هەڵبژاردن و مێزی گفتوگۆ

10:13 - 2024-09-26
مەریوان مەسعود
163 خوێندراوەتەوە

خەباتی بەردەوامی یەکێتی بۆ ئەوە بووە تەرازووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان راست بكەنەوە و كێشەكانی حكومەتی هەرێم لەسەر مێزی دانوستانی بەغدا چارە بكرێت

 

هەر لە دوای پرۆسەی رزگاركردنی عیراق لە ساڵی 2003 و دروستكردنی مەجلیسی حوكم و دواتر هێنانەكایەی پەرلەمان و حكومەتی عیراق، هەمیشە سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روون بووە كە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، دەبێت لە بەغدا بێت و مێزی گفتوگۆی نێوان هەردوولا لە پایتەختی عیراق بێت، نەك لە پایتەختی وڵاتێكی تر.!
سەرۆك مام جەلال، وەك یەكەم كورد كە بوو بە سەرۆك كۆماری عیراق، هەمیشە هەوڵەكانی بۆ ئەوە بووە كە سیستمی فیدراڵی لە عیراق بەرقەرار بێت و ئەمەش بێگومان بە پشت بەستن بە دەستووری هەمیشەیی وڵات، كە سەركردایەتی كورد بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال رۆڵی گەورە و كاریگەرییان بینی لە داڕشتنیدا.
ئێستاش بە تایبەت لە دوای ساڵی 2014ەوە، جارێكی تر یەكێتی و سەركردایەتییەكەی هەمیشە خەباتیان بۆ ئەوە بووە كە مەسەلەی قووت و بژێوی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لەپێشەوەی هەموو شتێك بێت، بە تایبەت مەسەلەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئینجا كێشەكانی تریش، بۆ ئەمەش بەغدا هەڵبژاردە دروستەكەیە بە شێوەیەك كە مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی هەرێم پارێزراوبن.
جگە لەمەش لەم چەند ساڵەی دواییدا بەردەوام سەركردایەتی یەكێتی بەتایبەت خودی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، خەباتێكی بەردەوامی بۆ ئەوە بووە كە تەرازووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان راست بكەنەوە و پێیان وابووە كە پێویستە كێشەكانی حكومەتی هەرێم لەسەر مێزی دانوستانی بەغدا چارە بكرێت و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، نەك لەسەر هەندێك بنەمای نا لۆژیكی قووت و بژێوی خەڵك ریسك پێ بكەیت و بەرەو هەڵدێری بەریت.
بۆیە سیاسەتی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ روونە كە لە بەغدایە نەك لە پایتەختی وڵاتێكی دیكە و دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێكکەوتنی هەمیشەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم كێشەكانی دیكە بكرێت بە شێوەیەك مافی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت.

وتارەکانی نوسەر