هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، گرنگە هەمووان بە وردی بیر لە داهاتووی خۆمان و وڵاتەمان بکەینەوە و تێبگەین لەو راستییەی کە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی تەنها خواستێک نییە، بەڵکو پێداویستییەکی هەنوکەیی ژیاریی و ستراتیژییە بۆ مانەوە و گەشەسەندنی هەرێمەکەمان.
بۆچی دەبێ رێڕەوەکە راستبکەینەوە؟
بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر، ئەوەی دەتوانێ خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان باشتر دابینبکات و کوالێتی ژیانی هاووڵاتیان بەرز بکاتەوە، حکومەتێکە کارا و شەفاف و هاوسەنگ نەک تاکڕەو و جیاکاریخواز.
بۆ پاراستنی مافەکان، ئەوەی پێوستمانە سیستمێکە دادپەروەر و یەکسان، مافی هەموو تاکەکان بپارێزێت و دەرفەتی یەکسان بڕەخسێنێ بۆ هەمووان نەک ئەو سیستمە تاکڕەهەندە کە ماف و ئازادییەکانی هەمووان لە سایەیدا خراوەتە ژێر پرسیار و هەڕەشەی لەناوچوونەوە.
بۆ گەشەپێدانی ئابووری، حوکمڕانییەکی باش، ئەوەیە خەڵک خۆی تیایدا خاوەن بڕیارە، ئەوەی دەتوانێ سەرمایەگوزاری کێش بکا و دەرفەتی کاری یەکسان لە بەردەم هەموواندا بخوڵقێنێت ئەم حکومەتە لاڕێکراوەی ئەمڕۆ نییە، حکومەتێکە رێڕەو راست و رۆشن.
بۆ پاراستنی ناسنامە، تەنها بە بەهێزکردنی دامەزراوەکان، دەتوانین ناسنامە و کەلتوری خۆمان بپارێزین و بیگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بۆ گەرەنتی کردنی سەقامگیری، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی، واتا هێنانە ئاراوەی حکومڕانی باش، ئەو حکومڕانییەی کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر و کەم دەکاتەوە و یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە جێگەی پەرتەوازەیی و ناوچەگەریتیی بەهێز دەکات.
ئەرکی ئێمە وەک تاک چییە؟
هۆشیاربوون، بە ئەزموون دەرکەوت کە هات و هاواری بێ پڕۆژە و هێزمەند، تەنها ئاوی کردۆتە ئاشی تاکڕەوی، ئیدی پێویستە زانیاری وەربگرین و ورد چاودێری رووداوەکان بکەین، پێویستە پشتیوانی بەرەی راستکردنەوەی رێرەوی حکومڕانی بکەین کە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان سەرمەشقییەتی.
راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی، تەنها ئەرکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە، ئەرکی هەموو تاکێکی هەرێمە، ئەگەر هەموومان پێکەوە کار بکەین، دەتوانین داهاتوویەکی گەشتر بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو بەدیبهێنین
بەشداریکردن، یەکتر بۆ بەشداریی کارا لە پرۆسەی هەڵبژاردن هانبدەین و پشتیوانیی لە هێزی پۆڵاینی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ی.ن.ک بکەین و نا بۆ تاکڕەوی و بەڵێ بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە بڵێینەوە.
گفتوگۆ، ئەرکی تاکبەتاکمانە بێینەوە سەرهەست و دوور لە حزبایەتی کوێرانە و نابەرپرسیارانە، پرسیار لە خۆمان و خەڵک بکەین و بکەوینەوە گفتوگۆ لەگەڵ خێزان و خانەوادە و کەسانی دەوروبەرمان و هۆشیاری بڵاوبکەینەوە.
پشتیوانی لە چاکسازی، کۆدەنگ پشتیوانی لە چاکسازی بکەین کە خۆی لە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیدا دەبینێتەوە و ببینە هێزی گوشار بۆ بێشوێنکردنی ئەو هێز و گروپانەی کار بۆ مانەوەی ئەم رەوشە دەکەن.
بەرپرسیارێتی، هەر یەکەمان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژوویی ئەم قۆناغ و دەرفەتە نوێیەی لەپێشمانەوەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگە و نیشتمانەکەمانی دەکەوێتە سەر شان، هەڵاتن لێی، هەڵاتنە لەژیانێکی باشتر و ئایندەیەکی گەشەکردوو.
گرنگی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە حکومەتدا، شەفافییەت و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، دەبێتە هۆی متمانەی زیاتری هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی گەندەڵی، لێپرسینەوە لە بەرپرسان دەبێتە هۆی باشترکردنی کارایی حکومەت، بۆ نموونە، دانانی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان کە قوباد تاڵەبانی ئەندازیار و جیبەجێکاریەتی دەتوانێت شەفافیەت زیاد بکات.
نموونەی وڵاتانی سەرکەوتوو، چەندین وڵات توانیویانە بە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنن، ئەزموونی وڵاتانی سکاندناڤیا لە بواری دیموکراسی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت سەرچاوەی ئیلهام بێت.
دەرەنجام، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی، تەنها ئەرکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە، ئەرکی هەموو تاکێکی هەرێمە، گەر هەموومان پێکەوە کار بکەین، دەتوانین داهاتوویەکی گەشتر بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو دروست بکەین، کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی کرداری بنێین، بکەوینەخۆ تیم و گروپی پشتیوانی تەنانەت دەرەوەی پیکهاتەی حزبی بۆ پێکەوە کارکردن لەو پێناوەدا دروست بکەین و هەرێمێک بونیاد بنێنەوە شایەنی خەونەکانی شەهیدان و قوربانیدانی گەلەکەمان بێت.