کوشتارە، ئەم هەموو دزی و گەندەڵی و درۆ و تاوانە، ئەم هەموو ساختەیی و سیناریۆیانەی ژیانی واقیعی بۆ؟. بۆچی کاتێ دامەزراوەکانی دەوڵەت لاوازن، ئاین نەیتوانیوە نەریتێکی خاوێن و خەسڵەتێکی ئەخلاقی لە ئاوەزی ئینسانەکاندا شوێن بکاتەوە؟ وەڵامی ئەم بابەتە گرنگترین گرەوی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆیدا بەرجەستەدەکات.

ئایین، ئامۆژگاریی بۆ داتاشینی بت و پیرۆزی و وابەستەکردنی مرۆڤ نییە بە کۆمەڵێ کۆدی چەقبەستووی بەندایەتییەوە

ئەوەتا دروست ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین کە دەوڵەت و دامەزراوە لاوازە، کە گەندەڵی رۆچووەتە ناو ناخی نەریتە کۆمەڵایەتییەکەمان. هیچکات هێندەی ئێستا ئینسانەکان و تاکەکان تەوەلاو تۆراو نەبوون، هیچ کات هێندەی ئێستا توندوتیژی و نادادی کۆمەڵایەتی باڵی بەسەر براندە سیاسییەکەی سەردەمدا نەکێشاوە. 
ئەوە لەکاتێکیشدایە زۆرترین زەمینەی زیندوویەتی بۆ ئاین رەخساوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە دامەزراوەکان و دەوڵەت بڕستی زاڵبوونی نییەو جڵەوی کۆمەڵگە زۆربەی لەدەستی ئایندایە. ئەوە لەکاتێکدایە لە جیاتی پارتێکی ئیسلامی چەندین دانە هەن. لەجیاتی حوجرەو پەیمانگایەک دەیان حوجرەو کۆلێژ و زانکۆ هەن. لەجیاتی چەند بانگخوازی، بەڵکو سەدان و هەزاران بانگخواز هەن، لەجیاتی چەند مزگەوت، بەڵکو هەزاران مزگەوت و منارەو میحراب مەملەکەتی ئێمەیان داپۆشیوە. بەڵێ ڕادیۆ، بەرنامە، راگەیاندن و، چەندین رێکخراوی ئاینی هاتوونەتە نێو مەیدانەکەوە، کەچی رۆژ لەدوای رۆژ رێگاکانی ئەخلاق و میهرەبانی و راستگۆیی بەرتەسک دەبنەوە. لێرەوە وەڵامی دروستی پرسیارەکەی ئێمە سەرهەڵدەدات، وەڵامێک هێشتا لە زاری زەمینە کۆمەڵایەتییەکەدا نەبیستراوە. بەڵێ تاوەکو ئێستا فۆڕم و فەلسەفە ئاینییەکە، کە پێویستە خۆی لە ئامۆژگاریدا ببینێتەوە، بازنەیەکی تەسکی تێگەیشتن ئاڕاستەی دەکات. 
بەڵێ لە فەرموودەی سەحیحی ئیمام موسلیمدا گێڕدراوەتەوە کە ئاینین ئامۆژگارییە. وەلێ ئەم ئامۆژگارییە لە وتنێکی تیۆری بەولاوە زیاتر نییە. ئامۆژگارییەکان کە لە درێژەی فەرموودەکەدا روونکراوەتەوە بۆ خودا و پەیامبەر و قورئان و ئەئیمەی موسڵمانانە، هێشتا تێگەیشتنێکی پڕ بەپێستی بۆ ڕۆشننەکراوەتەوە. 
رەنگە دکتۆر عەلی وەردی لە کتێبی واعیزەکانی سوڵتاندا جوانتر لە هەڵەی ئامۆژگاری و وێنای ساختەی وەعز وڕێنەکانی بەشێ لە بانگخوازانی شیکردبێتەوە. ئەو پێمان دەڵێ ئامۆگاری گرنگە، بەڵکو هەر خودی ئایین ئامۆژگارییە، بەڵام کام ئامۆژگاریی، کامە ئەندێشەی ساغڵەم و سیستەمی کۆمەڵایەتی؟ ئایا ئامۆژگاری بریتییە لە بکە و مەکە؟ ئایا ئامۆژگاری ئەمر و نەهیی نێو نەریتی کۆمەڵایەتییە؟ نەخێر. ئامۆژگاریی ئاداب و ئەحسەنی تەقویمی خۆی هەیە. ئامۆژگاری بریتییە لەفێرکاری و فەلسەفەی هۆشیاری، نەک کوشتنی هۆشیاریی. ئامۆژگاریی بۆ چاندنی چوارێوەیەکی چارەنوسسازە کە ئەخلاق تێیدا سەرمەشق بێت.
 لێرەدا بەڵێ ئایین بازوویەکی بەهێزی بەردەوامی ئەخلاقی بەرزی کۆمەڵگەیە. ئامۆژگاری راستەوخۆ زادەی زمان و زیهنیەتی ئەخلاقییە. ئامۆژگاریی بۆ داتاشینی بت و پیرۆزی و وابەستەکردنی مرۆڤ نییە بە کۆمەڵێ کۆدی چەقبەستووی بەندایەتییەوە. ئەسڵەن هەوێنی بەندایەتی لە بازنەی ئازادییەوە ناترازێ. ئازادیش بە جۆشدانی جوانیەکانی لۆژیکدا زیندووڕادەگیرێت، نەک ئامۆژارییەک کە ئازادی لەناویدا بمرێنرێت. 
ئەگینا ئاین، ئاوێتەی ئامۆژگارییەو هەر خودی ئامۆژگارییە، لەم ئامۆژگارییەدا فەلسەفەی خودایەتی، پەیامبەر، قورئان و کاری موسڵمانانیش تێکڕا لە تەوەری ئازادی و ئەخلاق و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتداریدا دەسوڕێتەوە. دەمانەوێ بڵێین ئاین بۆخۆی بەژنێکی بەرزی هەڵوێست و بەرهەڵستکارییە. ئاینی بۆخۆی چاکەو ڕوبەڕبوونەوەی گەندەڵییە. ئاین ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و کردنەوەی کۆدەکانی کۆمەڵگەیەکی خۆشبەختی دنیاییە.

*مامۆستای زانکۆی سلێمانی

 


دکتۆر عەلی وەردی

وتارەکانی نوسەر