زمان لە زەمینەی کۆمەڵ و کەلتوری کۆمەڵایەتییدا گەشە دەکات. زمان وابەستەیە بە زیهنییەت و فەرهەنگی کۆمەڵایەتییەوە. هەر زمانێکیش لە رووی واتا و وێنای زمانەوانییەوە، لە رووی ئیدیۆم و دەربڕین و چەمک و چوارچێوەکانییەوە، خاوەنی خەسڵەت و رێسای رێزمانی و واتایی تایبەت بەخۆیەتی. هەر زمانێکیش گرنگی و گەورەیی خۆی بە گوێرەی ئەو خەسڵەتانە نیشاندەدرێت. زمانی کوردی، لەگەڵ ئەوەی وەک زمانێکی گەشەکردووی سروشتی، وەک زمانێک کە هێزی مانەوەی خۆی لە رازی رابردوویەکی هەزاران ساڵەدا پاراستووە، هاوکات بە پڕۆسەیەکی دوورودرێژی داهێنان و قوڵی قۆناغە مێژووییەکاندا تێپەڕیوە.
زمانێکە لە پانتایەکی ستراتیژیی و سەرزەمینێکی ژیاریی و ژینگەیەکی زیندوودا زاڵێتی بنەما زمانەوانییەکانی خۆی پاراستووە، وەلێ وەک ئەوەی تەواوی تیۆرە زمانەوانییەکان بۆ هێشتنەوەی هەر زمانێک پێویستیان پێشنیاز کردووە، زمانی کوردی کەمترین کاریگەریی دەستکرد و داهێنانی ئینسانی نوێی لەپشتەوەیە، بەڵگو بەشێوەیەکی خۆکرد، توانیویەتی درێژە بەزیندوویەتی خۆی بدات. نەک هەرئەوە زمانی کوردی لەناو کۆی تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورددا، توانیویەتی لە هەموو تایبەتمەندییەکانی وەک مێژوو، نەژاد، جوگرافیا، ئابووری و هەستی نەتەوایەتی، لە هەموو ئەوانە زیندووتر شوناسی خۆی بپارێزێت. جیا لەوەش، زمانی کوردی، کیانی کوردەواری پاراستووە، هێزی هێشتنەوەی نەتەوەی کورد لەناو دێڕ و دەربڕینەکانیدایە. هاوکات لەناو زمانی کوردیدا خەسڵەتێکی خاوێن و خەباتێکی گەلێ گرنگتری خۆڕسک بوونی هەیە کە کەمترین قسەی لەبارەوە کراوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم زمانە کۆدە کەلتورییەکەی کوردیش لەناو مانا و وشەو وێنەکانیدایە.
ئەم زمانە بەراورد بە هەموو زمانە هەرێمییەکان و تەنانەت زمانە نێودەوڵەتییەکانیش، تژییە لە ئاداب و ئەندێشەی جوان، تژییە لە تێڕامان و ئیدیۆمی پەسەند و پەیامی مرۆڤانە، تژییە لە لۆژیکی نەرمونیانی و نەریتی بەرز و باڵای ئەخلاقیی. گەر بەوردیی و لە سایەی توێژینەوەی زانستی و زمانەوانی وردەوە، وێنای زمانی کوردی بە ئامانج بگرین، یانی ئیدیۆم و پەندە کوردییەکان و دەربڕینە زمانەوانییەکان بهێنینە حاجەت، دەبینین یەکپارچە یادەوەریەکی شیرینی مرۆڤانە و مەزنایەتییەکی گەلێ بەهاداریی ئەخلاقی لە دێڕەکانی زمانی کوردیدا هەیە.
