دیاردە دزێوەکان

لە یەکتر زویربوونی دیجیتاڵی

09:41 - 2024-09-24
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
94 خوێندراوەتەوە

- 25 -

لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا زۆرجار خزم و دۆست، لەپاڵ پەیوەندی بەهێزیشیاندا هەندێکجار ساردی و ناکۆکی کەوتۆتە نێوانیان، بە هەر هۆکارێک بووبێت و پاش بەینێک ریش سپی و خێرخوا کەوتوونەتە نێوانەوە و ئاشتیان کردوونەتەوە، یان هەر خۆیان لە بۆنە و جەژنێکدا ئاشتبوونەتەوە و هیچ لە نێوانیاندا نەماوە و پەیوەندییان لە جاران گەرموگوڕتر بووەتەوە. 
لەم چەرخ و زەمانی سۆشیال میدیایەدا، کە خەڵکی لای ئێمە بە زۆریی سەرقاڵی فەیسبووک و بەزمە دیجیتاڵییەکانی ترن، زویری و دڵ ئێشان و گلەیی و بناشتی سەردەمی جیهانگیریی هەیە. تۆ بەچیدا دەزانی دۆستەکەت یان خزمەکەت لووتی لێکردویت و لێت زویرە، بەوەی کە شتێک دادەبەزێنیت، یان پۆستێک دەکەیت، تەماشا دەکەیت نە لایکت دەکات و نە کۆمێنتیشت بۆ دەنووسێت و لە دڵی خۆتدا دەڵێی دەبێ هۆکار چیبێت کە ئەم دۆستەم، یان بە قەولی خۆیان ئەم فرێندەم هیچ کاردانەوەیەکی نییە و کەچی کاتێ دەیشیبینیت بەشێوەیەکی ئاسایی سڵاوت لێدەکات و خۆیشی ناباتە بارێک کە لێت زویرە؟ ئەمە تومەز تۆڵەی ئەوەت لێدەکاتەوە کە تۆ بۆ پۆستێکی ئەو کاردانەوەی لایک و کۆمێنتت نەبووە و دیارە لەم حاڵەتەدا مەسەلەکە وەک پەندی (شین و شایی دەستەوایی) لێهاتووە. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام نائاسایی لەوەدایە ئەگەر دڵ ئێشانە کۆمەڵایەتییەکە قووڵ بووەوە، ئەوە دوولای لە یەکتر زویر بە تەواوی یەکتر دەسڕنەوە یان بەپێی زاراوە دیجیتاڵییەکە یەکتر بلۆک دەکەن و هیچ بۆنەیەکی جەژن و تێکەوتنی دەم سپییان بە یەکتریان ناگەیەنێتەوە.
زۆر هەن لەم سەکۆ دیجیتاڵییەوە جەنگی مەغڵوبە لە دژی یەکتر رادەگەیەنن و شەڕە گەڕەکی جارانی شارەکان و شەڕە کوتەکی ناو ئاوایی تێدەپەڕێنن و سەرباری بوونی جۆرە یاسا و رێسایەکی مامەڵەی ئەلیکترۆنی و سزادان لە سەری، بەڵام هەر پێشێل دەکرێت و لەگەڵ خۆیدا دەردی نوێی کۆمەڵایەتیشی هێناوەتە ئاراوە.
ئێستا وا کەوتۆتەوە شەڕ و دوژمنکاریی سۆشیال میدیا نەک هەر بواری کۆمەڵایەتی، بەڵکو سیاسی و بوارەکانی تریشی بە شێوەیەکی قێزەون گرتۆتەوە و بووە بە خۆرەی مێشک و دەروون و چالاکییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و لە پاڵ باشییە زۆرەکانیشیدا ئەگەر بە رێکی و وریایی و زانستی بەکاری بهێنیت، بەڵام لایەنە نێگەتیڤەکانی بەکارهێنانی هێند زۆر بووە، خەریکە تەواوی بەهاکانمان لە گرێژەنە دەبات و تادێت قەیرانی مۆراڵ و ئاکاری زۆرترمان بۆ دروست دەکات و مرۆڤی سەردەم بەشێوەیەک لە قاڵب دەدات و دەگۆڕێت کە چیتر خۆی نەناسێتەوە. پرسیارە ترسناکەکە لەوەدایە کە ئاخۆ بۆ داهاتووی نزیک، نەک دوور، چی لە گۆڕێدایە و بەرەوکوێمان دەبات و ئاخۆ زیرەکی دەستکرد لە ئایندەی نزیکی مرۆڤدا بەرەو چ ئاقارێکمان دەبات و چۆن لەگەڵ خۆیدا لوولمان دەکات. ئاخۆ وەک بوونەوەرێکی هۆشمەند دەمێنینەوە یان هەموو توانا و ئیرادەیەکمان کۆنترۆڵ دەکات و بە یەکجاریی لەدەست دەردەچین و شتێکمان لێ نامێنێتەوە کە ناوی مرۆڤ بێت!.

وتارەکانی نوسەر