ستونی کراوە

سلێمانی و خەونی بچووكی هەندێك بەناو رۆشنبیر

11:35 - 2024-09-18
محەمەد كەریم
184 خوێندراوەتەوە

رەبی مووی لێ بێ زمانی پەنجەكانی هەڵوەرێ
هەر كەسێ گوڵشەن بەدەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ
حەمدی
هەر كاتێك دەبینم كەسانێكی خۆ بە رۆشنبیرزان و خۆ بە خوێندەوارزان دەكەونە داوی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە و جڵەوی عەقڵی خۆیان دەدەنە دەست رۆژنامەنووسێكی نەخوێندەوار یان بێژەرێكی سینەپیسی سەر بەدەزگایەكی بەدناو، بە دڵی كەناڵەكە و بەپێی بەرنامەی تەفرەقەئامێزی كەناڵەكە هەڵدەسوڕێن و خۆیان شین و مۆر دەكەنەوە و قسە دەكەن، قسەكانیان پەل دەكێشێت بۆ دژایەتی شارێكی وەكو سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری خەبات و ئازادی و یەكتر قبووڵكردن، پایتەختی رۆشنبیری، پەستی دامدەگرێت و تووشی دوو حاڵەت دەبم. حاڵەتی یەكەم: شەرم دەكەم و بەدەنم چین چین دەكەوێتە سەر عارەق، كە بەوانە دەگوترێت رۆشنبیر و خوێندەوار. حاڵەتی دووەم: كەلتوری بەعسم بیردەكەوێتەوە كە چۆن هەمیشە تەفرەقەی لە نێوان شارەكاندا دروست دەكرد و هەمیشە هەوڵەكانی لەبەردەم ئیرادەی گەلێكی خۆڕاگردا شكستی دەهێنا.
ئاخر چۆن دەكرێت كەسێك خۆی بە رۆشنبیر یان خوێندەوار بزانێت، هەتا ئەو ئاستە دابەزێت تەفرەقە لە نێوان شارەكاندا دروست بكات؟ ئاخر چۆن شەرم ناكەن باسی فیكر و بیرمەندانی بواری فكریش بكەن و خەونەكانتان ئەوەندە بچووك بێت و بیركردنەوەتان ئەوەندە ئاست نزم بێت؟
 هۆشی مینە دەڵێت: «شەو كاتێك سەر دەخەمە سەر سەرین بیرم دەكەوێتەوە ڤێتنام دوو بەشە خەو لە چاوانم دەتۆرێت» كەچی هەندێك لە بەناو رۆشنبیر و خوێندەوارەكانی لای ئێمە خەونەكانیان ئەوەندە بچووكە لە سنووری شارێكدا جێی دەبێتەوە، یان خەریكی ئەوەن هێرش بكەنە سەر شارێك و تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنن. پێیان وایە بینەر و خوێنەری كورد ئەوەندە كاڵفامە بە قسەی بریقەداری ئەوان هەڵدەخەڵەتێ و باوەڕ بە قسەكانیان دەكات. نازانن خەڵك زۆر لەوان هۆشیار ترە و دەزانێت ئەوان بەدەست بێژەرێك یان رۆژنامەنووسێكەوە لە یارییەك زیاتر نین و بۆ بەرنامەیەكی گوماناوی سەمایان پێدەكات. كە ئەو رۆژنامەنووس و بێژەرەش كۆیلەی ئەو كەناڵەن و بۆ پارە سەما دەكەن. ئەم وتەیەی كانتیش پێشكەشە بەو پارە پەرستانە: (زۆر پێویست ناكات بە بەختەوەری بژیت، بەڵام زۆر پێویستە بە شەرەفەوە بژیت).

وتارەکانی نوسەر