تەوەرێک بۆ لێدوان

وەڵامی بەشێک لە پرسیارە پەنگخواردووەکان

10:50 - 2024-09-18
جەمال ئارێز
51 خوێندراوەتەوە

پێموابێت بەخوێندنەوەی دۆخی هەنووکەیی هەرێم، کاتێتی بپرسن کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی تائێستا بێدەنگ بووە، دەشێت هێشتاش کەسانێک مابن بە تێفکرینی خۆیان نەگەیشتبنە وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە بێدەنگیی پێشوو و راشکاویی ئێستا لە وەڵامدانەوەی یەک بەیەکی گرفتەکاندا، ئەگەرچی بە درەنگیشەوە بێت. 

لە یەکەم کابینەوە یەکێتی دەیویست لەسەر ئەوەی سەرۆک و سکرتێری هەردوو حزبی حوکمڕان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت بکەن، تا لە دەرەوەی حکومەتەوە حزب باڵادەست نەبێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر پێیانوابوو سەرۆکی ئەوان زۆر لەوە گەورەترە ببێتە سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆک وەزیران

دیارە گلەیی لەو کەسانە ناکرێت و ئازادیشن وەک شرۆڤەکاری سیاسی قسە بکەن و رەخنەی جدیی و جەوهەرییان لە ئەدای رابردووی یەکێتی هەبێت و گەرەکیانە یەکێتی خۆی یەکلایی بکاتەوە و خاڵ بخاتە سەر پیتەکان و هۆکارەکانی بێدەنگیی ماوەی رابردووی بزانن، بۆیە ئەو تەرزە لە هاووڵاتیان رەخنە و سەرنج و تێبینییەکانیان جێگای رێزە و دەیانەوێت هاووڵاتیان هۆشیار بکەنەوە و بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیانیان ئاشنا بکەن، بەڵکو هەر خۆی ئەرکی کادرانی دەربەستی حزبیی یەکێتی و سەرکردایەتییەکەشییەتی چیتر باز بەسەر ئەو هەڵە و کەموکورتییانەدا نەدەن و چاو لە لاریی و لەوێری و گەندەڵیی هیچ ئەندام و لێپرسراوێک نەپۆشن، لەبەر رەچاوکردنی پۆست و پلە و مەقامەکەی، چونکە یەکێتییەکی دڵخوازی خەڵک، بە دەستەبژێرێک لە کادر و سەرکردەی هۆشیاری دەربەست و خۆنەویست و خزمەتگوزار بەهێز دەبێت و گەشە دەکات، نەک بە تێکەڵەیەکی زۆر و بۆر کە کادر و ئەندامە دڵسۆز و بە هەڵوێستەکان لەدواوە بن و هەلپەرست و خۆڕەپێشکەر و سەنگەربازەکان بەری رەنجیان بخۆن و دواجار حزبەکە و ئەدا جەماوەرییەکەی بەرەو داهێزران ببەن.

مخابن بەدەر لەو دەستەبژێرە رەخنەگرە جدییە، ئێستا دەنگ و رەنگێکی زۆر پەیدابوون کە گڕوگاڵی دیموکراسی «بە جنێودان و رەخنەی بێ بنەما و هەڵبەستنی تۆمەت و بوختانی ناڕەوا بۆ یەکێتی» فێربوون و دڵنیان لەوەی کە سەرۆک و سەرکردەکانی یەکێتی چ وەک حزب و چ وەک دامودەزگا ئیدارییەکانیش وەک رێبواری رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال، ئازادیی وتن و نووسین و رادەربڕین بە هەموو شێوەکانییەوە بە مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو هاووڵاتییەک دەزانن. دەنا رەخنەی یەکێتی و ئەندامەکانی لەوانە، تەنها ئەوەیە دەبێت لە خەمی ناو و ناوبانگی خۆیاندا بن، چونکە ئەگەر کار وابڕوات، رۆژێک دێت کەس گوێ بۆ قسە و راپۆرت و هەواڵ و مانشێتە راستەکانیشیان ناگرێت و بەتەواوەتی میسداقییەت لەدەست دەدەن!
ئێستا بۆ ئەوانەی تێنەگەیشتوون و هەمیشە ئەو پرسیارە دەکەنەوە، بۆچی یەکێتی چەند وەختە بێدەنگە لەوانەی کە ئێستا لە میدیاکانییەوە ئاشکرایان دەکات سەبارەت بە چەوتییەکانی حوکمڕانی و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە، بۆ ئەوەش دەبێت لە دۆخی هەنووکەییەوە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکەیان چنگ بکەوێت و لە بەشێکی تێبگەن. خۆ ئەگەر لەبەر هەر ئیعتیباراتێک نایانەوێت تێبگەن، ئەوا ئەرکی ئێمەمانانە هەر کەسە و لە شوێنی خۆمانەوە بۆیان روون بکەینەوە. 
دیارە کەسانێکیش هەن هەر لە بنەڕەتەوە بڕیاریانداوە تێنەگەن، ئەوە خۆیان بڕیاری کۆتاییان داوە و پێویستیان بە روونکردنەوە و بەرچاوڕوونی نییە و خۆیان دەیانەوێت هەموو تابلۆکە بەڕەشی ببینن.

