نەرمین عوسمان محەمەد
یەکێک لەو یادانەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بایەخی پێ دەدرێت و یاد دەکرێتەوە، بۆنەی 16 رۆژی تەرخانکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە لە 25 ی نۆڤەمبەرەوە کۆی رێکخراوەکانی ژنان خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت.
هەڵوەستەیەک بکەین
ئەمەی سەرەوە تا ئێرە رۆتینێکە ساڵانە بە دەستخۆشییەوە رێکخراوەکانی ژنان دەیکەن، بەڵام بە داخەوە زۆرجار هەر یەکسەر لەدوای ئەو بەروارەوە یان هەندێکجار روویداوە لە نێوەندی رۆژانی یادەکەدا رووداوێکی توندوتیژیی دژی ژنێک روودەدات، ئەمەش پەیامێکە وامانلێدەکات لەمساڵدا هەڵوەستەیەک بکەین و بەخۆمان بڵێین: ئەوە بۆچی لەمساڵدا لە پێش ئامادەکردنی رۆتینەکانی ساڵانەی یادکردنەوەکە چەند ئامادەکارییەکی جیاواز و پلانێکی تۆکمەتری مەیدانیی ئامادە بکەین، کە شایستەی ئەو هەموو خەباتە رێکخراوەیی و ماندووبوون و قوربانیدانەی ژنان بێت و ببێتە مایەی رێگریکردن لە بەردەوامیی توندوتیژییەکانی دژی ژنان و بنبڕکردنی هەندێک لە دیاردە زەقەکان؟
پلانێکی تۆکمەتری مەیدانیی ئامادە بکەین، کە شایستەی ئەو هەموو خەباتە رێکخراوەیی و ماندووبوون و قوربانیدانەی ژنان بێت
هەندێک هەنگاوی سەرەتایی
دەکرێت بڵێین: هەندێک هەنگاوی سەرەتایی هەن، دەکرێت لە پێش یادکردنەوەکەدا بنرێن، بۆ نموونە من لێرەدا و لە دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ سێ پێشنیار دەخەمەڕوو کە ئەوانیش بریتین لە ئامادەکردنی ئامارێکی مەیدانی لەلایەن رێکخراوەکانی ژنانەوە بۆ ساغکردنەوەی رێژەی راستەقینەی ژنی سووتاو بە مەبەستی جیاوازیکردن لەنێوان ئەو ژنانەی، خۆیان سووتاندووە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە سووتێنراون، ئەم دوو رێژەیە لەلایەن نەخۆشخانەکانەوە بە هەردوو جۆرەکە تێکەڵاو دەکرێت و لەژێر ناونیشانی سووتاوییدا لە ئامارەکاندا تۆمار دەکرێت، دەتوانرێت لەدوای ساغ کردنەوەکە لەمساڵدا یاسایەکی نوێ بۆ سزادانی ژن سووتاندن بە دیاریکراوی و لەژێر ئەو ناونیشانەدا دابڕێژرێت کە توندترین سزای تێدا دابنرێت بۆ ئەوانەی ژن دەسووتێنن و ئەوانەش کە دەبنە هاندەری ژنێک بۆ خۆ سووتاندن کە دوای لێکۆڵینەوە هاندانیان بۆ سووتاندنەکە دەسەلمێت، هەروەها دەکرێت پێداچوونەوەیەک بە یاساکانی کەفالەت کردن (بەرگیری کردن) دا بکرێت بەجۆرێک رێگریی لە ئازادبوونی ئەو کەسانە بکرێت کە توندوتیژیی بەرامبەر ژنان دەکەن و بە کەفالەت ئازاد دەکرێن، بە بەهانەی تاوانباری سووکەوە و دووبارە دەخرێنەوە نێو کۆمەڵگە.
هاوکات دەکرێت داوا لە وەزارەتی پەروەردە بکرێت لە بەرنامەکانی خوێندنی بۆ ساڵانی داهاتوودا بابەتەکانی رێگریی لە توندوتیژیی و بەرگریکردن و سزا یاساییەکانی توندوتیژیی دابنرێن، ئەمانە چەند پێشنیارێکی سانان کە لە پێش ئامادەکارییەکانی ئەمساڵەوە بەخێرایی و پێش یادەکە و خۆسازکردن بۆی پێمخۆشبوو بیانخەمە بەردەم هەموو لایەک، دەکرێت زۆر لەوە زیاتریش هەنگاو بنێین ئەگەر پێداچوونەوەیەک بە ئامادەکارییەکانی ساڵانی پێشوو و ئاکامەکانیدا بکەینەوە، لەپێناو بەرەنگارییەکی فیعلی و بەهێز بۆ چەمکی توندوتیژیی دژی ژنان لەمساڵدا.