زمانی کوردی، لەگەڵ ئەوەی وەک زمانێکی گەشەکردووی سروشتی، وەک زمانێک کە هێزی مانەوەی خۆی لە رازی رابردوویەکی هەزاران ساڵەدا پاراستووە، هاوکات بە پڕۆسەیەکی دوورودرێژی داهێنان و قوڵی قۆناغە مێژووییەکاندا تێپەڕیوە
زمانی کوردی لە دەربڕیندا بۆ پرسی پێکەوەژیان، بۆ پرسی ئاشتەوایی، بۆ هەرەوەز و بۆ هاوکاریی، بۆ هەر بەهایەکی نێزیکی و نەریتی خزمایەتی، بۆ عیرفان و عەشق و خۆشەویستی و خاوێنی، بۆ سروشت و سادەیی، دەبینین زمانێکە چەندەها ئیدیۆم و دەربڕین و رستەی رامکراوی هەن، چەندەها ئاداب و ئەوینی ئینسانیانە لە لۆژیکیدا زیندوون. بەپێچەوانەوە گەر بۆ وشەو وێنای زبر و جنێو و تەشهیر و دەرەتانێ بگەڕێین بۆ ناکۆکی و نەریتی نانەوەی پشێوی، هەستدەکەین زمانی کوردی لەو سەنگەرەدا سەوداسەریی وشەو وێناو واتای کەمن، بەجۆرێک بۆ هەندێ دەربڕین و وشەی رووخێنەر و رەزاتاڵ ئاتاجی بە ئەوانی ترەو وشەو وێنای دیکە قەرز دەکات. لێرەوە لۆژیکی زمانی کوردی قسە دەکات. تێدەگەین مادام مەددی مێژوویی ئەم زمانە لەناو فەرهەنگ و فەلسەفەیەکی پێکەوەیی و لە پانتاییەکی رەسەنی زاگرۆسەوە هاتووەتە بوون، بۆیە دەربڕینەکانی، داهێنانەکانی، دەروونی یەک بە یەکی وشەکانی بەهەماهەنگی لەگەڵ سروشتدا داهێناوە.
زمانی کوردی زمانێکی سروشتییە، زمانێکە بۆن و بەرامی سروشتی لەدەست نەداوە. زمانێکی داهێنراوی بیرکردنەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکو پێکەوە مرۆڤ و ژینگە لەسەری رێککەوتوون و رێیان کەوتووەتە رۆحی زمانەکەوە. ئێستا دەتوانین بڵێین ئەم زمانە، زمانێکی سروشتییە و لە نەخشەڕێی دروستبوونیدا، دەستی سروشت و شوێنپێی کەژ و کێو و کانی و ئاسمان و مانگ و ئەستێرە دەبینرێت، زمانێکە تەنێ قورگی ئینسان ئافەرێنەری نییە، بەڵکو بەشێک لە وشەکان و وێناکانی لە قورگی قەدەرە سروشتییەکەوە هاتووەتە دەرێ، وەک چۆن کانییەک دەتەقێ، بەو جۆرەش زمانی کوری لە هەر زۆن و زەمینەیەکی زاگرۆزدا، زارێکی یان بنەزارێکی تەقیوە و پژاوە. ئێستا ئیتر ئاداب و ئەخلاقە خاوێنە کوردەواریەکەش بەسەر بابەتی زمانی کوردییەوە رەنگدانەوەیەکی بەرینی هەیە، بەڵام بەداخەوە، وەختە سۆشیال میدیایەکی ساختە و داهێنراوی عەقڵە خەتاکارەکەی مرۆڤی مۆدێرنە، مرۆڤی مەسڵەحەت و بازاڕ، مرۆڤی هەڵپە و هەوەس و ئارەزوو، وەختە شوێن بە گەوهەری زمانە کوردییەکە، ئەڵماسە ئەخلاقییەکانی زمانە کوردییەکە، وشە مروارییەکانی مێژووی زمانەکە لەق دەکەن و لە شوێنیاندا وشەی دڵتەزێن و دەربڕینی دوور لە بەهاو وشەگەلی قێزەون، دێننە پێشەوە کە هیچکام لەوانە ناچن بەلای سێبەری زمان و زوانی کوردەواریدا.