رۆژێک بۆ ژنانی ئەنفال

10:02 - 2024-09-22
نەرمین عوسمان محەمەد
120 خوێندراوەتەوە

لەو رۆژەوە کە رافائیل لیمکین پێناسەی تێرمی کۆمەڵکوژیی کردووە لە ساڵی 1944دا، لەنێو رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا دانراوە، کورد هەرگیز بێبەش نەبووە لەو کۆمەڵکوژییانە، هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان قوربانیی کۆمەڵکوژی بووە، هەر جارەو بەناوێکەوە، بەڵام هەر ماوەیە و هەستاوەتەوە و بەرەنگاری لەناوبردنی بۆتەوە. یەکێک لەو غەدر و کۆمەڵکوژییانە کە لە مێژووی نوێی کوردا روویدا کۆمەڵکوژیی بەدناوی (ئەنفال) ە کە هەرچەندی لەسەر بگوترێت و بنووسرێت هێشتا هەر کەمە و مافی خۆی پێنادرێت. بێگومان وەک هەموو هەوڵی قەڵاچۆکردن و لەناوبردنێکیش قوربانیی و زەرەرمەندی یەکەمی ئەنفالە بەدناوەکە ژن بووە کە ئازار و بەرکەوتنی ژنانی ئێمە هیچی لە ئازار و بەرکەوتن و قوربانیدانی ژنانی ئەرمەنی لە کۆمەڵکوژیی ئەرمنیەکانی ساڵی 1915 و ژنانی ژاپۆن لە کۆمەڵکوژی نانکینجدا لە ساڵی 1937 دا کەمتر نییە. بەڵێ تا ئێستاش دیوارەکانی نوگرە سەلمان شایەتی ئەشکەنجە و قریشکەکانی کەنیشکە گەرمیانیەکانمانن و هەموو ژمارەی ئێڤاکان کە لە جێگاومەنزڵی خۆیان هەڵیانکەندن هێشتا لە مێشکیاندا هەڵکۆڵراون و تائێساش دەنگی تایەی ئەو ئێڤایانە لە گوێیاندا دەزرنگێتەوە و ئەو دایکانەش کە ماون و کەنیشکە گەنجەکانیان لێ رفاندوون و کوڕەکانیان لێ جیاکردوونەتەوە هێشتا شەوانە بە دەم گریانەوە جێگایان بۆ رادەخەن. جۆرێکی دیکەش لە کەنیشکە گەرمیانییە مەزڵومەکانمان ئەوانەن کە خوشک و جمکەکانیان لە دەست داوە و تا ئێستاش لە کاتی لە دایکبوونیاندا یادیان دەکەنەوە، یادێک جەرگی بینەر و بیسەر دەبڕێت کە وێنەو وشەکانی یادەکە دەبیستێت.
دەکرێت لە هەموو چیرۆکەکانیش مەزنتر و کاریگەرتر چیرۆکی پورە نێرگز بێت ئەو خانمەی بەبێ هیچ خوێندەواریی و خوێندنێک توانی ببێتە سیمبولێکی جوانی ئازایەتی ژنی کورد و هێمایەکی سەربەرزی ئەنفال و گەرمیان، مێژوو لە ئاستی خۆڕاگرییەکەیدا سەر دادەنەوێنێت.
دڵنیام ئەم چیرۆکانە رێژەیەکی کەمن و زۆر کورتن لە چیرۆکی پڕ ئازار و نەبەردیی خانمە ئەنفال کراوەکانی کورد، لەوانەیە لێرەدا یەکێک بپرسێت ئەی دوای ئەم چیرۆکانە چی دێت؟ یاخود چی بکەین بۆ ئەم چیرۆکانە و خاوەنەکانیان، هەربیڵێین و بیڵێینەوە و بیانلاوێنینەوە؟
لە وەڵامدا دەڵێم: نەخێر کارەساتە گەورەگانی مێژووی هەر نەتەوەیەک بەتەنها بە تۆمارکردن و یادە پڕ لاوانەوە و شیوەنەکان رێزیان لێ ناگیرێت، بەڵکو پێویستە وەکو چۆن هەموو جیهان رێزی لە ئەنتۆنیا زابینسکای پاڵەوانی هۆڵۆکۆست و فیلمی (هاوسەری پاسەوانی باخچەکە) گرت ئێمەش بە هەمانشێوە بیر لە شێوازێک بکەینەوە کە ژنانی ئەنفالکراومانی پێبکەینە پاڵەوان و لەوەش گرنگتر و لە پێشتر، ئەوەیە هەوڵ بدەین لەنێوان رۆژانی یادکردنەوەی هێرشی رەشی کۆمەڵکوژیی ئەنفالدا رۆژێک ناوبنێین (رۆژێک بۆ ژنانی ئەنفال) کە تێیدا هەموو ژنانی کوردستان هاوبەشی یادی ژنە بێسەروشوێنەکانی ئەنفال بکەن، بە گوڵ و مۆم داگیرساندن و ساڵانە رێزلێنان بە ناوی یەکێک لەو ژنانەوە بکرێتە دیاریی بۆ کۆمەڵێک خانەوادەی ژنانی ئەنفال، وەک بەرز راگرتنێک بۆ گشت کەنیشکە ئەنفال کراوەکانمان، تا بە خانەوادەکانیان بڵێین ئەوان لە دڵ و دەروونی هەمووماندا زیندوون و لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی مافی ژنە گەرمیانییە ئەنفال کراوەکانمان نەفەوتێت.

وتارەکانی نوسەر