هەڵدانەوەی قەتماغەکە، بۆ پەند وەرگرتن
ئەگەرچی هەڵدانەوەی قەتماغەی برینی ململانێکان و شەڕی ناوخۆ گونجاو نییە، بەڵام دیارە برینەکانیش کە هەو دەکەن، بۆ تیمارکردن و پاککردنەوەیان پێویستیان بە کولاندنەوە هەیە، ئەگەرنا هەوکردنەکە سەر بۆ کارەسات دەکێشێت، بۆیە جێی خۆیەتی قۆناغ بە قۆناغ باسی بکەین و بەراوردێکی ژیرانەی رابردوو و ئێستا بکەین.  

حوکمڕانیی رەشید و تەکنۆکرات
هەر لەدوای راپەڕین و حوکمڕانیی بەرەی کوردستانییەوە ی.ن.ک لە بڕوای تەواوییەوە بە بوونی لەشکرێکی نیزامیی بە دیسپلین، یەکەم کولییەی عەسکەریی کردەوە و لەگەڵ دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکومەتیشدا کولییەکەی کردە دیاریی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
لە یەکەم کابینەوە یەکێتی پێیوابوو دەبێت وەک وڵاتانی پێشکەوتوو لەجیاتی حکومەتێک کە حزب لە دەرەوە ئاراستەی بکات، دەبێت سەرۆک و سکرتێری هەردوو حزبی حوکمڕان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت بکەن، تا لە دەرەوەی حکومەتەوە حزب باڵادەست نەبێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر لە رێگەی هەندێک سەرکردە و کادری خوارەوە پێیانوابوو سەرۆکی ئەوان زۆر لەوە گەورەترە ببێتە سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆک وەزیران، ئەوەش بۆخۆی ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییەمان بۆ رووندەکاتەوە کە ئەو حزبە بۆ دامودەزگا شەرعییەکان هەیبووە.

زانکۆ، کارگەکان، کارەبا، نەوت   
ئەگەرچی بەناچاری و لەبەر دروستنەکردنی گرژیی لە سەرەتاوە یەکێتی ملی بۆ حکومەت و پەرلەمانێکی لەو جۆرە دا، بەڵام وەزیر و ئەندامانی پشکی خۆی لە کابینەی وزاری بە کەسانی تا رادەیەک تەکنۆکرات و مەدەنی پڕکردەوە. لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی هەرێمیشدا بە چەند مانگێکی کەم سەرەڕای چەندین گەمارۆی ئابووری، یەکەم هەنگاوی یەکێتی، باربۆکردن بوو بۆ دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانی ئەوەش لە سۆنگەی بڕوابوونییەوە بوو بە بواری پەروەردە و زانست و خوێندنی باڵا.
هەر لەو سەردەمەدا یەکەم هەنگاو نرا بۆ دروستکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و بەستنەوەی وزەی کارەبای دەربەندیخان بە دوکانەوە، خستنەوەگەڕی کارگەکان، لێدانی بیر و هەڵێنجانی نەوت و دروستکردنی پاڵاوگە کە هەرهەمووی بە توانای خۆماڵی کرا.

کاتێک یەکێتی قسەی کرد!
دۆخی 1992 – 1993 وەک ئێستا پڕبوو لە ململانێی خەفەکراو، یەکێتی و لەسەروو هەمووشیانەوە سەرۆک مام جەلال هەمیشە دەیانویست ململانێکان و رەخنەکانی یەکێتی نەکەوێتە ناو میدیا و خەڵکەوە و ئەوپەڕی هەوڵیان دەدا لە راڕەوەکانی سیاسەت یان لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکاندا یاخود بەناچاری لەژێر گومەزی پەرلەماندا چارەسەر بکرێت، بەتایبەتی بابەتی قۆرغکردنی پارەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل کە بەراورد بەم سەردەمە، وەک داهاتی بێسەروشوێنی نەوت وابوو، بەشێک لە رەخنەگرانی ئەوکات پێیانوابوو یەکێتی شەریکە، بۆیە بێدەنگە. ئەگەرچی بێدەنگ نەبوو، بەڵام لەڕووی میدیاییەوە قسەی لەسەر نەدەکرا تا نەبێتە هەنجەتی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، بەڵام رەخنەکانیش هێندە تینیان بۆ یەکێتی هێنا، بەناچاری هاتە دەنگ و راستییەکانی روونکردەوە، ئەو هاتنە دەنگەش جۆرێک ئاڵۆزانی دۆخەکەی بەشوێن خۆیدا هێنا، کە بردینییە بەردەم رێگای بێدەنگبوون یان شەڕی بەوەکالەت و دواتر شەڕی راستەوخۆی ناوخۆ.

وتارەکانی نوسەر