(19)
هەرچەند دەڵێین ئازادی و یەکسانیمان دەوێت، زۆرجار لەلایەن کۆمەڵگەوە بەوە وەڵام دەدرێینەوە «ئەوە نییە لەدەرەوەی ماڵ وەک پیاو کاردەکەیت» بەڵام ئەوەی تا ئێستا زۆربەمان بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە دەرەوەی ماڵیش کاردەکەن، وەک هاوسەرەکانیان داهاتێک بۆ خێزان پەیدا دەکەن و وادەزانن یەکسانن بە پیاو، نازانن بەداخەوە هێشتا یەکسان نین، چونکە یەکسانیی ئەوە نییە ئەرک و ماندووبوونی ژن دوو هێندە زیاد بکات و جگە لە کاری ماڵ و منداڵ لە دەرەوەی ماڵیش کاربکات و بەشێک لە بژێوی خێزان دابین بکات.
ئەوە یەکسانیی جێندەریی نییە و تێڕوانین نییە بۆ ژن وەک مرۆڤێکی یەکسان بە پیاو کاتێک دوو هاوسەر لە کۆتایی رۆژەکەدا پێکەوە لە کار دەگەڕێنەوە، یەکێکیان بۆ خۆی دەحەسێتەوە بە بیانووی ئەوەی پیاوە و ماندووە، ئەوی دیکەشیان دەکەوێتە کاری ماڵ و خواردن ئامادەکردن و جێبەجێکردنی داواکاریی مێرد و منداڵەکانییەوە، تەنیا لەبەرئەوەی ئەو ژنە و ئەو کارانە کراون بە ناسنامەی ئەو.
ئەو ئەرکانەی لە کۆندا لەسەر شانی ژن بوون، ئێستا بتوانێت لەگەڵ پیاودا دابەشی بکات، بۆئەوەی وەک دوو مرۆڤ یەکسان بن
تەنانەت ئەگەر دوو هاوسەر وەک یەک پارە پەیدا بکەن، هێشتا زۆربەی پیاوان کاری ماڵ بە هی ژن دەزانن و لەخۆیان رانابینن کارەکانی نێو ماڵ لەگەڵ ژنەکانیاندا دابەش بکەن، هاوکات لەم سەردەمەدا زۆرێک لەو ژنانەی لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن بەشێک لە کارەکانی دەرەوەی ماڵیش وەک بازاڕیکردن و کڕینی پێداویستی ماڵ دەگرنە ئەستۆی خۆیان، بۆیە دەبینین ئەو پیاوەی ژنەکەی بەهۆی جێبەجێکردنێکی هەڵەی یەکسانبوونی بە مێردەکەی، پیاوەکەی دەحەسێتەوە و زۆرێک لەو ئەرکانەی لە کۆندا لەسەر شانی ئەو بوون لە کۆڵ دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش کاتێک ژنێکی ماندوو بەو هەموو ئەرکانەی کەوتۆتە سەر شانی و وا تێگەیشتووە کاری خۆیەتی، زۆرجار لەلایەن پیاوەوە سەرزەنشت دەکرێت کە خۆی و مێردەکەی فەرامۆش کردووە و وەک جاران گرنگی و سۆزی بۆی نەماوە.
بەڵام لە راستیدا ئەوەی ژنان دەبێت لێی تێبگەن ئەوەیە، یەکسانبوون بە پیاو کە لە دەستەبەرکردنی هەلی کار و پلە و پۆستەکاندا بۆ ژن وەک پیاو لەگەڵ زۆر شتی تردا خۆی دەبینێتەوە، بە واتای تەنیا زیادبوونی ئەرک نییە لەسەر ژن، بەڵکو دەبێت ئەو ئەرکانەی لە کۆندا تەنیا لەسەر شانی ژن بوون، ئێستا بتوانێت لەگەڵ پیاودا دابەشی بکات، بۆئەوەی وەک دوو مرۆڤ لە ئەرک و مافدا یەکسان بن، چ لەنێو ماڵ یان دەرەوەی ماڵدا.